پارتی رێکەوتننامەکان پێشێل دەکات

09:58 - 2022-11-20
عەتا تەها
394 خوێندراوەتەوە

هاووڵاتییان چەند دەیەیەکە گوێیان لە دوو دەستەواژەی ئاراستە جیاواز دەبێت، کە واتا و مانای زۆر دەبەخشن و قسەوباسی زۆر هەڵدەگرن، هاوکات پیادەکردن و پەیڕەوکردنی هەریەک لەو دوو وشەیە و وەرگێڕانی بۆ سیاسەت، ئەوا بێگومان رەنگدانەوەی لەسەرکۆی سیستمی سیاسی و کایەی حکومڕانی و کارگێڕی و تەنانەت کۆمەڵگەش دەبێت. 

ناوەڕۆوکی رێکەوتننامەی ستراتیژی خۆی لە چەندین مادە و بڕگەی جیاواز دەبینییەوە، ئامانج لێی حکومڕانییەکی هاوسەنگ و تەندروست بوو کە لە خزمەتی تەواوی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا بێت و ببێتە هەوێنی کۆتایهاتنی دوو ئیدارەیی

وەک دەزانین کە دوو حزب حکومڕانی هەرێم دەکەن، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە هەندێک حزبی دیکە بەشدارن لە پڕۆسەی حکومڕانی، بەڵام سەرەکیترین و کاریگەرترین هێزی حکومڕانی ناوچەکە یەکێتی و پارتییە.
ئەم دوو هێزە لەسەر ئاستی باڵا، لەساڵی2007 دەرەنجامی کۆمەڵێک ناکۆکی و ململانێی پێشووتری نێوانیان، دواجار بە نێوەندگیری وڵاتان رێکەوتنامەیەکیان واژۆکرد کە ناوی لێنرا رێکەوتنامەی ستراتیجی. 
ناوەڕوەکی رێکەوتننامەکە خۆی لە چەندین مادە و بڕگەی جیاواز دەبینییەوە، ئامانج لێی حکومڕانییەکی هاوسەنگ و تەندروست بوو کە لە خزمەتی تەواوی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا بێت و ببێتە هەوێنی کۆتایهاتنی دوو ئیدارەیی. بێگومان خودی رێکەوتنامەکە خاڵی زۆر باشی تێداجێکراوەتەوە، بەڵام پەند و گرەو لە جێبەجێکردنیدایە، خۆ ئەگەر وەک خۆی جێبەجێ بکرایە، ئەوا هیچ کۆسپێکی ئیداری و ناکۆکی سیاسی و ئاڵۆزی رووینەدەدا. 
ئاڵۆزی و ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی خۆی لە جێبەجێنەکردن و پابەندنەبوونی رێکەوتنامەکە دەبینێتەوە، هەڵبەت لە لایەن پارتییەوە، هەروەک دەوترێت چەپڵە بەدەستێک لێنادرێت کەواتە بۆ لێکچوواندنی ئەم هاوکێشەیە ئەو پەندە زۆر تەواوە، چونکە دەیان خاڵ و بڕگەی ناو رێکەوتننامەکە پێشێلکراوە لە دیارترینیان رێکنەخستنی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانە. 
جیاوازی لە کاری خزمەتگوزاری و پڕۆژەکانی وەبەرهێنان، داهات و دەیان جیاوازی تر کە لە هەمووی ناڕەواتر داڵدەدانی کەسانی لە یاسا هەڵاتووە، کە پێشتر داواکراو بوون لە لەلایەن دادگاوە.
 ئەمانە دوورە لە بەهاو رەوشتی سیاسی و حزبی، ئەوەی ماوەتەوە یەکێتییە کە پێویستە هەڵوەستەیەک لەسەر دۆخەکە بکات وەک کردویەتی و بەردەوامە. 
رەنگە شتێک نەمابێتەوە بەناوی رێکەوتننامەی ستراتیجییەوە، چونکە پیادەکردنی ئەو جۆرە لە سیاسەت و مامەڵەکردن چ لە کایەی حکومڕانی و چ لە کایەی سیاسی لەو جۆرە، دەرخەری ئەوەیە کە رێکەوتننامەکەی تاک لایەنە کۆتایپێهانەوە.
 بۆ پاراستنی هاوسەنگی و گرتنەبەری رێگای راست و دروست، باشترین کارێک ئەوەیە کە یەکێتی بیکات، پابەندکردنی پارتییە بە تەواوی رێکەوتننامەکەوە، یاخود پێداچوونەوە و هەڵوەشاندنەوەیەتی بە رەسمی و رێگریکردنە لە بەردەوامبوونی تاکڕەوی، ئەگەرنا پیادەکردنی ئەم شێوازە لە حکومڕانی و سیستمی سیاسی و بەردەوامبوون لەسەر ئەم ریتمە، ئەوا لاسەنگی و نادادپەروەری لە نێوان شارەکان زیاتر دروست دەکات لەوەی کە هەیە.

وتارەکانی نوسەر