كۆستێك، دەكرێ ببێتە هۆكاری تەبایی

10:35 - 2022-11-21
وتار
233 خوێندراوەتەوە

كاروان شێخ عوسمان

لە دوای رووداوە كارەساتبارەكەی گەڕەكی كازیوەی شاری سلێمانی، كە تێیدا ژمارەیەكی زۆر هاووڵاتی بوونە  قوربانی، ئەو هەڵمەتی بەدەنگەوەهاتنەی لێقەوماوان و فریاكەوتنیان، كە گشت لایەنە سیاسی و حكومییەكان بە پەرۆشەوە وەك خەمێكی میللی لە ئەستۆیان گرت و لە یەكەم ساتەوە سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم و ئیدارەی سلێمانی، وێڕای دەربڕینی هاوخەمیی خۆیان، بەڵێنیاندا گشت هاوكارییەك پێشكەش بكەن بۆ فریاكەوتنی زیاتری ئەوانەی كەوتبوونە ژێر داروپەردووی خانووە رووخاوەكەوە و چارەسەركردنی بریندارەكان و لێكۆڵینەوە لە هۆكاری رووداوەكە و دەزگا پەیوەندیدارەكانی سنووری ئیدارەی سلێمانیشیان راسپارد كە هەموو هەوڵەكانیان بخەنەكار بۆ ئەو ئەركەیان.

لەلایەكی تریشەوە هاتنە سەر هێڵی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكومەتی هەرێم و وەزارەتە پەیوەندیدارەكان، پەرۆشی و خەمێكی میللی بەخشی بە رووداوەكە.
وێڕای نیشانە تراژیدییەكانی رووداوەكە، دەكرێت ئەو هاوخەمی و كۆدەنگییە جەماوەرییە، كە لە زاخۆوە تا گەرمیانی گرتەوە، ببێتە هەوێن و پاڵنەرێك لەپێناوی نزیكبوونەوەی زیاترمان بۆ تێپەڕاندنی ناكۆكی نێوان لایەنە سیاسییەكان كە كەسوكاری قوربانییەكان بە بەردەوامی تەئكیدیان لێدەكردەوە، وەك چۆن لە كارەساتی تەقینەوەكەی شوباتی 2004ی هەردوو بارەگای مەڵبەندی یەكێتی و لقی پارتی لە هەولێر، خوێنی تێكەڵی هەردوولا بووە هەوێنی وەلانانی كێشە لاوەكییەكان و گفتوگۆكانی رێكەوتنامەی واشنتۆنی خێراتر كرد و ئەو كۆستە كارەساتبارە بووە هاندانی چەسپاندنی تەبایی و كاركردنی پێكەوەیی.

وتارەکانی نوسەر