عەقڵییەتی نەبزۆک و هزری نەزۆک

09:55 - 2022-11-28
ئەرسەلان مەحمود
329 خوێندراوەتەوە

 ئـەم تاکڕەوییە ئیداری و سیاسییەی هەرێم بـە عەقـڵیەتی نەبزۆک و هزری نـەزۆکی لادەر، پاساو نادرێ، چونکە خودی کێشەکە لای خۆیانە وەک دروستکەر نەک نەبوونی چارەسەر، ئەگەرنا چۆن چارەسەری کۆتایی بێکاری دواجار تەنها کارکردنە، چارەی ئـەم دۆخەش دواجار تـەنها دیموکراتیزەکردنی سیستمە بە عەقڵییەتی حکومەتێکی نیشتمانیی دیسپلینکراوی دیموکراسی، نەک شەتەکـدراوی تـاکـڕەوی و ئەجێندای تایبەتی تەماوی.
تاریکترین قۆناغی حکومڕانی، ئەو کاتەیە هەژاری و نەداری و نەهامەتی بوون بە جێگرەوەی دیموکراسی لـە ئەدا و سەرکردایەتیکردن و بڕیـار و بەرێوەبردنی وڵاتدا کەوتوونەتە گیانەڵڵاوە. 
زۆر بەداخەوە دۆخی ئەمڕۆی هەرێم و خەڵکەکەی، تێکەوتەی ئەم قۆناغە تار و مارەن، لاوازی لە ئەدا و ئیدارەداندا، بێباکی لە قاڵ و قووڵکردنەوەی ناکۆکییە ناوخۆییەکان، بوون بە حاڵەتێکی دراماتیک و تراژیدی، کەچی لـە بـری خواردنەوەی پێکی ئـەو دەرمانە سەوزەی دەبێتە باشترین چارە لە بەڕێوەبردنی حکومەت، بە زوڕناژەنەکانییەوە باشترین ئەو دەوایەی کردۆتە ژەهرێکی کوشندە و بە ناوی ئیرادەی ئیدارییەوە دەرخواردی خەڵکی کوردستانی دەدات.
کاتێک (کۆنفۆشیۆس) بـەچیاکاندا دەگەڕا و لەگەڵ شاگردەکانی پیاسەی دەکرد، ژنێکی بەدیکرد بە کوڵ دەگریا، پرسیاری لێکرد خەمی چیتە؟ وتی: ئێمە خێزانێکی راوچیین باوکم  پڵنگ خواردی، مێردەکەم پڵنگ کوشتی، ترسم هەیە پڵنگ کوڕەکەم و خۆشم لەناوبەرێت، کۆنفۆشیۆس ـوتی: ئەی کەوایە بۆچی ناگوازنەوە خوارەوە و لە دۆڵەکە یان لەدەشتاییەکدا بژین؟ ژنەکە وتی: بەڵام گەورەم، لێرە هیچ کۆکەرەوەیەکی باج و خەراج نییە! 
کۆنـفـۆشیۆس روویکردە شاگردەکانی و وتی: ببینن حکومەتی خراپ چەند لە پڵنگ و دڕندەکان ترسێنەر و دڕندە ترە!
حیکمەتەکە لێرەدا هەر ئەوە نییە پڵنگێک یان دڕندەیەک بتخوا باشتربێ لـەوەی سیستمێک قوتت بدا و قووتت بخوات، بابـەتـەکە خراپ ئیدارەدان و خراپ ئاڕاستەکردنە، هۆکارەکە چەپاندن و چەوێڵکردنە، لە قـاوغدان و دەق پێگرتنێکە تاکڕەهەند. 
ئەم کابینەیەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەر بە تەواوەتی هەرچی جۆرە هاوسەنگییەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئیداری و ئابووری و بڕیاری نیشتمانی هەیە تێکیداوە، جێگەی داخە هەن هێشتا نایانەوێت ئەم راستیانە وەک خۆی وەک ئەوەی هـەن ببیستن و بسەلمێنن، بەڵام هۆکارەکە روونە، لە وەهمدا دەژین و بـەم نەبیستن و نەسەلماندنە نایانەوێت وەهمەکـانیان تێکبشکێت، بەڵام دەبێ بزانن ئەو درەختەی بیەوێت لووتی لە ئاسمان بدات، دەبێت رەگەکانی بنێرێتە دۆزەخ.
هەتا خەڵک راستەوخۆ گرنگی بە دەستەبەری بێ چەندوچۆن ماف و ئازادی و سەلامەتی ماڵ و موڵکی خۆیان نەدەن، ستەمکاران دەستکراوە دەمێننەوە و چۆنیان بوێ یا هەر جارەی بە ناوێک بە بیانوویەکەوە و بێپەروا ستەمیان لێدەکەن. هەرچۆنێ بێت دواجـار بەبێ دیـالـۆگ، دیـالـۆگی نیشتمانی، بەبێ رەخنە، رەخنەیەک یەکە پێکهێنەرە جڤاکی و ئیداری و سیاسییەکان نزیک بخاتەوە لە یەکتری، هیچ دامودەزگا و دامەزراوە و هیچ وڵاتێک ناتوانێت رزگاری بێ و سەرکەوێت.

وتارەکانی نوسەر