دیموکراسی لەبەردەم مەترسیدایە

10:39 - 2022-12-06
عەتا تەها
382 خوێندراوەتەوە

دیموکراسی پڕۆسەیەکە لە بنەڕەتەوە ئامانج لێی دەستاودەستکردنی دەسەڵاتە کە رەنگدانەوەی لەسەر دادپەروەریی و یەکسانی و ئازادی تاک و کۆمەڵگە هەیە. 
لەسەر وشەی دیموکراسی پێناسەی جیاواز و جۆراوجۆر هەیە، بەڵام لە سادەترین و کورترین پێناسەدا دیموکراسی بریتییە لە دەسەڵاتی گەل و پیادەکردنی ئەو دەسەڵاتەش لەلایەن نوێنەرە هەڵبژێردراوەکانی گەلەوە لە کایەی سیاسی و کارگێڕی و حوکمڕانیدا دەبینرێتەوە.
پوختەی باسەکەمان لەسەر کۆی سیستمی سیاسی و حوکمڕانیی هەرێمی کوردستان و دروشمی دیموکراسی و رەنگدانەوەیەتی لە واقیعدا، کە خۆی لە پاشەکشەی دیموکراسیدا دەبینێتەوە. 
دەیان هۆکاری زەق و زیندوو لەبەرچاون کە گرنگترینیان تێپەڕبوونی ماوەی یاسایی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستانە.
دەیان گازندە و رەخنە لەسەر ژمارە و ئاماری دەنگدەران هەیە کە باس لەوە دەکرێت تۆماری دەنگدەرانی کۆمیسۆنی هەڵبژاردنەکان دەنگی دووبارە و ناوی وەهمی و زیادە و تەنانەت ناوی کەسانی  بیانی یاخود مردووی تێدایە، لەگەڵ ئەوەشدا یاساکە پێویستی بە هەموارکردنەوەیە.
 هەموو ئەمانە چەند هۆکارێکن کە دەیسەلمێنن دیموکراسی لەبەردەم مەترسیی پاشەکشە و لەناوچووندایە. 
بۆ راستکردنەوە و  رۆح بەبەرداکردنەوەی دیموکراسی، پێویستە لە زووترین کاتدا کاربکرێت بۆ پاککردنەوەی تۆماری گشتی دەنگدەران بە هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکان بە جۆرێک کە جێگای رەزامەندنی تەواوی حزبەکانی هەرێمی کوردستان بێت، نەک تەنها خواست و ویستی حزبێک بکرێتە بنەما و پێوەر.
لەدوای پاککردنەوەی تۆماری گشتی دەنگدەران هەرچی زووە لە کەمترین کاتدا هەڵبژاردنێکی پاک بەڕێوەبچێت کە چاکسازی و پاکسازیش لەم پڕۆسەیەدا کرا، ئەوا رەنگە گۆڕانکاریی گەورە لە پڕۆسەی سیاسی هەرێم و ناوچەکەدا بێتە ئاراوە، چونکە چوار ساڵ کاتێکی گونجاوە بۆ چاودێریکردن و هەڵسەنگاندنی جومگەکانی دەسەڵات لەلایەن گەلەوە، بێگومان بە چوار ساڵ گۆڕانکاریی گەورە روودەدات چ لە ئاستی ناوخۆیی و چ لەسەر ئاستی دەرەوە.
بۆ ئەو مەبەستەش نموونەی زیندووی واقیعی هەرێمی کوردستان لەبەردەستە، هەڵکشان و داکشانی حزب و رێکخراوەکانمان بینیووە، بۆیە دەبێت هیچ حزبێک بە خۆشخەیاڵییەوە نەژی و وابزانێت بۆ هەمیشە حزبی یەکەم دەبێت، دوور نییە و بە ئەگەری زۆرەوە هەڵبژاردنی ئایندە گۆڕانکاریی گەورە رووبدات لە پێگە و قەبارەی حزبەکاندا، بەمەرجێک چاکسازی بکرێت لەو سێکتەرانەی کە ئاماژەمان پێدا، ئەگەرنا ئەوا دیموکراسی لەبەردەم پاشەکشەدایە.

یاسای هەڵبژاردن لە پەرلەمانی کوردستان پێویستیی بە هەموارکردنەوە هەیە

وتارەکانی نوسەر