88
ئه‌مڕۆ ده‌چێت خانه‌نشینییه‌كه‌ی وه‌رده‌گرێت. سه‌یری خۆی ده‌كات هیچی له‌بیرنه‌چووه؟ نا، ته‌واو. ده‌چێت پێڵاوه‌كانی له پێ ده‌كات و ده‌ڕوات. ژنه‌كه‌ی به‌ره‌و پیری دێت. توند باوه‌شی پێدا ده‌كات. نه‌شئه به رۆحی ده‌به‌خشێت: «گیانه‌كه‌م! ئاگات له خۆت بێت، به‌شێنه‌یی، با نه‌بیت به ژێر ده‌ست و پێوه، به‌خوا شتێكت لێ بێت من ده‌مرم!»، «یاخوا قه‌زات له من كه‌وێت، خه‌مت نه‌بێت.»
به‌ره‌و لای پاسه‌كان ده‌كه‌وێته‌ڕێ. دوای په‌نجاو پێنج ساڵ ژن و مێردایه‌تی، هێشتا به‌بێ فریشته‌كه‌ی ناتوانێت وێنای ژیان بكات، هه‌موو رۆژێ سه‌د جاران خۆی ده‌كات به قوربانی، دڵنیایه شتێكی لێ بێت، سوێی ده‌بێته‌وه و دیقی مه‌رگ ده‌كات. دوای ئه‌وه‌ی كوڕ و كچه‌كانیان باڵه‌فڕه ده‌بن، ده‌چنه ماڵ و حاڵی خۆیان. وه‌كو جووتێ كوكوختی به ته‌نیا ده‌مێننه‌وه. له ماڵێكی ئارام و نغرۆی عه‌شقدا به ئاسووده‌یی ده‌ژین. ئه‌گه‌رچی قۆناغی پیریی پڕه له ئازار و نه‌خۆشی، ئه‌ڵمان وته‌نی: «له دوای ته‌مه‌نی شه‌ست و پێنج ساڵییه‌وه، ئه‌گه‌ر به‌یانییه‌ك له خه‌و هه‌ڵسایت و جێگایه‌كت نه‌یه‌شا، ئه‌وا بزانه مردوویت.» ئه‌مما سه‌ره‌ڕای هه‌مووی ئه‌مانه هێشتا گوڕێكیان ماوه و له‌پێ نه‌كه‌وتوون، دڵنیایه ئه‌و عه‌شقه قووڵه به‌سه‌ر پێوه ده‌یانهێڵێته‌وه.»
كه‌مێك پشتی راست ده‌كاته‌وه، ئازارێك وه‌ك بروسكه له ته‌وقی سه‌رییه‌وه هه‌تا كه‌ڵه‌موستی پێی ده‌كشێت. هه‌ڵوێسته‌یه‌ك ده‌كات و ده‌كه‌وێته‌وه‌ڕێ.
پێنج شه‌ممه‌یه، له قۆناغی كۆتایی خانه‌ی مامۆستایانه، سالاری هاوڕێی داوای لێده‌كات له‌گه‌ڵی بچێت بۆ گونده‌كه‌یان و شه‌ممه پێكه‌وه بێنه‌وه. پرس به باوكی ده‌كات و له‌گه‌ڵی ده‌ڕوات. باوكی سالار كوێخای گونده‌كه‌یه. شه‌و مقۆ مقۆیه‌ك دروست ده‌بێت، هه‌ست ده‌كات شتێك هه‌یه، ده‌یانه‌وێ دیزه به ده‌رخۆنه‌ی بكه‌ن و له‌وی بشارنه‌وه. له‌پڕ ماڵه‌كه چۆڵ ده‌بێت، به‌ته‌نیا له دیوه‌خانه‌كه ده‌مێنێته‌وه. ته‌نانه‌ت سالاری هاوڕێشی ده‌ست ده‌داته تفه‌نگێك و ده‌رده‌په‌ڕێت. له‌وه زیاتر خۆی پێ ناگیرێت. به‌ره‌و لای مزگه‌وته‌كه ده‌ڕوات، سه‌یر ده‌كات هه‌رچی پیاوی گونده‌كه‌یه كۆبوونه‌ته‌وه، ده‌یانه‌وێت دادگایی كچێكی شانزه ساڵ بكه‌ن. كراوه به ژن و نازانێ كه‌تنكه‌ر كێیه، ئه‌گه‌ر بزانێ لێی ماره ده‌كه‌ن و ئاوبێنه و ده‌ست بشۆ، به‌ڵام كچه سوێند و قورئان ده‌خوات، نازانێ كێیه و روخساری نه‌دیوه. ئاخری بڕیار ده‌ده‌ن بیكوژن و له كۆڵ ژیانی بكه‌نه‌وه، چونكه كه‌س ئاماده نییه كچێكی ئه‌تككراو بخوازێت.
ده‌چێته ته‌نیشت سالاری هاوڕێیه‌وه، رێك ده‌وه‌ستێت: «جه‌ماعه‌ت به یارمه‌تی مام كوێخا من قسه‌یه‌كم هه‌یه.» هه‌موو سه‌ره‌كان وه‌رده‌سووڕێن و سه‌یری ده‌كه‌ن.
«من ئاماده‌م بیكه‌م به هاوسه‌ری خۆم، مامۆستا فه‌رموو لێم ماره بكه!»
كه سواری پاسه‌كه ده‌بێت، دوو دڵۆپ فرمێسك ده‌زێته چاوه ماندووه‌كانییه‌وه.