كوردی پۆلی شەشەمی بنەڕەتی و چەند سەرنجێك

10:46 - 2022-12-07
وتار
534 خوێندراوەتەوە

كتێبی رێزمان و خوێندنەوەی كوردی بۆ پۆلی شەشەمی بنەڕەتی، لەلایەن لیژنەیەك لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پڕۆگرام و چاپەمەنییەكانی سەر بە وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان چاپ كراوە و ساڵانەش وەك كتێبێك لەوانەكانی پۆلی شەش، دەخرێتە بەردەستی خوێندكاران، بەڵام پێویستە ئەو سەرنج و تێبینییانە بۆ چاپی ئایندەی لەبەرچاو بگیرێت و لێكۆڵینەوەی لەسەر بكرێت، چونكە بە بۆچوونی بەندە پێویستییان بەچاككردنە.

ئەوانیش بەوجۆرەن:
 لە بەشی رێزمان و لە بابەتی تەواوكەر، ئاماژە بە تەواوكەری بكەر و كار كراوە، بەڵام بەڕوونی دیاری نەكراوە كە تەواوكەری بكەر پێویستە بكەری رستەكە بە پیتی (ی) كۆتایی هاتبێت، تاكو قوتابی بتوانێت بە ئاسانی لەگەڵ تەواوكەری كار جیای بكاتەوە.
لە دەمەكانی كار و بەتایبەتیش كاری رانەبردوو، دەكرا باسی جیاوازی كاری رابردووی بەردەوام لەگەڵ كاری رانەبردوو بكرایە، چونكە كاری رابردووی بەردەوام بە پێشگری (دە ) دەستپێدەكات و كاری رانەبردووش هەر بە نیشانەی (دە) دەستپێدەكات، بۆ ئەوەش پێویست بوو ئاماژە بەوە بدرێت كە بۆ دروستكردنی كاری رانەبردوو، ئەو شێوازە بەكاردێت:
دە + رەگی كار + جێناوی لكاو 
وەك، دە + نووس + م ، دەبێت بە ( دەنووسم )، هەروەها رانەبردووی دیارو نادیار بەهیچ جۆرێك ئاماژەی پێنەكراوە، دەكرا بەجۆرێك لە جۆرەكان باس بكرایە، هەر لە بەشی رێزمان و لە بابەتی كاری تێنەپەڕ و تێپەڕدا، دەكرا لەپێناسەكەدا ئاماژە بەوە بكرایە، كاری تێنەپەڕ دەكرێ بە تێپەڕ بەهۆی پاشگری (اندن) وەك گرماندن، بەڵام كاری تێپەڕ ناتوانرێ بگۆڕدرێ بۆ تێنەپەڕ.
لە بابەتی جێناوی كەسی لكاو و لە كۆمەڵەی دوو، لەپێناسەكەدا ئەو هێمایە    هاتووە كە لەگەڵ كەسی سێیەمی تاك لە كۆمەڵەی دووەم لەگەڵ كاری رابردوو دەرناكەوێت، بەڵام ناوی هێماكە نەنووسراوە كە دەكرا بنووسرێ ( فای) یان مۆرفێمی سفر، یاخود كۆمەڵەی بەتاڵ.
لە بەشی دووەمیش، كە هۆنراوە و خوێندنەوەیە، چەند سەرنجێك دەبینرێت لەوانەش بابەتێك بە ناوی كۆمپیوتەر دانراوە، كە ئێستا ئەو جۆرە كۆمپیوتەر و بەشانە گۆڕانكاری زۆریان تیاكراوە و ( لاپتۆپ) جێگەی هەمووی گرتۆتەوە، لەبەرئەوە واباشە ئەو بابەتە و نموونەكانی وەكو ئەو كە لە كتێبەكەدا هەن، بە گۆڕانكاری نوێوە چاپ بكرێنەوە، هەر لەبەشی خوێندنەوە ناوی چەندین بابەت هاتووە كە پێویستە داڕشتنی لەسەر بنووسرێت، بەڵام شێوازی نووسینی داڕشتن گۆڕاوە هەر وەكو زانای پەروەردەی دیاری ئینگلیز (بلاپسرێل) دەڵێ: دیاریكردنی بابەتی داڕشتن دەبێت بە حەزی خوێندكارەكان بێت و نابێت بە زۆر بابەتی داڕشتنیان پێبدرێت. كەوابوو پێویستی نەدەكرد ناوی هیچ بابەتێك بنووسرێ تاوەكو خوێندكار ناچار بكرێت، چەند دێڕێكی لەسەر بنووسێت. بەهەرحاڵ ئەو سەرنج و تێبینییانە لە پەرۆشییەوەیە بۆ كتێبەكە بەو هیوایەی شەن و كەو بكرێت و لایەنی پەیوەست لە وەزارەتی پەروەردە بەهەندیان وەربگرێت. 

وتارەکانی نوسەر