کردنەوەی گرێکوێرەکان لە عیراق

11:15 - 2022-12-07
وتار
350 خوێندراوەتەوە

بورهان رەمەزان 

لەدوای چوارەمین کۆنگرەی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، یەکێتی بە هێزێکی نوێ و سیاسەتێکی حەکیمانەوە، بە رابەرایەتی سەرۆک بافڵ هەم لە هەرێمی کوردستان هەمیش لە عیراق، هیوای بەخشییەوە بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و گەلانی عیراق، چونکە لە رابردوودا یەکێتی تاکە هیوای حزب و لایەنە سیاسییەکان و گەلانی عیراق بوو لەژێر چەتری یەکێتی بە رابەرایەتی سەرۆک مام جەلال. 
دوای کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلال، گەلانی عیراق بە جۆرێک بەرچاویان لێڵ بوو کە ئاسۆی روونیان نەدەدیت، بەڵام بەرپرسیارێتیی درێژەپێدەری رێبازەکەی، کەوتە ئەستۆی سەرۆک بافڵ، کە بە جۆرێک ئایندە و رێڕەوی سیاسی بەرەو ئایندەیەکی گەش بردەوە. 
کێشمەکێشەکانی عیراق بە جۆرێکە کە پێویستی بە سەرکردەیەکی کارێزماتیکی هەیە کە هەموان لەژێر چەترێک کۆبکاتەوە و نەهێڵێت درزەکان گەورە ببن، گرێ وێرەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ چارەسەر بکات، دواجار عیراقییەکان بەیار و نەیار خۆیان هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن.
سەرۆک بافڵ ئەم رێگا دروستەی هەڵبژاردووە کە ئەمە بۆ ئێمەی یەکێتی سەربەرزییە. 
دیدار و کۆبوونەوە سیاسییەکانی سەرۆک بافڵ لە بەغدا و هەرێم، دەرخەری ئەم کارێزماییەی سەرۆک بافڵە. 
دواجار بەرهەمی ئەم هەموو کۆبوونەوانە تەشکیلەی نوێی حکومەتی عیراقە کە زۆرێک گرەویان لەسەر ئەوە دەکرد کە عیراق بەرەو شەڕێکی تائیفی و خوێناوی دەڕوات، بەڵام خۆشبەختانە بەرهەمی ئەم ماندووبوونەی سەرۆک بافڵ بەفیڕۆ نەچوو، ئێستاش کە عیراق خاوەن حکومەتێکی نوێیە، هەوڵەکانی بەردەوامە تا لە گێژاوی گەندەڵی دەربازی ببێت. 
ئەمە جێگەی ئومێدی گەلانی عیراقە کە بەدەستی گەندەڵییەوە دەناڵێنن، گرێکوێرەکانی عیراق و هەرێم ئەوەندە ئاڵۆزن، کە پێویستیان بە چارەسەر کردن هەیە، وەک مادەی 140 و کێشەی بودجە کە لە ئەولەویەتی سیاسەتەکانی سەرۆک بافڵ دایە و بە جدی ئیشی لەسەر دەکات کە ئەمە خواستی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە بە ناوچە دابڕێنراوەکان و پارێزگاکانی تریشەوە. 
خەڵک لەم جۆرە سیاسەتە تاکڕەوی و پێداگرییەی حکومەتی هەرێم بێزار بووە و پێویستی بە خۆشگوزەرانی و خزمەت هەیە نەک خۆسەپێنی کە ئایندەیان بەرە و تونێلێکی نادیار و تاریک ببات.

کێشمەکێشەکانی عیراق بە جۆرێکە کە پێویستی بە سەرکردەیەک هەیە کە هەموان لەژێر چەترێک کۆبکاتەوە و نەهێڵێت درزەکان گەورە ببن

وتارەکانی نوسەر