کەلتور و ناسنامەی نەتەوەیی

09:21 - 2022-12-08
کەنار قاسم
616 خوێندراوەتەوە

جۆرێکی نوێ لە ململانێی کەلتوری رووبەڕووی جیهانی ئێمە دەبێتەوە، دوای دەستپێکردنی سەردەمی ئاسمانە کراوەکان و سەردەمی ئینتەرنێت و سەتەلایتەکان و دەرکەوتنی ئەوەی بە جیهانی دیجیتاڵ ناسراوە، هەموو شتێکی لە رێگەی شاشەیەکی بچووک یان گەورە لە مۆبایلی زیرەک و لاپتۆپ یان ئامێرێکی ترەوە خستۆتە بەردەستمان و بۆتە بەشێک لە پێداویستیەکانی  ژیانی رۆژانەمان. 
 ئێستا باس لە جیهانێکی هاوتەریب دەکرێت بە ناوی مێتاڤێرس(فەزای واقعیی مەجازی) کە هێشتا یاساکانی دیاری نەکراون، بەڵام زۆر بە زوویی ئەم جیهانەش دەبێتە یەکێک لە یەکەکان و پێداویستییەکانی ژیان، و نازانین مرۆڤایەتی لە ئایندەیەکی نزیکدا دەگاتە چ ئاستێک، هەروەها وڵاتان چۆن دەتوانن ناسنامەی کەلتوری و نەتەوەیی خۆیان بپارێزن لە جیهانێکدا فەزای دیجیتاڵی بەهێزترین و بەربڵاوترین کەلتورە؟
گەورەترین مەترسیی ئەوەیە کۆمەڵگەکانمان بەجێبهێڵین و کەلتوری نامۆ جێگەی بگرێتەوە و ناسنامەی رەسەنی خۆمان بیربچێتەوە ماوەی هەزاران ساڵە لەسەر ئەو خاکە دروستبووە کە لەسەری دەژین.
لە راستیدا وەرگرتنی کەلتورە نوێیەکان کە لە رووی زانستی و تەکنەلۆجیاوە نەک گرنگ و پێویستە، بەڵام بیرمان نەچێت کەلتورەکەمان و ناسنامەی رەسەنی ئێمە هەموو بناغەکانی سەرکەوتن و شارستانییەتیان تێدایە. رەنگە یەکێک لەوانەی خۆیان بە مۆدێرنیست دەزانن بپرسن، چ زیانێکی هەیە لە وەرگرتنی کەلتورە نوێیەکان کە لە رووی زانستی و تەکنەلۆجیاوە دەمانباتە ریزەکانی وڵاتانی پێشکەوتوو؟ پێویستە روونی بکەنەوە کۆمەڵگەکانی رۆژئاوا تا چەند بەدەست کێشەی دەروونی و ململانێی سایکۆلۆژییەوە دەناڵێنن لە ئەنجامی تێڕوانینێکی هەڵە سەبارەت بە ئازادییە کەسییەکان و تاکگەرایی و زۆر شت کە کۆمەڵگە رۆژهەڵاتییەکانمان دژیین.هەرچەند  پرسی دابڕانی کۆمەڵگەکان لە کەلتورە بیانییەکان مەحاڵە و هەمیشە ئەنجامی نەرێنی بەدوای خۆیدا دەهێنێت و ئەو کۆمەڵگەیانەی ئارەزووی بەهێزکردنی ناسنامەی کەلتوری و نەتەوەیی خۆیان دەکەن، ئەوانەن منداڵەکانیان لە مەترسییەکانی داگیرکردنی کەلتوری مسۆگەر دەکەن. ئەوەش لە رێگەی گرنگیدانەوە بە کەلتوری خۆیان، چ بەرجەستە بێت یان مەعنەوی، و بەستنەوەی ئەندامانی کۆمەڵگە بەو میراتەوە بۆ بەهێزکردنی ناسنامەی نەتەوەیی دەبێت. 
ئەرکی وەزارەتی رۆشنبیری پێشخستنی ناسنامەی نەتەوەیی و بڵاوکردنەوەی هۆشیارییەوە لەنێو ئەندامانی کۆمەڵگەی کوردیدا، بڵاوکردنەوەی هۆشیاری شوێنەواری لە رێگەی پەروەردەوە لە قوتابخانە و زانکۆکان دەبێت، یان بە پاڵنانی قوتابخانە و زانکۆکان بۆ سەردانی ناوچە شوێنەوارییەکان و مۆزەخانەکان؟ یان لە رێگەی ئەو دەستپێشخەری و پێشبڕکێیانەی وەزارەتی رۆشنبیری و بەڕێوەبەرایەتیەکانی شوێنەوار  دەیکەن و گرنگیان لە بەهێزکردنی ناسنامەی نەتەوەییمان. 
پێویستمان بە پڕۆژەکانی ئاشکراکردن و تۆمارکردن و پاراستنی کەلەپورەکانە بە هەموو توانایەک، هاندانی ئەرکی زانستی هاوبەش لە نێوان دەزگا زانستییە بیانییەکان و لە نێوان دەسەڵاتی کەلەپور و شوێنەوار و زانکۆ و ناوەندەکانی توێژینەوە لە کوردستان. لە جیهاندا بەردەوام هەواڵی دۆزینەوەی شوێنەواریی گرنگ دەبیسترێت، یان تۆمارکردنی ناوچەیەکی شوێنەواریی نوێ لە لیستی کەلەپوری جیهانی جیهانیدا. ئەم هەواڵانە رۆڵێکی گەورەیان هەیە لە ئاگادارکردنەوەی  خۆمان و  جیهان ئێمەش خاوەنی میراتێکی دەوڵەمەندی شوێنەوارین و شوناسە نەتەوەییەکەمان لەسەر زەمینەیەکی تۆکمە وەستاوە، لە ئەنجامی کەڵەکەبوونی ئەزموون و کەلتورەکانمان بەدرێژایی هەزاران ساڵ لەسەر خاکی کوردستان. 

وتارەکانی نوسەر