تا ناکۆکی قورستر بێت، سەرکەوتن شکۆدارتر دەبێت

03:28 - 2022-12-11
ئەرسەلان مەحمود
308 خوێندراوەتەوە

ئەرسەلان مەحمود 
 عەقڵییەتی هەژموونگەر و پانخواز، بەتایبەتی لە ژیانی سیاسی و لە بوارەکانی سەرکردایەتیکردن و ئیداریدا، بە تەنها هەر گۆشەگیریی یان مڕومۆچی و چەتوونی و چاوچنۆکی نییە لە بەرامبەر ئـەوانی تردا، ئـەم عەقڵییەتە نەکڵۆکە جگە لەوەی هەرگیز ناتوانێت بەخشندە بێت، بەردەوام لەگەڵ سێبەر و ناواخنی خۆشیدا لە کێشە و ململانێ و جەنگێکدایە تاقەت پڕوکێن.
دیارە بەدرێژایی مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کورد، بێگومان هەر قۆناغە و بەفۆرمێک تا دەرکەوتنی فەخامەتی سەرۆک مام جەلال و سەرکەوتنی پڕۆژە سیاسییە نیشتمانییەکەی دەگات، خاڵی سەرەتانی جووڵانەوەکە ئەم عەقڵییەتە هەژموونگەر و پاوانخواز و تاکڕەهەند و تاکڕەوە بوو. ئێستا لە غیابی (مام)دا خـانـەی سەرەتـانی هەمان ئەو عەقڵییەتە دەیەوێت هەیمەنە و هەژموون بەدەستبهێنێتەوە، بەڵام ئەوەی بەمردوویی لەدایکبۆتەوە، خودی ئەم عەقڵییەتە خۆیەتی، ئایدیا و پڕۆژە سیاسییە نیشتمانییەکەی (مام) تا هەتایە زیندوو دەمێننەوە.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەرهەمی بڕیارە، نەک بارودۆخێک، ئەو حزب و عەقڵییەتەی بارودۆخێک هێناوێتییە ئاراوە، بای بارودۆخێکی تر دەیانبات، هەرگیز نەبوون و ناشبنە وەڵامدەرەوەی واقیع، چونکە زادە و بەرهەمی هەمان ئەو بارودۆخ و حەقیقەتە نوێیانە نین، مشەخۆری ناو دۆخ و واقیعە سەپێنراوەکەن.
ئەوەی نائومێدیی بەزاند، ئەوەی سەختترین و خوێناویترین شۆڕشی یەک پشوو سەرخست، ئەوەی بەرنامەی راپەڕینی گەڵاڵە کرد، ئەوەی جاڕیدا و سەریخست، بڕیارە وەڵامدەرەوەکانی یەکێتیی بوون، ئەوەی پەرلەمانی داهێنا و حکومـەتی دامـەزراند، ئـەوەی فیدراڵی پێشنیاز کـرد و چـەسپـانـدی، پێداگریی یەکێتیی بوو، تەنانەت ئەوەی شەڕی نەگریس و سەپێنراوی ناوخۆی بەئاشتەوایی نیشتمانی گۆڕی، بڕیار و راسپاردە ناوازە نیشتمانییەکەی یەکێتیی بـوو، یـەکێتیی کوردی گەیاندە لووتکەی دەوڵەتداری لە عیراقدا، یەکێتی پێگەی کوردی لە ناوچەکە و ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا گەیاندە ناو هاوکێشە سیاسییە هەرێمایەتی و جیهانییەکان.
هەوڵی سەپاندنی ئیرادە بەسەر یەکێتیدا، هەوڵێکە عاقیبەتەکەی دیارە بەتەجروبە بۆ کۆمەڵانی خەڵک دەرکەوت، گەمارۆدانی یەکێتی هـاوتایە بەگەمارۆدانی پێگەی کورد و بەرژوەندییەکانی خەڵک، یەکێتی پـڕۆژەیە، پڕۆژەی نیشتمانی، پڕۆژەی خەڵک، ئەو سەردەمە تێپەڕی نە خەڵک ئـەو بوارە بدا بەیەکێتی و نە سەرکردایەتییەکەی ئەم رێگەیە بەخۆی دەدات سازش بۆ عەقڵییەتی نەکڵۆک و تاکڕەو بکات، ئـەوەتا بوێرانە تر لە هەرکات، بەرەنگاربوونەوەی کێشە و ئاریشە زۆرەکانی هـەرێمی کـوردستانی لە ئیدارەدان و چۆنێتی سەرکردایەتیکردندا بەئاراستەی چارەسەرکردن کردۆتە دوا بژاردە و دوا وێستگەی بڕیار.
حزبی نیشتمـانی و سەرکـردایەتی رەسـەن و راستـەقینە، وەڵامدەرەوەی دۆخن نەک زادەی دۆخ، ئەوە شتێک نەماوە چیتر چاوەڕێ بکرێت، دەبێ ئیتر بەدەستبهێنرێت، دوودڵی و دواخستن دایـک و بـاوکی شکستن، خەڵکی کەوتوونەتە بەردەم دوو بژاردە؛ قبووڵکردنی ئـەوەی هەیـە، یان قبووڵکردن و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی بۆ گۆڕینی ئەوەی هەیە بەئێستا و ئایندەیەکی باشتر و شایستەتر، یەکێتی راشکاوانە رێبەرایەتی  لە گۆڕنانی عەقڵیەتی تاکڕەو و بنیاتنانەوەی ئێستا و ئایندەیەکی بـاشتر و شایستەتـر دەکات، هەتا ناکۆکییەکانیش قورستربن، سەرکەوتنەکان شکۆدارتردەبن. 
کاری سیاسیش واتە گرتنەبەری بەرپرسیارێتی، بەڵام ئەمە بەبێ هێز روونادات، هێز وەک ماسولکە و چەک و جبەخانە و جووڵەی سەربازی نا، وەک خزمەتکردن و درکپێکردن و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی بە مانای وشە.

وتارەکانی نوسەر