کارکردنی کابینەکەی سودانی بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی

10:47 - 2022-12-13
مستەفا محەمەد
286 خوێندراوەتەوە

گەندەڵی رێکخراو و پلاندار و خراپ پیادەکردنی دەسەڵات لەسەر حسابی موڵک و ماڵی گشتی لە عیراقدا هەموو پێشبینیەکانی تێپەڕاندووە و گەیشتۆتە ئاستێکی وا مەترسیدار کە هەر هەوڵێک هەبێت بۆ بنەبڕکردن و بچووککردنەوەی، یەک ریز بەربەستی قەبەی لەبەردەمدا هەڵدەتۆقێ و ئەستەمە بتوانرێت وا بەئاسانی بکەر و داڵدەدەرانی گەندەڵکاران رووبەڕووی سزا بکرێنەوە.
هەوڵەکانی ئەم دواییەی سەرۆک وەزیرانی عیراق بە ئاراستەی لێدان لە گەندەڵکاران و ئاشکراکردنی دزی لە رێگەی کۆمپانیای وەهمی و رێگریی لە سپیکردنەوە و حەواڵەکردنی پارە بۆ دەرەوەی وڵات، کارێکی باشە و جێگەی دەستخۆشییە،  بەوپێیەی گێڕانەوەی موڵک و ماڵی دەوڵەت بۆ خەزێنەی گشتی، ئەرکێکە لە پێشینەی کارەکانی کابینەکەی سودانییە، بەڵام هێشتا هەنگاوەکە لە سەرەتادایە و  پێویستی بە پشتیوانی سیاسی گەورە و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتییە، چونکە گەندەڵییەک بەو قەبارەیە ئیمکان نییە تەنها بە چەند فەرمانبەرێکی ئاسایی بکرێت، چونکە وێنەکە ناتەواو دەبێت، ئەگەر هەوڵ و هیممەتی لایەنەکانی لەپشتەوە نەبێت.
حەواڵەی پارە لە رێگەی بانکە لوبنانییەکە و دۆسێی پارە دزراواکەی بانکی رافیدەین، سەرەتای دەستبردنە بۆ کۆمەڵێک دۆسێی گەندەڵی هەستیارتر و گەوەتری هاوشێوە کە بە بەرنامە و بە بەرگێکی یاساییەوە کراون، بۆ نموونە ئێستا دەستەی نەزاهە کار لەسەر گرێبەستێکی نێوان وەزارەتی کارەبا و کۆمپانیاکانی بواری ئامێرە کارەباییەکان دەکات، کە تەنها بۆ هێنانی شەش  هەزار گڵۆپی لید و ئینارەی شەقام، بڕێکی خەیاڵی پارە بەهەدەر دراوە.
بەداخەوە لە کابینەکانی رابردووی عیراقدا، کورد وەک بەشدارێکی سیاسی لە حکومڕانیدا، لە رێگەی نەناردن و تەیارنەکردنی کەسانی شیاو بۆ پێگەی شیاو بەتایبەتی لە وەزارەتە سیادیی و خزمەتگوزارییەکاندا، بەشێک لەو گەندەڵییانەی لە بواری پارەسپیکردنەوە و بەکارهێنانی پۆست و بەرکەوتەی حکومی بۆ بەرژەوەندیی کەسی، بەرکەوتووە و لەم بوارەشدا هەن کە سزادراون و متمانەیان لێ وەرگیراوەتەوە و پۆستەکانیشیان لێ سەندراوەتەوە و رووبەڕووی دادگاش کراونەتەوە، بەڵام بەرگی پۆڵایینی سیاسی حزبەکان رێگربوون لەبەردەم دەسەڵاتی دادوەریی و سزادانیان.
کابینەکەی سودانی ئەگەر بیەوێت پێگەی خۆی لەناو شەقامی عیراقیدا بەهێزبکات و تەمەنەکەی درێژبێت، دەبێت بە ئیرادەیەکی پۆڵایینەوە پاڵپشت بە سەرنجی راستەڕێی لایەنە سیاسییە بەشداربووەکانی کابینەکەی، گوشارێکی فیعلی دوور لە موزایەدە و گێچەڵی سیاسی، بەزوویی دۆسێکانی گەندەڵی ئابوریی و بەهەدەردانی سامانی گشتی یەکلای بکاتەوە، بەتایبەتی کە ئێستا پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی ئامادەکراوە و بڕیاروایە حکومەت رەوانەی «نوێنەران»ی بکات، پێویستە ئاکار و تێڕوانینەکانی بۆ ئەو سێکتەرانەی گەندەڵییەکەیان تێداکراوە، روون و شەفاف بخاتە بەردەم دادگایەکی دادپەروەر و راستەقینە و بەکردەوەش دەست ببات بۆ چاکسازیی ریشەیی لە وەزارەت و سێکتەرە خزمەتگوزارییەکاندا و دەستی تاوانکاریی و گەندەڵی لە دامەزراوەکانی حکومەتدا بە بەهێزکردنی دەسەڵاتی دادوەریی، بنبڕ بکات.

وتارەکانی نوسەر