دۆستایەتی فەرەنسا بۆ کورد

10:35 - 2022-12-19
‎‎سۆزان حەمە تاتە
459 خوێندراوەتەوە

لەدوای ئامادەبوونی لە یاریی نێوان هەڵبژاردەی وڵاتەکەی و مەغریب، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا قسەی بۆ راگەیاندنەکان کرد و پەیامێکی دڵخۆشکەرانە و دۆستانەی بۆ گەلی کوردستان ناردەوە، کە دەکرێ بەهەند وەربگیرێت و کاری جدیشی لەسەر بکرێت.
سەرۆک ماکرۆن لە لێدوانەکەیدا وتی «هەر لە سەرەتاوە پاڵپشتیی گەلی کوردم کردووە، من دەمەوێت پاڵپشتی و هاودەنگی خۆم بۆ گەلی کورد دووپاتبکەمەوە لە تەواوی ناوچەکە و ئێمە هەمیشە زۆر پابەندبووین بە پاراستنی ئاسایش و سەلامەتی گەلەکەتان و دەمەوێت ئەو خاڵەش دووپات بکەمەوە، نەک تەنیا لێرە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی و هەفتەی داهاتووش دەچمە عەممان بۆ کۆنفرانسی دووەمی بەغدا، ئەو دۆخەش بە شێوەیەکی تایبەت باس دەکرێت.
فەرەنسا یەکێکە لە پێنج ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و مافی ڤیتۆی هەیە، لە ساڵانی سەردەمی شۆڕش و پێش راپەڕیندا، لە رێگەی دۆستایەتی و راگەیاندنەکانییەوە پشتیوانیی دۆزی رەوای کوردی دەکرد، لەکاتی راپەڕینی خەڵکی کوردستانیشدا لەسەر پێشنیازی فەرەنسا بوو کەوا ئەنجومەنەکەیان بڕیاری 688 ی بۆ پاراستنی خەڵکی راپەڕیوی هەرێمی کوردستان دەرکرد، کە ئەزموونی ئێستا، هۆکارێکی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە.
دۆستایەتی بەردەوامی فەرەنسا بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە، فرانسوا میتیران و دانیال میتیرانی هاوژینی کە بە دایکی کورد ناسراوە، لە سەروەختی خۆیاندا لە پشتیوانە هەر کاریگەرە نێودەوڵەتییەکانی کورد بوون، تا کۆتایی ژیانیان زۆر بەخششیان بەخشییە گەلی کوردستان.
سەردەمی سەرۆک ماکرۆن قۆناغی پەیوەندییەکانی کورد و فەرەنسا گەرموگوڕترن، کۆبوونەوە و پێشوازیکردنی لە بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان و پێشکەشکردنی هاوکارییەکانی بۆ هێزی پێشمەرگە لەکاتی شەڕکردن لە دژی داعش، دواترینیشیان دووپاتکردنەوەی پشتیوانیی وڵاتەکەی بوو بۆ گەلی کورد لە ناوجەرگە و دڵی وڵاتانی عەرەبییەوە کە راستییەکەی پەیامێکی زۆر گرنگ بوو.
پشتیوانیی فەرەنسا ئەگەر باش مامەڵەی لەگەڵ نەکرێت مەرج نییە بەردەوامیی هەبێت، بەتایبەتی فەرەنسا چاوی لەسەر فراوانکردنی سیستمی دیموکراسی و ئازادییەکان و مافی مرۆڤ و کایەی راگەیاندن و مافەکانی ژنان و پێکەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینیە، پاشەکشەکردن لە هەر یەکێک لەو چەمکانە کاریگەریی نەرێنی لەسەر هەڵوێستی فەرەنسا بەرامبەر گەلی کوردستان دەبێت، بۆیە لەگەڵ ئەوەی پەیامەکەی فەرەنسا لە قەتەرەوە گرنگە، لەهەمانکاتدا پێویستە لە ئاست چاوەڕوانییەکانی فەرەنساشدا بێت سەبارەت بەو چەمک و بوارانەی لە پێشەوە وتم بەلای فەرەنساوە گرنگن و چاوی لەسەریانە.

 دانیال میتران بە دایکی کورد ناودەبرا

 

 

وتارەکانی نوسەر