پڕۆژەی شەفافیەت چی دێنێتە کایەوە؟

09:25 - 2022-12-21
ئازاد جۆڵا
307 خوێندراوەتەوە

 لە چەند رۆژی رابردوو لەلایەن هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێم پڕۆژەی شەفافیەت راگەیەندرا، لە راستیدا ئەم پڕۆژەیە لەگەڵ ئەوەی زۆر درەنگە و سنوورداریشە، بەڵام دەتوانین بە یەکێک لە گرینگترین و پێویستترین پڕۆژە لە ئەمڕۆی هەرێمدا سەیری بکەین.
هەرچەندە راگەیاندنی ئەم پڕۆژەیە تەنها زۆنی سەوز لەخۆ دەگرێت و لەم زۆنەش تەنها بوارەکانی (نا نەوتی) دەگرێتەوە کە هەموو ئەمانە پرسیارگەلێکی زۆر دروست دەکات و هیوا و خەون و داوای رەوا و بەردەوامی هاووڵاتییان نیوەچڵ و نیوە مردوو دەکات کە ئاخۆ بۆچی ئەم پڕۆژەیە پڕۆژەیەکی گشتگیر نەبێ و هەموو هەرێم نەگرێتەوە؟ 
بۆچی تەنها داهاتی نا نەوتی بێت و نەوتیش نەگرێتەوە؟ 
بۆچی تەنها داهات بێ و خەرجیش لەخۆ نەگرێ؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە واقعی حکومڕانی هەرێم و جیاوازیی ناوچەیی و مێژووی زیندوو زرنگی هاووڵاتییانی زۆنی سەوز و بەرنامەی سیاسی و ئابوورییەکەی دەردەخا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەم پڕۆژەیە دەبێ وەک پڕۆژە و بڕیارێکی گرنگ و ستراتیژی و دەستکەوتێکی مەزنی بەڕێوەبردن و ئابووری سەیر بکرێ و پێشوازی لێبکرێ.
وەک دەڵێن بڕینی هەزاران میل، بە هەنگاوێک دەست پێدەکات، ئەگەر کەمێک بگەڕێینەوە دواوە هەر هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی بوو لە چوارچێوەی  بەرنامەی چاکسازی خۆی سەرپەرشتی و سەرۆکایەتی بەرنامەی بە ئەلیکترۆنیکردنی مووچەی کرد و زۆریش سەرکەوتوو بوو کە دواجار کۆمەڵێک دەستکەوتی گرنگ و دادپەروەرانەی بەدوای خۆیدا هێنا و بەسەدان و هەزاران دوو مووچە و سێ مووچە و زیاتری لە لیستی مانگانەی مووچە سڕییەوە، هەزاران بندیوار و مشەخۆری راچڵەکاند و هێنایە سەرتەختەی شانۆ و ئاشکرای کردن، هەزاران ناوی دووبارە و وەهمی دەرهێنا و  دیلەیتی کردن. 
هەموو ئەمانەش هەم هەق بوو هەم داوا و خواستی بەردەوامی هاووڵاتییان بوو کە ساڵانێکی زۆر ئەم نادادییە بەردەوامی هەبوو، بۆیە ئەم پڕۆژەی شەفافیەتەش پێویستە بە گرنگی و ئومێدێکی گەشەوە سەیر بکرێ و پێشوازی گەرمی لێ بکرێ، چونکە هەوڵێکە بە ئاڕاستەی گەڕانەوەی متمانە لە نێوان حکومەت و هاووڵاتی.  
گرنگە بۆ سەرەتای دامەزراندنی بناغەیەکی پتەو و بەهێز لە بونیادنان و دروستکردنی سیستمێکی دارایی و شەفافیەت لەداهاتدا.
 وەڵامێکی زوڵاڵە بۆ ئەو هەموو وتم وتی و موزایەدە و خۆدەرخستن و تۆمەت بەخشینەوەی کە رۆژانە لەسەر داهات و دارایی ئەم سنوورە دەمانبینی و گوێ بیستی دەبوین.  
گرنگە چونکە بە دڵنیایی ئەم پڕۆژە هەر بە شەفافیەت لە داهات ناوەستێ و خەرجیش دەگرێتەوە بەمەش دۆخی دارایی هەرێم بەرەو باشتر دەچێت و گەندەڵی و نادادیش کەمتر دەکاتەوە.
 گرنگە چونکە لە داهاتوودا دەبێتە گوشارێک بۆ بە دامەزراوەیی کردن و پەیڕەوکردنی شەفافیەت لە داهاتەکانی نەوتیش کە گرێ کوێرە و کێشە سەرەکییەکانی هەرێم لەوێدان . 
گرنگە بە ئاڕاستەی رەوینەوەی گومانەکان و داهاتی زیاتر و گەڕانەوەی خزمەتگوزاریی زیاتر و دەستپێکردنەوەی پڕۆژەکان و کەمکردنەوەی رێژەی بێکاری و ئارام بوونەوەی دڵ و دەروونەکان و پڕکردنەوەی گیرفانەکان و رووناککردنەوەی ماڵەکان و ئاشتەوایی خێزانەکان و کەم بوونەوەی کێشە کۆمەڵایەتییەکان .

وتارەکانی نوسەر