شەفافیەت و متمانە و رۆحیەتی چاکسازیی

09:47 - 2022-12-22
مستەفا محەمەد
412 خوێندراوەتەوە

شەفافیەت پایەیەکی پتەوی دەرفەتدانە بەهاووڵاتیان تا لە کایەی حکومڕانیدا بەشدارێکی کارابن، بەمانای سازاندنی کەشێکی لەبار و گونجاوە بۆ گەیاندنی زانیاری راست و دروست لە هەڕەمی دەسەڵاتەوە بۆ هاووڵاتی ئاسایی، بە ئامانجی جێگیرکردنی متمانە لە بەرنامە و ئەجێندای هەر حزبێک یا رێکخراوێکی سیاسی کە بۆ سەرپێخستنی دەسەڵاتی خۆی لە ئیدارەدانی حکومەتدا پێویستیەتی، بەوپێیەی هەمیشە وەک کاریگەرترین ئامراز رۆڵێکی میحوەریی دەگێڕێت لەبەردەم گەندەڵی جۆراوجۆر و بەتایبەتیش لەبواری  کارگێڕیی و داراییدا.

هۆکاری نەمانی متمانەی هاووڵاتی بە حکومەت
شاراوە نییە، بەدرێژایی تەمەنی حکومڕانی کوردیی یەکێک لەو هۆکارانەی وایکردووە متمانەی کابینەکانی حکومەت لای هاووڵاتی  روو لەکورتی و دابەزین بێت، بایەخ نەدان و بەها دانەنانی ئەوتۆ بووە بە شەفافیەت، ئەمەش وای کردووە ناڕوونی لە داهات و شاردنەوەی زانیارییەکان بابەتێک بێت هەمیشە جێی گومان بێت، دام و دەزگا تایبەمەندییەکانی ئەو بوارەش نەیانتوانیوە رۆڵی چاودێر ببینن و سنوورێک بۆ گەندەڵی دابنێن، هەربۆیە تەنانەت لەکاتی هەڵتۆقینی قەیرانەکانیشدا، داتاشینی بنەمای یاسایی و پیادەکردنی سستمی ئیداری داخراو و مەسەلەی ئەمنی قەومیش نەبوونەتە مایەی بیانو و  رەوایەتیدان بە شاردنەوەی داتا و زانیاریی و رێکەوتننامە نهێنییەکان! لێ هەمیشە وا وێنا کراوە کە تاک لەم هەرێمەدا تا ئەوکاتە بەشدارە لەبوونیادنانی کابینە و رەسمی حکومڕانی کە هەڵبژاردن بەئەنجام دەگات، ئیدی رۆڵەکەی لە دوای ئەو پڕۆسەیە دەپێچرێتەوە و تا چوار ساڵی تر لە ژوورە داخراوەکانەوە چارەنووسی قووت و ژیان و ئاییندەی خزمەتگوزاریی بۆ دیاری دەکرێت.
پڕۆژەی شەفافیەت
« پڕۆژەی شەفافیەت» کە هەنگاوە بوێرە بێ وێنە و دەستپێشخەرییە گرنگەکەی بەڕێز «قوباد تاڵەبانی»یە بۆ دەرخستنی تەواوی داهات و خەرجییەکانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی راپەڕین و گەرمیان، رێگە و دەرچەیەکی پڕ لە ئومێدە لەپێناوی گێڕانەوەی ئەو متمانە ونبووە و کۆتاییهێنان بە ناڕوونی دارایی و ئیجرائاتە کارگێڕییەکان بۆ کۆکردنەوەی داهات، هەروەها گەرەنتییەکی بێ چەند و چوونیشە لەواڵاکردنی دەروازەکانی بەدەستهێنانی زانیاریی نەک بۆ رۆژنامەنووسان و دامەزراوەکانی بواری شەفافیەت، بەڵکو بۆ هەر هاووڵاتیەک کە مەبەستی بێت  لە رێگەی وێبسایتی «شەفافییەت»ەوە لانی کەم لەو زۆنەی کە یەکێتی تیایدا فەرمانڕەوایە.
ئەم پێشڕەوەییەی ئەم کاراکتەرە کاریگەرەی یەکێتی وەک سەرۆکی تیمی حزبێکی رچەشکێن لە سنووریی قەڵەمڕەوێتی خۆیدا کە لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا خستیەڕوو، هەمدیس رێگە راستەکەیە بۆ بەهادارکردنی خزمەتی گشتی و دانانی سەنگ و پایە بۆ هاووڵاتیانی ئەم هەرێمە، هەروەک زەنگێکیشە بۆ لایەنەکانی تری ناو حکومەت کە ئیتر ئیمکان نییە رێگە بە ناڕوونی کۆکردنەوەی داهاتی سەروو ژێری ئەم وڵاتە لەهەر جێگە و پێگەیەکدا بدرێت! رەواش نییە چیتر بە سەفقەی گوماناویی ناهاوسەنگ گرێبەستی نیوسەدەیی  نەوت و غاز واژۆ بکرێت و دواتریش ئۆباڵەکەی بەشێکی بخزێنرێتە سەر شانی یەکێتی و باجەکەشی تاک بەتاکی ئەم هەرێمە بیدەن!

پڕۆژەکەی یەکێتی متمانە دەگێڕێتەوە
ئەم پڕۆژەیەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و تیمەکەی لە حکومەتدا جارێکی تر متمانە دەگێڕێتەوە بۆ تاک بە تاکی ئەم هەرێمە و رۆحییەتی چاکسازییش لە هەرێمی کوردستاندا دەبوژێنێتەوە، بێگومان نۆژەنکردنەوەی سەراپای سێکتەرە گرنگەکانیشی بەداوادا دێت، بەجۆرێک خەرجییەکانیش رێکدەخرێنەوە، ئەوسا وەک دەوترێت شتێک نییە دەسەڵاتدارانی ئەم زۆنە لێی بترسن و بیشارنەوە و بە کردەوەش داهاتی سلێمانی لە دەستێکی ئەمیندایە.

 

قوباد تاڵەبانی پڕۆژەی شەفافییەت رادەگەیەنێت

وتارەکانی نوسەر