‎سلێمانیی بێ تیرۆریست

09:48 - 2022-12-26
‎‎سۆزان حەمە تاتە
419 خوێندراوەتەوە

‎لە چەند هەفتەی رابردوودا، لە سنووری شاری سلێمانی چەندین باندی تیرۆریستی دەستگیركران، راستە جێگەی دەستخۆشی و خۆشحاڵییە، بەڵام ئاماژەن بۆ ئەوەش مەترسی و پیلان هەیە بۆ تێكدانی ئارامی شار و تێكدانی سەقامگیریی پایتەختی رۆشنبیری.
‎لە مێژووی خۆیدا، سلێمانی بەردەوام داهێنانی پێشكەش بە كوردستان و مرۆڤایەتی كردووە، هەر ئەمەیە وادەكات خەڵكی ناحەز و تیرۆریستان و ئەوانەی دژە مرۆڤایەتی و كوردن، چاویان بە سلێمانی هەڵنەیەت و بیانەوێ سیمای ناشیرین بكەن.
‎راستییەكی دیكەش هەیە، كە پەیوەندیی بە سستكردنی رۆڵی سلێمانیییەوە هەیە، بۆ ئەوەی كە داهێنان لە سلێمانی بوەستێنن، روونتریش بیانەوێ دڵگەورەیی شار بچووك بكەنەوە و بیكێشنە نێو شەڕێكەوە كە سروشتی خەڵكی سلێمانی دەمێكە دژیەتی.
‎سلێمانی دوژمنی زۆرە، لەبەرئەوەی داهێنانی زۆرە، چونكە سلێمانی دژی بیری كۆنەپەرستی و فاشیزمە، سلێمانی سەرقافڵەی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی خەڵكی كوردستانە.
‎بنیاتنانی سلێمانی هەر لە سەرەتاوە لەسەر فرەیی و پێكەوەژیان و رەنگ و دەنگی جیاواز بووە، پێكهاتەی شار جۆراوجۆر بووە، هەر بۆیە بەردەوام خاوەن بزووتنەوەی دەنگە ناڕازییەكان و سەرقافڵەی داكۆكیكردن لە ئازادی و پێكەوەیی بووە.
‎هێزی زۆری كۆنەپەرست و تیرۆریست، كاری زۆریان بۆ شێواندنی سلێمانی و تێكدانی سایكۆلۆژیەتی خەڵكەكەی كرد، نەك هەر نەیانتوانی بگرە مەرگی خۆشیان بینی.
‎چی بزووتنەوەی كوردستانی هەیە، كۆڵەكەیەكی پێكهێنانی لە شاری سلێمانی بووە، لە سلێمانییەوە مەشخەڵی شۆڕش و بانگی ئازادی لێدراوە، رژێمی بەعس بە هەموو هێزییەوە هەوڵیدا سلێمانی سەرکوت بکات، نەك هەر نەیتوانی بگرە لەوێشەوە جاڕی كۆتییهاتنی درا.
‎سلێمانی نابێتە ئامێزی گەشەی هیچ رەوتێكی تیرۆریستی، هەر ئەوەش نهێنی ئازادیخوازی و رەوتی ئازادیخوازانەی سلێمانییە، پێویستە كۆتایی بە خۆتاقیكردنەوە بەرامبەر سلێمانی بهێنرێت، سلێمانی شاری مەرگی ئەو هێزانەیە دژی ئازادین.

ئاساییشی سلێمانی بەردەوامە لە پاراستنی سەقامگیری و گیانی هاووڵاتییان

وتارەکانی نوسەر