کێبڕکێ و حەزی سەرکەوتن وەک چۆن لە تۆپی پێدا هەیە، لە ئابووریشدا هەیە

ئەو وانانەی لە تۆپی پێوە فێریان دەبین

10:18 - 2022-12-28
فەیسەڵ عەلی
298 خوێندراوەتەوە

بردنەوە لە تۆپی پێدا کارێکی ئاسان نییە، کاتێک تەواوی جیهان کێبڕکێی لەسەر دەکات. کێبڕکێ بۆ سەرکەوتن بەندە بە ئاستی یاریزانان، شارەزایی راهێنەران، ئاستی تیپە وەرزشییەکان، هەروەها ئاستی دەوڵەتان، جگە لە لایەنە کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسییەکان کە کاریگەریی بەرچاویان هەیە.
ئەم نوسینە باس لەو وانانە دەکات، کە یاری تۆپی پێ پێشکەشی بوارەکانی تری دەکات. لەم وانانەدا، تۆپی پێ هانی بوارەکانی تر دەدات تا هەوڵ بەرەو سەرکەوتن و دەستەبەرکردنی بەشداریی گەورەتر لە پێدراوە هەمەجۆرەکانی ژیاندا بدەن. جێی ئاماژە پێکردنە، پرسێک هەیە کە یاری تۆپی پێ لە بوارەکانی تر جیادەکاتەوە. ئەو پرسەش هەمەجۆریی سروشتی چالاکییەکانی ئەم یارییەیە. لەم یارییەدا فێربوون، پەروەردەکردن و راهێنان و توانادارکردن هەیە، تێێدا کار و رووبەڕووبوونەوە و کێبڕکی لەسەر پێشکەشکردنی ئەنجامی ناوازە لەسەر ئەرزی واقیع هەیە، هەروەها ئەدائی بەردەوامی بێ دابڕان هەیە، دەشێ هەندێک جار ئەنجامەکان پێچەوانە ببنەوە، بەڵام لە میانی ئەوەدا شارەزایی زیاتری سودبەخش بونیاد دەنرێت تا بۆ ناوازەیی و جیاکاریی بەردەوامی هەبێت.

کێبڕکێ و سەرکەوتن
دەشێ لە روانگەی پێداویستییەکانی تۆپی پێوە لە وانەکانی ئەم یارییە بڕوانین، چونکە ئەو پێداویستییانە لە بوارەکانیتریشدا هاوتایان هەیە، کە دەکرێ لێیانەوە سەرکەوتن مسۆگەر بکرێت، بەتایبەتی لە بواری کێبڕکێ و سەرکەوتن لە بوارە هەمەجۆرەکانی گەشەپێدان و بوارەکانی توانادارکردن لەم سەردەمەی تێیداین. شایانی ئاماژە پێکردنە، ئەو پێداویستییانەی لێرەدا باس دەکرێن، پێداویستیی لێکدابڕاو نین، بەڵکو پێداویستییەکن کە تەواوکەری یەکترین و یەکیتریش بەهێزتر دەکەن.
یەکەمین خواستی بواری تۆپی پێ، وەک زۆربەی بوارەکانیتر، تەمویلکردنی تیمی تۆپی پێیە، کە لێی دەخوازرێ کێبڕکێ بکات و سەرکەوتن بەدەست بهێنێت. لێرەدا تەمویل، خەرجیی بەکاربردن نییە کە هیچی لێوە بەدەست نەیەت، بەڵکو ئەو خەرجیی وەبەرهێنانەیە، کە دەستهاتێکی هەیە لەگەڵ توانا و ناوبانگ و سەرکەوتنی ئەدائی تیمەکەدا گەشە دەکات. دوای ئەمە خواستی دووەم دێت، کە ئیدارەی دروستە، لێرەدا ئیدارە دوو لایەنی هەیە، یەکەمیان، ئیدارەی گشتیی هەموو کاروبارەکانی تیمەکەیە، پاشان ئیدارەی هونەری پسپۆریی تیمەکە دێت. گرنگیی ئیدارەی گشتییەکە، لە میانی ئەو ژینگەیەی کە لەسەر بنچینەی ئەم سێ تەوەرە بونیات دەنرێت، ئەوانیش راکێشانی یاریزانان و نەوجوانانی بەهرەمەندە، پاشان تەوەری رێکخستن و ئاراستەکردنی ئەو ئەرکانەیە کە دەبنە پشتیوانی پێداویستییە هونەرییەکان، وێڕای تەوەری چالاکییەکان و پەیوەندییە دەرەکییەکان و ئەنجامدان و ئیدارەدانی یارییەکان و راکێشانی هاندەران.

توانای هەڵسەنگاندن
لایەنی ئیدارەی هونەری، کە خۆی لە راهێنەردا دەبینێتەوە، کە سەڵاحیاتی تایبەتی لە ئاراستەکردنی تیمەکەدا پێدراوە، لە بەرامبەریشدا بۆ هەر کەموکورتییەک ملکەچی لێپرسینەوە دەبێت. لەم چوارچێوەیەدا، خواستی سێیەم دێت، کە پێداگیریی لەسەر سیفەتەکانی راهێنەر دەکات، واتە سیفەتەکانی بەڕێوەبەری هونەریی تیم. بۆ ئەمەش پێنج سیفەتی سەرەکیی هەن، کە دەبێ لە راهێنەردا هەبن. لەسەر ئاستی کەسی، دەبێ کەسایەتییەکی چاودێر و خۆشەویست بێت و لە هەمان کاتیشدا یەکلاکەرەوە بێت، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی گشتی ئەندامانی تیم بڕوای تەواویان پێی هەبێت. لەسەر ئاستی مەعریفی، دەبێ شارەزایی فراوانی لە وردەکارییەکانی تۆپی پێدا هەبێت، بتوانێ یاریزانەکانی بنیات بنێت و کارایان بکات. لەسەر ئاستی بەدواداچوون، دەبێت ئاگاداری هەموو پەرەسەندنەکانی یاری بێت، بتوانێ توانا و پەرەسەندنی تیمە رکابەرەکانی هەڵبسەنگێنێت. لەسەر ئاستی پلاندان، دەبێ بەپێی تیمی رکابەری توانای داڕشتنی پلانی بۆ هەر یارییەک هەبێت. لەسەر ئاستی جێبەجێکردن، دەبێ پلانەکانی مرونەتی تەواویان هەبێت تا بتوانێ لە کاتی پێویستدا بەپێی هەلومەرجی یارییەکە گۆڕانکاریی پێویست بکات. بێگومان راهێنەر پێویستی بە یاریدەدەری گونجاو هەیە، تا لە جێبەجێکردنی ئەرکە هەمەجۆرەکاندا هاوکار و یارمەتیدەر بن.

بایەخدان بە دەرامەتی مرۆیی
خواستی چوارەم، بایەخ بە دەرامەتی مرۆیی ئەندامانی تیمەکە دەدات، ئەوانەی سەرکەوتن و دەستەکەوتەکان تۆمار دەکەن، کار بۆ سازدان و ئامادەکردنیان دەکات، تا تواناکانیان کارا بکات و بیانخاتە سەر رێگەی سەرکەوتن. ئەم خواستە پێنج رەهەندی هەیە، یەکەمیان، بایەخ بە دۆزینەوەی یاریزانان دەدات، کە ئەو منداڵانەش دەگرێتەوە کە هێشتا تەمەنیان نەبۆتە دە ساڵ و هەروەها ئەوانەش دەگرێتەوە کە بونەتە یاریزانی خاوەن بەهرە. دووەمیان، فێربوون و راهێنان و پسپۆریی لە شوێنەکانی ناو یاریگا، ئەو شوێنانە لە نێوان هێرشبەر و بەرگریکار کە شارەزایی تایبەتمەندی دەوێت، سەرباری لایەنی شارەزایی هاوبەش، بێگومان بەهرەی یاریزانان بۆ گرتنی یەک لەو شوێنانە لەویتر جیاوازە.

بەرەو پلاندانان
رەهەندی سێیەم، ئاراستەی دەستەبەرکردنی ناوازە بوون. رەهەندی چوارەم بەتەنها پێداگیری لەسەر ئەو ناوازە بوونە ناکات بەڵکو کاری بەردەوام بۆ زیادکردن و بەهێزتر کردنی دەکات، لێرەوە کارلێکی گرنگیی نێوان راهێنەر و ئەندامانی تیمەکە دەردەکەوێت. رەهەندی پێنجەم، بەرەو پلاندانان بۆ یاریکردن دەچێت و راهێنان لەسەر چۆنیەتی ئەنجامدانی یارییەکەیە، هەروەها هەوڵدانە بۆ ناوازەبوون تێیدا و بەدەستهێنانی شارەزایی زیاتر و دەستەبەرکردنی سەرکەوتن. لەم پێنج رەهەندەدا ئەوەی جێی ئاماژە پێکردنە، ئەم رەهەندانە دەبێ بەردەوامی هەبێت، دەست پێبکات و نابێ کۆتاییان پێ بێت، دەبێ پارێزگاری لە حەماس و روحی گیانبازی و خەون و ناوازەیی و سەرکەوتن بکات.

ئامانجە دەستنیشان کراوەکان
پێداویستییەکانی سەرکەوتن و جیاکاریی لە یاری تۆپی پێدا، چەندین وانەمان پێشکەش دەکات، کە دەکرێ لە بوارە هەمەجۆرەکانی گەشەپێدانی ئابووری و کۆمەڵایەتییدا سوودی لێ وەربگرین. هەموو ئەو بوارانە پێویستیان بە تەمویلە، بە مەرجێ ئەو تەمویلە وەبەرهێنانی پێبکرێت تا بەرئەنجامی سوودبەخشی هەبێت و کێبڕکێی پێبکرێت، هەموو بوارەکان پێویستی بە ئیدارەی گشتی هەیە تا زامنی رەخساندنی ژینگەیەکی هاندەری کارکردن بکات، هەروەها ئیدارەیەکی پسپۆریی تایبەتمەند و شارەزای پێویستە تا بتوانێ پەرە بە تواناکان بدات و ئاراستەیان بکات، پاشان بە دەرامەتی مرۆیی پڕ ئومێد و هیوا، توانای کێبڕکێی ناوخۆیی و دەرەکی هەبێت و کار بۆ دەستەبەرکردنی ئامانجە دەستنیشان کراوەکان بکات.

وتارەکانی نوسەر