هەنگاوێکی دروست بۆ گەڕانەوەی بەها بۆ یەکێک لە سیمبولەکانی شار

08:02 - 2022-12-29
رێبین عومه‌ر‌
316 خوێندراوەتەوە

بڕیارەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی بە داخستنی جێگە نەشیاوەکان لە سلێمانی، شان خستنەبەر بەرپەسیارێتی ئەخلاقی کۆمەڵایەتییە لە بەرامبەر پاراستنی ئەخلاقی بەرزی کوردەواری کە دوورە لەم دیاردە ناجۆرانەی بەردەوام سەرئێشە بۆ تاک و کۆمەڵ دەهێنن. 
چەند ساڵی دوور و درێژ بوو بەهۆی سەپاندنی کەشی نەشیاوەوە، جوانترین جێگەی ئەم شارە کە یادگاریی خەڵکەکەیەتی، سەردانکردنی ئەو جێگەیە ببووە عەیب، بۆ خەڵکی ئەم شارە. سەرچنار ناوێکی بەرز و جوان و جێگەی پێداهەڵدان بوو، بەڵام فۆڕمی ئەم جێگەیە وەها گۆڕا کە کەس نەی دەناسییەوە، تەنها وەها ناوی ئەم جێگەیە دەهات کە کارێکی تاوانکاری تێدا کرابوو، سەرچنار ببووە نەنگی. 
بەوجۆرە بە بڕیارێکی ئازایانە، بافڵ جەلال تاڵەبانی، رووبەڕووی پڕۆسەی دیاردەیەکی ناشیرین بۆتەوە و رای گشتی بەوە دڵخۆشە کە سەرۆکێک هەبێ بچێتە ناو وردەکاریی گرفتە کۆمەڵایەتییەکان و رەش بکاتە سپی، چونکە ئەم وڵاتەی ئێمە پێویستی بە کارکردنی ئازایانەی بێسڵەمینەوەیە، دوور لەبگرە و بەردەی رۆتین بۆ لەناوبردنی گەندەڵی و ریشەکێشکردنی. 
چەندین ساڵ بوو سەرچنار وەک کۆنە هاوینەهەوارێکی ئەم شارە رۆڵی جوانیی خۆی لێسەندرابۆوە، لە ناوچەیەکی گرنگی شارەوە ببووە جێگەیەکی نامۆ بە خەڵکی شار و ژینگەیەک بەرەڵایی بەسەردا سەپابوو. 
بەو هیوایەی ئەم هاوینەهەوارە شوناسنامەی خۆی بۆ بگەڕێتەوە و سوود لە جوانییە سروشتییەکەی وەربگیرێت و بوارە گەشتیارییەکەی بکرێتە سەرچاوەیەکی بەهێزی ئابووری بۆ ئەم شار و وڵاتە.

زۆرێک کە روو لە سلێمانی دەکەن، بە تاسەوەن سەردانی سەرچنار بکەن

وتارەکانی نوسەر