ئابووریی جیهان لە 2023دا چۆن دەبێت؟

10:26 - 2023-01-03
فەیسەڵ عەلی
491 خوێندراوەتەوە

 لەگەڵ کۆتایی ساڵی 2022دا ناکۆکییەکانی نێوان دەوڵەتان قوڵتربوون لەوەی لە سەرەتای ساڵدا هەبوو، جیهان وا دەردەکەوت کە بەرامبەر بە چەندین پرس یەکگرتووە، گرنگترینیان، گۆڕانی کەشوهەوا و وزەی نوێبووەوە، چارەسەرکردنی ئەو ئاڵنگارییانەی رووبەڕووی زنجیرە گەیاندنی پێداویستییەکان بۆتەوە، بەتایبەتی دوای ئەو زنجیرە داخستنەی بەرئەنجامی ڤایرۆسی کۆرۆنا پەیڕەو کران، جیهان یەکگرتوو بوو، بە جۆرێک کە وایکرد راپۆرتەکانی سندوقی نێودەوڵەتیی نەختینە و بانکی نێودەوڵەتی سەبارەت بە گەشەی ئابووریی 2022 گەشبین بن، بەتایبەتیش دوای ئەوەی لە ساڵی 2021دا رێژەی گەشەی ئابووری %5.5 بوو، ئومێد وابوو ئەو گەشەکردنە لە 2022دا بەردەوامی هەبێت، ئەگەر شتێکیش پاشەکشە بکات لانیکەم پێشبینی %4ی لێدەکرا، بەڵام دڵەڕاوکێکە لە میکانیزمەکانی رووبەڕووبوونەوەی بەردەوامی پەتای کۆرۆنادا چڕ ببووەوە، هەروەها ئەگەری کەمکردنەوەی تەگبیری پشتیوانی دارایی لە سایەی بەردەوامبوونی کەمبوونەوەی زنجیرەی گەیاندنی پێداویستییەکانیش هەبوو.
کەمبوونەوەی گەشەی ئابووریی جیهان
بەڵام لەگەڵ کۆتاییهاتنی ساڵی 2022دا، وێنەکە بە تەواوی جیاواز دەرکەوت، تارمایی پوکانەوە بە روونی بەدیار کەوت کە راپۆرتەکان ئاماژەیان بۆ کرد، ئێستا هیچ دەرفەتێک نییە بۆ دەربازبوونی ئابووریی جیهان لەو قەیرانەی ئێستا تێیدایە، بە تایبەتی لەگەڵ بەردەوامبوونی هەڵئاوسانی بەرز و توندکردنی سیاسەتی نەختینە و دەرهاویشتەکانی قەیرانی ئۆکرانیا، ئەمەش وایکرد سندوقی نێودەوڵەتیی نەختینە پێشبینییەکانی بۆ تێكڕای گەشەی ئابووریی جیهان بۆ %2.7 کەم بکاتەوە کە بە پێی پێشبینییەکەی پێشووتری نزیکەی 3.2 ٪ بوو لە کۆی بەرهەمی ناوخۆیی جیهانی بۆ ساڵی 2022. هەروەها ئابووریی جیهان لە ساڵی 2023دا کەمترین رێژەی گەشە تۆمار دەکات کە لە 20 ساڵی رابردوودا تۆمار نەکراوە، جگە لە ساڵی 2009 کە قەیرانی دارایی و ئابووری بوو، هەروەها ساڵی 2020 کە لە ترۆپکی تەشەنەکردنی پەتای کۆرۆنادا بوو. لەم ساڵەدا چی روویدا تا رەوشەکە بەو شێوەیە هەڵبگەڕێتەوە؟
ئەمریکاو سیاسەتی توندی نەختینەیی
رەنگە گرنگترین دیاردە کە هەموو جیهانی گرتبێتەوە، هەوڵدانی دەوڵەتان بوو بۆ زامنکردنی بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆیان، بەبێ گوێدانە کاریگەرییە جیهانییەکانی ئەو سیاسەتانەی پەیڕەوی دەکەن لەسەر ئەوانیتر، ئەمریکا لەپڕ و بەشێوەیەکی خێرا نرخی سوودی بەرزکردەوە و هاوکاتیش سیاسەتی توندی نەختینەی پەیڕەوکرد، بەمەش جیهانی دووچاری سەرسوڕمان کرد، ئەگەر بەهانەی ئەمریکا بۆ ئەو هەنگاوەی بەرزیی رێژەی هەڵئاوسان بوو کە ئەمە چل ساڵە ئەو ئاستە بەرزەی بەخۆیەوە نەدیوە و %8ی تێپەڕاندووە، بەرزکردنەوەی نرخی سوود بۆ %5 زۆر خێراتربوو لەوەی کە دەبوو بکرێت، رەنگە ئەمریکا بەپێی ئەو راپۆرتانە لە ئاراستەکەیدا بەردەوام بێت. لە کاتێکدا، بڕیار بەدەستانی ئەمریکا، بە ئومێدی دەستبەرکردنی داشکانێکی ئاسایی ئابوورییەکەیان بوون کە داشکانی تێكڕای هەڵئاوسان زامن بکات بەبێ ئەوەی زیانی بۆ گەشەی ئابوورییەکەیان هەبێت.
هەندێکیان ناتوانن قەرزەکانیان بدەنەوە
تەواوی بازاڕەکانی جیهان ترسێکی روونیان لە تێوەگلانیان لە تەڵەی پوکانەوە هەیە، ئەوە لەلایەک و لە لایەکیتریشەوە زۆر لە دەوڵەتانی گەشندە بەرامبەر بە قەیرانێک وەستاون کە چاوەڕوانیان نەدەکرد، چونکە لەگەڵ دەرهاویشتەکانی بەرزبوونەوەی نرخی سوود و زیادبوونی بەهای دۆلاری ئەمریکا، دەکەونە رەوشێکەوە ناتوانن قەرزەکانیان بە دراوی بیانی بدەنەوە، توندکردنی سیاسەتی نەختینەی ئەمریکا، بووە هۆی دەرچوونی بەلێشاوی دراوی بیانی لەم دەوڵەتانەوە بەرەو ئەمریکا، بەدوایدا بڕی لێشاوی نەختینە کە دەکرا لە ئامرازەکانی قەرزی دەوڵەتانی گەشندەدا وەبەربهێنرێت، پاشەکشەی کرد،  هەرچەند دەوڵەتانی گەشندە پێویستیان بە وەبەرهێنانە لە ژێرخانی ئابوورییدا، نزیکەی %60ی ئەو دەوڵەتانەی ئاستی داهاتیان نزمە بەدەست قەیرانی توندی قەرزەوە دەناڵێنێت، لەبەرئەوەی ئەستەمە بتوانن پرۆژەکانی ژێرخانی ئابوورییان تەواو بکەن، ئەمەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر گەشەی ئابوورییان دەبێت.
چین سەرقاڵە بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە
ئەگەر ئابووریی جیهان پێشتر هەندێک پشتیوانیی لەلایەن دەوڵەتی چینەوە بەخۆیەوە بینی، بەڵام لە 2022دا بەشێکی ئەو پشتیوانییەی لەدەستدا، چونکە چین ئێستا بەتەنها کار بۆ بەرەنگاربوونەوەی تەشەنەکردنی پەتای کۆرۆنا و سیاسەتی سفرکردنی تووشبووان دەکات، ئەمەش ئەو سیاسەتەیە کە جیهان لە ساڵی 2020دا بەدەستییەوە ناڵاندی کە کۆتوبەند و رێوشوێنی زۆر توند بۆ سنووردارکردنی تەشەنەکردنی ئەو پەتایە پەیڕەو کرا، لەبەرئەوە کاریگەرییەکانی لەسەر چین و ئابووریی جیهان زۆر توند بوو، ئەگەری زۆر هەیە ئابووریی چین لەگەڵ دەستبەردابوونی ئەو سیاسەتەدا روو لە باشی بکات، بەڵام ئەمە درەنگ کەوت، لە کاتێکدا ئابووریی جیهان بەهۆی سیاسەتەکانی ئەمریکا و کەمبوونی دراوی بیانییەوە لە رەوشێکی ئاڵۆزدایە، واتە هەناردەی چینی بەهۆی پاشەکشێی ئابووریی جیهانییەوە بازاڕی ساغکردنەوەی داشکا، ئەگەر ئەوەشی بخەینە پاڵ کە ئیدارەی ئێستای ئەمریکا کۆتوبەندەکانی هەناردەکردنی تەکنەلۆجیای پێشکەوتووی بۆ چین زیادکردووە، چین لە گەیشتن بە نوێترین تەکنەلۆجیای نیمچە گەیەنەرەکان و ئامرازەکانی بەرهەمهێنانی بێبەش کراوە.
 رەنگە بتوانێ ئامارەکان باشتر بکات
ئابووریی چین لە سایەی ئەم ململانێیەدا رەنگە توانای پشتیوانیکردنی ئابووریی جیهان لە دەست بدات، بەڵام رەنگە بتوانێ لە میانی پشتیوانیکردنی ئابوورییە ناوخۆییەکەیەوە ئامارە جیهانییەکان باشتر بکات، ئەگەر بیەوێت ئابوورییەکەی زیاتر لە %5 گەشە بکات، بەپێی راپۆرتەکان ئەم گەشەکردنە کاریگەریی روونی لەسەر گەشەی هاوسەنگیی نێوان دەوڵەتان نابێت، بەڵام بۆ دواتر چارسەرکردنی ئەمەش قورستر دەکات.
بەردەوامبوونی جەنگی روسیا و ئۆکرانیا کە هەڵوێستە توندەکانی دەوڵەتانی یەکێتیی ئەوروپای بەدوادا هات و سەقفی نرخی فرۆشتنی نەوتی روسیایان بە 60 دۆلار دیاریکرد، لەگەڵ کاریگەریی چاوەڕوانکراوی ئەو سیاسەتە لەسەر ئابووریی جیهان، ئەوا تەمویلکردنی هەوڵەکانی بەگژداچوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا بەهۆی ئەو رەوشە جیهانییەوە دووچاری ئاستەنگ دەبێتەوە، میکانیزمەکانی تایبەت بە سندوقی زیانەکان کە لە کۆنگرەی (کۆپ 27) لە شاری شەرم شێخی میسرو لە تشرینی دووەمی 2022دا راگەیەندرا دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە، رەنگە چەند مانگی یەکەمی ساڵی 2023 وەڵامی ئەو پرسیارە لەخۆ بگرێت.
رەنگە ئەمساڵ وەک سەرەتای ساڵی 2022 جیهان بەرامبەر بە قەیرانەکان یەکگرتوو نەبێت، رەنگە ساڵێکی جیاواز بێت، ساڵێکی پڕ ململانێ و هەڵپەی بەرژەوەندیی تایبەتی دەوڵەتان بێت و بەرەو چارەسەرێکی نزیکی قەیرانە گەورەکانی جیهان نەڕوات.

پێشبینییەکان بۆ گەشەی ئابووریی جیهان باش نین

وتارەکانی نوسەر