قاتێ جلوبه‌رگی كوردی له‌به‌ردایه، پشتوێنه‌كه‌ی شل به‌ستووه، باریكه‌له و رێك، قه‌د و باڵای گه‌واهی چوست و چالاكی ده‌ده‌ن. ده‌ست ده‌داته خڕه‌به‌ردێك و هه‌تا هێزی تێدایه هه‌ڵیده‌دات. وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌تنێكی كردبێت سه‌یرێكی ئه‌ملاولای خۆی ده‌كات و لێیده‌دا ده‌ڕوات. كوڕێك به شه‌له شه‌ل دێت، ئه‌ویش ده‌ست ده‌داته به‌ردێك هه‌ڵیده‌دات. یه‌كێكی ورگن دێت و به‌ردێكی ناقۆڵا هه‌ڵده‌گرێت و ده‌یهاوێت. چاویلكه له چاوێكی كوێره‌موشه، سه‌یرێكی دوانه‌كه‌ی تر ده‌كات و به‌ردی خۆی ده‌هاوێت. پیاوێكی پیر ده‌ست ده‌خاته به‌رچاوی و سه‌یری به‌رده‌كانی ئه‌وان ده‌كات، ده‌یه‌وێت به‌رده‌كه‌ی زیاتر بڕوات. شاعیرێك له‌به‌رخۆیه‌وه ده‌ڵێت: «به‌رد باشتره« ئه‌میش به‌ردی خۆی ده‌هاوێت. كچێكی ناوقه‌د بارێكی سمت پان به كاوبۆیه‌كی ته‌سكه‌وه، ده‌ست ده‌داته به‌ردی خۆی و ده‌یهاوێت. مه‌لایه‌ك شاقه‌لی جبه‌كه‌ی ده‌كات به‌لادا، وه‌ك ئه‌وه‌ی له مه‌ككه بێت به هه‌موو هێزی خۆیه‌وه به‌ردی خۆی هه‌ڵده‌دات. پیره‌ژنێكی ره‌قه‌ڵه‌ی پشت چه‌ماوه، گیڤه له‌به‌ردی خۆی هه‌ڵده‌سێنێت. پیاوێكی ریوه‌ڵه له‌به‌رخۆیه‌وه: «لاوه، با سه‌نگ خۆمان بگرینه قه‌ور باوك زۆردار».
حه‌شاماتێكی وا گردده‌بنه‌وه نه‌بێته‌وه، ئه‌وه‌نده به‌رده‌فڕكێ ده‌كه‌ن، به‌رد ده‌چێته قاتی. گه‌ڵابه‌یه‌ك به‌هۆڕین لێدان دێت، باره خڕكه‌به‌رده‌كه‌ی هه‌ڵده‌ڕێژێت. شۆفێر جامی گه‌ڵابه‌كه داده‌داته‌وه، سه‌یری خه‌ڵكه‌كه ده‌كات كه هێرش بۆ باره به‌رده‌كه ده‌به‌ن، ده‌ڵێت: «خێری گۆڕی مردووم، زانیم به‌ردتان لێبڕاوه.»
هه‌زاران هه‌زار كه‌س، گه‌نج و پیر، نێر و مێ، شێت و ژیر، ساغ و نه‌خۆش، هونه‌رمه‌ند و شاعیر، نووسه‌ر و رۆماننووس، رۆژنامه‌نووس و ته‌قه‌ڵدروو، كوڕی باش و هه‌رچی و په‌رچی، وه‌ستا و شاگرد، ده‌مهه‌راش و كه‌مدوو، به‌ندبێژ و سترانبێژ، چه‌رچی و پینه‌چی، ته‌زبیح فرۆش و ئاوفرۆش، سایه‌ق و سه‌كن، له‌ڕ و گه‌ڕ، پیر و ته‌ڕ، مه‌لا و فه‌قێ ... هه‌رچی ده‌نكه‌جۆیه‌كی پاشای خواردووه، ئاپۆرایه‌كی وا دروست ده‌كه‌ن ئەوسەری دیارنەبێ، هه‌تا نیوه‌شه‌و به‌رده‌فڕكێ ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی ره‌ق نه‌بنه‌وه، تایه ده‌سووتێنن، له‌و گه‌ڵابه به‌رده و گه‌ڵابه‌كانیتر یه‌ك به‌ردیش نامێنێته‌وه، هه‌ر هه‌مووی ده‌هاون و گسكی ده‌ده‌ن. نیوشه‌و ئیتر ئه‌وه‌نده شه‌كه‌ت ده‌بن، خه‌ریكه كوێر ده‌بن بۆ خه‌و، هه‌موو ده‌چنه‌وه كولانه‌كانی خۆیان و شوێنەکە چۆڵ ده‌كه‌ن. سه‌د سه‌د و په‌نجا مه‌ترێك له‌و لاوه‌تره‌وه، گردێك له‌و به‌ردانه دروست ده‌بێت كه حه‌شاماته‌كه هه‌ڵیانداوه.
سبه‌ی چێشته‌نگاو، كابرای باریكەلە به ریزێك تراكتۆره‌وه قوت ده‌بێته‌وه. هه‌ر تراكتۆره‌ی سێ چوار كه‌سی له‌گه‌ڵدایه، هه‌ر كه سه‌یری گرده‌به‌رده‌كه ده‌كات له‌به‌رخۆیه‌وه ده‌ڵێت: «به‌ڕاستی خەڵکێکی مەزنن، ئه‌مان نه‌بوونایه چۆن رێگای گونده‌كه‌مان به‌ردرێژ بكردایه؟» هه‌تا نیوه‌ڕۆ گرده‌به‌رده‌كه بار ده‌كه‌ن، به‌دوای یه‌كدا به قافڵه ده‌ڕۆن.