بەو پێیەی گەندەڵی سیاسی و گەندەڵی ئابووری دوو دیاردەی لێکدانەبڕاوی ناو کۆمەڵگەن و هەموو گەندەڵییەکی سیاسی کاریگەریی و رەنگدانەوەی راستەوخۆی دەبێت لە سەر سەرجەم کەرتە ئابوورییەکان، کوردستانی نوێ بە پێویستی زانی رانانێک بۆ کتێبی (گەندەڵیی سیاسی چاوخشاندنەوە بە چەمکەکاندا) بکات کە کۆمەڵێک نووسەر نووسیویانە و نوێترین وەرگێڕانی هەڵکەوت عەبدوڵڵا-یە، لە چوارچێوەی زنجیرەی دۆسیەکانی سەردەمدا بڵاو بۆتەوە.
گەندەڵیی سیاسی دیاردەیەکی کۆنە، هێندەی کۆنیی کۆمەڵگە سیاسییەکان، دەوڵەت و سیستەمەکانی فەرمانڕەوایی بە خۆیانەوە دیوە و فەیلەسووف و چاکسازیخوازەکانی سەرقاڵ کردووە. گەندەڵیی سیاسی دیاردەیەکە پەیوەندیی بە نەتەوەیەک، یان دەوڵەتێک، یاخود کۆمەڵێکی دیاریکراوەوە نەبووە، هەروەها پەیوەندیی بە سەردەمێکی مێژوویی دیاریکراوەوە نەبووە، چونکە گەندەڵی بە گشتی پەککەوتنێکە كه دووچاری دەوڵەت و سیستەمە سیاسییەکانی هەر رۆژگار و شوێنێک دەبێت.
ئەگەرچی رەگەکانی گەندەڵیی سیاسی لە ناو کۆمەڵگە سیاسییەکاندا قووڵن، بۆیە به هۆی ئهوهوه هەمیشە بووەتە مایەی مشتومڕێکی زۆر لە رووی مانا و هۆکارەکانی، سنووری بڵاوبوونەوە، شێوازەکانی دەرکەوتنی، رێگەکانی چارەسەرکردن و بەرپەرچدانەوەی ئاسەوارەکانییەوە و ناڕوونییەکی زۆر لە ئارادا بووە. ئەوەی مشتومڕەکە دەربارەی ئەو گەندەڵییە توندتر دەکات، گۆڕانی شێوە و شێوازەکانییەتی هەروەها وێناکردنەکان دەربارەی لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ یەکێکی دیکە، لە سەردەمێکەوە بۆ یەکێکی دیکە.