با پشکی بودجەی هەرێم، بەسەرژمێریی بێت نەک خەمڵاندن

08:21 - 2023-01-05
مستەفا محەمەد
419 خوێندراوەتەوە

جێگیرکردنی رێژەیەک لە بەشە بودجەی هەرێم لە رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی عیراقدا، پرسێکە کە لە ساڵی نوێدا جێی مشتومڕی نێوان هەولێر و بەغدا دەبێ، بەتایبەتی لەسەروبەندی ناردنی پڕۆژەیاسای بودجەی عیراق لەلایەن کابینەکەی سودانییەوە بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، تا لە ماوەیەکی زەمەنیی دیاریکراودا دەنگی لەسەر بدرێ. 
لێدوانی ئەم دواییەی یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دارایی و وەبەرهێنان، لەبارەی رێکەوتنێکی نوێی نێوان هەردوولا بۆ دیاریکردنی رێژەی %14 لە بودجەی گشتیی عیراقدا، پرسیاری ئەوە دێنێتە ئاراوە کە هۆکاری ئەوە چییە کابینەی نۆیەم لە رێژەی %17 ی بودجەوە بە کەمکردنەوەی بۆ ئەو رێژەیە رازی بووە؟ 
بێگومان چەند گریمانەیەک بۆ ئەم هەڵوێستە هەن کە گرنگترینیان یەکەم، سەلمێنەری ئەوەیە کە نوقڵانە و بەڵێنی ئابووریی سەربەخۆی هەرێم جێی خۆی نەگرت، بگرە زیاتر لەوەش دەستکەوتەکانی بۆ هەرێم، تەنها قووڵترکردنەوەی قەیرانەکان و کات کوشتن بووە بە ئاراستەی رێکنەکەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیدا، ئەمەش تەنها و تەنها خزمەتی بە حزب و گروپێکی دیاریکراو کردووە، کە لەناو ئەو حزبەشدا بۆ جێبەجێکردنی ئەجێندای چەند کەسێک پەنا بۆ ئەو هەڵوێستە براوە. 
دووەم، ئەوانەی تا دوێنێ تۆمەتی عیراقچێتی و هاوئاهەنگی لایەنەکانیان لەگەڵ عیراقدا بە بڤە و تاوانی سیاسی ناوزەد دەکرد، ئەمڕۆ بە پەلەپڕوزێ دەچنەوە بەر قاپیی بەغدا و بە کەمتر لەوەی مافی گەلی کوردستانە رازی دەبن.
سێیەم، دیاریکردنی پشکی %17 لەخۆڕا نەبووە کە لەساڵی 2005 ە وە تا ساڵی 2017 و کاتی قووڵبوونەوەی قەیرانەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بەهۆی ریفراندۆمەوە درێژەی کێشا، بەڵکو پشت ئەستوور بووە بە ژمارە و داتا و ئاماری نزیک لە راستیی رێژەی دانیشتوانی هەرێم.
چۆن دەکرێ ئەم گریمانەیە وەلابنرێ و رێژەی بەدەستهاتووی کورسییەکانی پەرلەمان بکرێنە پێوەری دیاریکردنی بودجەی هەموو هەرێمی کوردستان؟
چوارەم، ئێستا کابینەکەی سودانی، بەهۆی ئەوەی بەهای دیناری عیراقی دابەزیوە، تووشی قەیرانی ئابووری و هەڵاوسان هاتووە، بەم رێکەوتنە تازەیەی هەرێم لەگەڵیدا بەشێک لەلاریی باری ئەو قەیرانە راست دەکاتەوە، ئەمە لەکاتێکدا ئەم رێژەیە بۆ هەموو پشکەکانی هەرێم لە خۆراک و بابەتی دەرمان و بەرهەمەکانی سووتەمەنیش جێگیردەکرێ. 
لەولاشەوە کە زیاتر لە ملیۆنێک ئاوارە لە هەرێمدا هەن، کارەساتێکی تری ئابووریی بۆ هەرێم دەسازێنێ.
 لەهەموو بارێکدا رێکەوتن لەگەڵ بەغدا باشترە لە درێژەدان بەو سیاسەتە هەڵەیەی پێشتر کاری لەسەرکراوە بەناوی( ئابووری سەربەخۆ و هەناردەکردنی نەوت )کە نەک پشکی %14 ی بودجەی بۆ هەرێم دابین نەکردووە، بەڵکو نیوەی ئەو رێژەیەشی پێ دابیننەکراوە، بەڵام جگە لە رێکەوتنی بودجە، پێویستە کورد پێداگریی لەسەر بەڕێوەچوونی پڕۆسەی سەرژمێریی گشتیش بکاتەوە، تا رێژەی راستەقینەی دانیشتوانی هەرێم دەربکەوێ، ئەوسا هیچ پێویستیمان بە ژمارە و رێژەی 
مەزەندەکراو نابێت.

وتارەکانی نوسەر