‎لەپێناوی بەدەستهێنانی مافی خەڵکدا هەنگاوبنێین

08:21 - 2023-01-05
سۆزان حەمەتاتە
475 خوێندراوەتەوە

‎ستراتیژی رێكەوتن لەگەڵ بەغدا لەپێناوی مافەكانی خەڵكی كوردستان، گرنگترین كارە بەو مەرجەی بنەمایەكی هاوسەنگی هەبێت، ئەوە داواكاری زۆرینەی خەڵكی كوردستانیشە بە رەنگ و دەنگە جیاوازەكانەوە بەو پێیەی خەڵكی كوردستان ماندووی دەستی قەیرانە كەڵەكە بووەكانی ساڵانی پێشووە.
‎بەپێی دەستوور، هەرێمی كوردستان بەشێكە لە سیستمی سیاسیی عیراق، بۆیە مافی هەیە و ئەركیشی لەسەرە. رێكەوتنی سیاسیی دەبێ كێشەكان یەكلابكاتەوە، رێگەی تر زیانی زۆری بۆ هەردوولا هەیە بەتایبەتی خەڵكی كوردستان.
‎رێكەوتن پێویستیی بە پشوودرێژیی زۆر هەیە، كۆبوونەوە و دانوستان لەسەر بنەمایەكی هاوسەنگ، دیاریكردنی ئەرك و مافەكان بەپێی دەستووری هەمیشەیی عیراق كە زۆرینەی عیراقییەكان لە هەموو پێكهاتەكان دەنگیان بۆ داوە.
‎هەرێمی كوردستان ئەگەر یەكگرتووانە بچێتە پڕۆسەی دانوستانەوە و پشوودرێژ بێت، سەركەوتوو دەبێت لە وەرگرتنەوەی مافەكانی خەڵكی كوردستان، بەڵام نابێت لە پابەندبوونی بە دەستوورەوە خۆی بدزێتەوە، بۆ ئەوەی پشتیوانیی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتیی لەگەڵ بێت.
‎كاتێك عیراق بەهێزتر دەبێت، هەرێمی كوردستان پابەندی دەستوور نەبێت، راستە هاوسەنگیی هێز گرنگە، بەڵام روونی و راشكاویی هەرێمی كوردستان لە پابەندبوونی بە رێكەوتنەكان هێزی ناڕەوای بەغدا پوچەڵ دەكاتەوە، هەروەها پشتیوانیی زۆریش بەدەستدەهێنێت.
‎ئێستا كورد پێگەی بەهێزە و محەمەد شیاع سودانی پێویستی بە هێزی كوردە بۆ سەركەوتنی کابینەكەی، كەوابێ گرنكە هەرێمی كوردستان ئەو دەرفەتە بۆ وەرگرتنەوەی مافەكانی خەڵكی كوردستان بەپێی دەستوور  بقۆزێتەوە.

پێویستە پشکی هەرێم لە بودجەی عیراقدا جێگیر بکرێت و نەکرێتە کارتی مامەڵەی سیاسیی

وتارەکانی نوسەر