سوپای عیراق نیشتمانییە یان نا؟

10:47 - 2023-01-08
جەمال ئارێز
300 خوێندراوەتەوە

چەمکی سوپای نیشتمانی کە لە 2003 بەدواوە بۆتە باسێکی گەرمی ناو کایەی سیاسی، چەمکێکە دەهێنێت زۆر شیکردنەوەی بۆ بکرێت و زۆر لێکۆڵینەوەشی لەسەر بکرێت، بەتایبەتی کە ئێستا فەرماندەیی سوپای عیراق ئەو سوپایە نییە کە پێشتر هەبووە.

سوپای عیراق سوپایەکی نیشتمانی بووە لە دەرەوەی چوارچێوەی سیستمە سیاسییە یەکلەدوا یەکەکان، بەڵام هەمیشە فەرماندە باڵاکانی ریزی یەکەم بە گۆڕانی سیستمە سیاسییەکان رادەستی ئەو جەنەڕاڵانە کراوە کە وەلائیان بۆ سیستمە سیاسییەکە یان حزبی فەرمانڕەوا هەبووە

سیستمی سیاسی و جۆری سوپا
سوپا بەشێکی گرنگە لە پایەکانی هەر دەوڵەتێک بۆ پارێزگاریی لە سنوورە زەمینی و  ئاویی و ئاسمانییەکەی، فەرماندەیی سوپای هەر وڵاتێکیش، لەو فەرماندانە پێکدێت کە لەڕووی ئایدیۆلۆژییەوە لەگەڵ سیستمە سیاسییەکەدا کۆکن، جا ئیدی ئەو فەرماندانە لەڕووی پیشەییبوونەوە ئەکادیمی و پڕۆفیشناڵ بن یان دەستەبژێرێکی سیاسی – سەربازیی سەردەمی قۆناغی شۆڕش و بزووتنەوەی چەکداریی بن.
دەشێت کۆی ئەندامانی سوپای هەر وڵاتێک (جا سیستمی سەربازییان خۆبەخشی بێت یان ئیلزامی و بە گوێرەی تەمەن) هەست و دیدێکی نیشتمانیان هەبێت، بەڵام بە گشتی ئەندامانی فەرماندەیی و جەنەراڵە باڵاکان کە رەسمی جووڵە و سیاسەتی رەسمیی سوپا دەکەن، وەلائیان بۆ سیستمە سیاسییەکە هەیە و هەر لەدانێکیش لەوە لەلایەن ئەو دەستەبژێرەوە، رووبەڕووی دادگای سەربازیی و حوکمی دوورخستنەوە یان بەرکەنارکردن و تا گوللـەبارانکردنیان دەکاتەوە.

شتێک هەیە بەناوی سوپای نیشتمانی؟
بە وەرگرتنی ئەو تێڕوانینە  لە وڵاتێکی وەکو عیراق، ئێستا کە تەمەنی سوپاکەی 102 ساڵی تێپەڕاند، دەکرێت لێکۆڵینەوەیەکی زانستییانە بکەین کە ئاخۆ ئەو سوپایە لە کوێدا نیشتمانی بووە و لە کوێدا پێوەرەکانی نیشتمانی بوونی لەدەستداوە.
هەر لە دامەزراندنی سوپاکەوە بەشی زۆری ئەوانەی بەشداربوون لە دامەزراندنیدا، ئەو ئەفسەر و جەنەڕاڵانە دایانمەزراندووە کە بڕوایان بە سیستمی نوێی پێکهێنراو لەسەر دەستی ئینگلیزەکان بووە و دژبە بەرنامە و سیستمی عوسمانییەکان بووە، ئەگەرچی زۆربەیان خوێندنی سەربازییان لە مەدرەسە سەربازییەکانی سوپای عوسمانیدا تەواوکردووە، هەربۆیە هەموو ئەو دەستە دامەزرێنەرەی کە یەکەم فەوجی سەربازییان بەناوی ئیمام موسای کازمەوە دروستکردووە وەک ناوکی پێکهێنانی سوپای عیراق و لە هەموو پێکهاتەکانی ئێستای عیراق ئەگەرچی لەرووی پێکهاتەی نەتەوەیی و مەزهەبییەوە جیاوازبوون، بەڵام ئەوەی کۆی کردوونەتەوە ئەو سیستمە سیاسییە بووە کە ئینگلیز دروستیکردووە بە پێوەری بەرژەوەندییەکانی خۆی، هەر ئەو جیاوازییە ئیتنیکی و مەزهەبییەش هۆکاربووە بۆ چەندین هەوڵی کودەتای سەرنەکەوتوو لە دواتردا لە نموونەی کودەتاکەی رەشید عالی گەیلانی.

مارانگازەکان و سوپای سێبەر(کودەتا یان شۆڕش)  
هێشتاش هەموو عیراقییەکان و مێژوونووسەکانی کۆک نین لەسەر ئەوەی کە ئەو بزووتنەوە سوپاییانەی کە روویانداوە لە عیراقدا لە 1958 و دوو بزووتنەوە لە 1963 و دووانیش لە 1968 ناوبنێن شۆڕشە یان کودەتا؟ بەڵام دەکرێت لێرەدا بە بزووتنەوە یان بزاوتی سەربازیی ناویان ببەین، کە بەشێکی ناڕازیی بوونی سەرکردە و فەرماندەکانی ریزی یەکەمی سوپابووە لە سیستمی سیاسی، یان بارگاوی بوونی سەرکردەکانی سوپا بووە بە رەوتە سیاسییەکان.
ئەگەر بزووتنەوەکەی عەبدولکەریم قاسم و هاوکارەکانی بە نموونە وەربگرین، ئەو خۆی بە کەسێکی دژ بە داگیرکاریی ئینگلیز و دەسەڵاتی پاشایەتی زانیووە و پۆستەکەشی هاوکاری بووە لە سەرکەوتنی بزووتنەوەکەیدا بەو پێیەی فەرماندەی هێزی پارێزگاریی کۆشکی پاشایەتی و پاسەوانی تایبەتی شا فەیسەڵی دووەم و خانەوادەکەی بووە.
بەڵام وەک کورد دەڵێت: (مارانگاز لە خشەی مارو مێروو دەترسێت)، لە سەردەمی یەکەم حکومەتی کۆمارییەوە، دەسەڵاتە سیاسییەکانی عیراق هەریەکە و سوپایەکی سێبەریان دروستکردووە بۆ پارێزگاریی لە خۆیان و سیاسەتەکانیان، بەناوی جیاجیا وەک (مقاوەمە شەعبی) سەردەمی قاسم و (حەرەس قەومی)  لە سەردەمی بەعسی یەکەم و عەبدولسەلام عارف و جەیشی شەعبی لە سەردەمی بەعسی دووەم، ئەوە جگە لە گاردی کۆماری و دەزگای ئەمنی خاس و فیدائیی سەدام و سوپای قودس، کە ئەمانە بەشێکی بۆ بڕوا نەبوون بە سوپای نیشتمانی دەگەڕێتەوە و بەشێکیشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە سوپا ئاساییەکە بە گشتی لە چەندین قۆناغدا ئامادە نەبووە لایەنی دەسەڵاتی سیاسی بگرێت لە دژی خواستەکانی خەڵک، نموونەی ئەوەش لە ئەنفالەکاندا زۆرینەی ئەو هێزانەی بەشداریی کارایان هەبووە، سەربە گاردی کۆماریی بوون و فەرماندە باڵاکانی بەعسییە باوەڕپێکراوەکان بوون.
لە داگیرکردنی کوێتیشدا بە گوێرەی هەموو شایەتحاڵەکان، لە فەرماندەیی باڵای سوپا و هەیئەی ئەرکان بە خودی نزار خەزرەجیی سەرۆکی هەیئەی ئەرکانیشەوە بێ ئاگایی خۆیان رادەگەیەنن و تەئکید لەوە دەکەنەوە کە ئەرکەکە بە هێزەکانی گاردی کۆماری سپێردراوە.

راپەڕینی 1991 و ئاماژەکانی نیشتمانی بوون
لە راپەڕینی ئازاری 1991یشدا کە نزیکەی 13 پارێزگای عیراق بەبێ بەرگرییەکی ئەوتۆ کەوتە دەست خەڵکی راپەڕیوەوە، یەکێک لە هۆکارەکان بەرگریی نەکردنی یەکەکانی سوپابوو، بۆیە رژێمی بەعس بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو پارێزگایانە، پەنای بردەوە بەر میلیشیا و یەکە تایبەتییەکانی گاردی کۆماری و فەرماندەیی هەموو میحوەرەکانیش  بە (ئەندامانی مەجلیسی قیادەی سەوەرە) سپێردرا، هەر بەو هۆکارەش بەشێکی زۆر لە فەرماندە باڵاکانی سوپا دوای سەرکوتکردنی راپەڕین لە نیسانی 1991دا لەسێدارە دران یان تا ساڵی 2002 زیندانی کران و دواتر بە لێبووردنی گشتی ئازادکران و لە کاری سەربازیی دوورخرانەوە.
ئەوە راستییەک دەسەلمێنێت کە سوپای عیراق سوپایەکی نیشتمانی بووە لە دەرەوەی چوارچێوەی سیستمە سیاسییە یەکلەدوا یەکەکان، بەڵام هەمیشە فەرماندە باڵاکانی ریزی یەکەم بە گۆڕانی سیستمە سیاسییەکان رادەستی ئەو جەنەڕاڵانە کراوە کە وەلائیان بۆ سیستمە سیاسییەکە یان حزبی فەرمانڕەوا هەبووە، بۆیە نەیانتوانیووە وەک سوپایەکی پڕۆفیشناڵی نیشتمانی ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن و هەرکاتێکیش بەو جۆرە مامەڵەیان کردبێت، باجەکەیان بە گیان و ئایندەی پیشەیی خۆیان داوە.

سوپای نوێی عیراق
لە 2003 بەدواوە تا ئێستا کە نزیکەی 19 ساڵە رژێمی بەعس رووخاوە، بە چەند قۆناغێک سوپای عیراق دامەزرێنراوەتەوە، بەڵام گرفتەکە تائێستا لەوەدایە جیاواز لە سوپای پێشوو سەرەڕای بوونی هەبوونی هەموو یەکەکانی، بەڵام هێشتا نەبووە بە سوپایەکی تەواوەتی کە توانای پاراستنی سنووری زەمینی و دەریایی و ئاسمانیی عیراقی هەبێت، جگە لەوەش بەو پێیەی هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان لەسەر بنەمانی پشک پشکێنەی نەتەوەیی و تایفی و حزبی بەشدارن تێیدا، هێشتا ناسنامەکەی وەک سوپایەکی پڕۆفیشناڵ دیارنییە و زۆرجار لە دۆخە نائاساییەکاندا فەرماندە باڵاکانی سوپا بەگوێرەی مەیلی سیاسی و مەزهەبی کاردەکان و لە روبەڕوبوونەوەیان لەگەڵ تەحەدیی و تەنگژەکاندا لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە جیاواز مامەڵە دەکەن، یان حزب و نەتەوە و پێکهاتەکان مامەڵەیان لەگەڵ فەرماندە باڵاکانی سوپادا لە یەک مەودای یەکساندا نییە، بۆیە پێوەری نیشتمانی بوونی سوپا پەیوەستە بە پێوەری نیشتمانی بوونی حکومەت و سیستمی سیاسیی و فەرماندەکانی ریزی یەکەمی سوپاوە، نەک بە خودی سوپاکەوە وەک ئۆرگانێک لە چوارچێوەی سیستمی بەرگریدا.

وتارەکانی نوسەر