پەشمەک

ئەو منداڵەی هیوای گەورەبوونی بۆ ناخوازم

10:58 - 2023-01-08
ڤینۆس فایەق
431 خوێندراوەتەوە

81

چەند کەس لە دەسپێکی ساڵی نوێدا سڵاوێکی لە منداڵەکەی ناخی کرد؟ رەنگە بەلای هەندێ کەسەوە ئەمە گەمژەترین پرسیار بێت کرابێت، بەڵام لە راستیدا لەناو هەر یەکەماندا منداڵێک هەیە لەبیرکراوە، خەفەکراوە، لە توانایدایە چەمکی بەختەوەری بکاتە راستی، ئەو بەختەوەرییە راستەقینەیەی تەنها لە چاوی منداڵەکاندا وەکو خۆر دادەگیرسێت کە بچووکترین داواکارییان بۆ دەستەبەر دەکرێ. 
ئێمە زوو گەورە دەبین، یان زوو گەورە دەکرێین، لێناگەڕێن پڕ بەو دڵە بچووکەی منداڵیمان تێر یاریی و هەڵبەز و دابەز و راکەڕاکە بکەین بێ ئەوەی چاومان لێ سوورکرابێتەوە. هەر زوو بە «عەیبە، نابێت، نەشیاوە، گەورەبووی، لەوە گەورەتر نابیت...تاد» گوێچکەمان پڕ دەکەن. هەر ئەمانەین دەبین بە دایک و باوک، مامۆستا، ئەندازیار و پارێزەر وتەنانەت ئەوانەشی حوکمی وڵات دەکەن و هیچ رۆحێکی منداڵی لە بەرهەمەکانماندا نابینرێتەوە، چاومان بەرایی نایەت منداڵێک بەو هەموو عەفەوییەتەوە هەڵبەز و دابەز دەکات ببینین، خێرا دایدەپڵۆسین. هەر ئەمانەین دەبینە شاعیر، رۆماننووس، رۆژنامەنووس، وتارنووس و لێکۆڵەری سیاسی وتوێژەری بوارە جیاجیاکان و کەمترین قسە لە منداڵەکەی ناخمان دەکەین یان هەر نایکەین. 
هەر یەک لە ئێمە لاشەی منداڵێکی خنکاو و مردوو لە ناخیدا کەوتووە، نە فڕێی دەدات و نە زیندووشی دەکاتەوە، ئەوەشی هەوڵی زیندووکردنەوەی دەدات بە چاوێکی نزم و سووک سەیری دەکەن و لە وشەی جوانی «منداڵ» ناو وناتۆرەیەک دادەتاشن و پێی دەڵێن «مناڵۆچکە». 
ئاخر «منداڵی» تەنها قۆناخی سەرەتای تەمەن نییە، منداڵی زۆر لەوە زیاترە، بۆ خۆی فەلسەفەیە جیهانێکە تایبەت بە خۆی دەبێت تیایدا قووڵبیتەوە، ئەگەر لەسەر ئەژنۆ بۆ منداڵێک دانەنیشتبیت گوێی لێبگری، هەرگیز منداڵەکەی ناخت ناناسیت. 
ئۆشۆ ئەڵێ: «جارێکی تر ببەرەوە بە منداڵ، چونکە تەنها لەگەڵ منداڵیدا عەفەوییەتت بۆ دەگەڕێتەوە و سەرلەنوێ دەبیتەوە بەشێک لە لافاوی سروشت». 
جوانترین دەقە شیعرییەکان ئەوانەن کە شاعیر تیایاندا دەگەڕێتەوە بۆ شتێک لە منداڵی و بەشیعر دەیگێڕێتەوە. شاعیرەکان لە هەموو کەس زیاتر ناو بە ناو ختووکەی منداڵەکەی ناوەوەیان دەدەن، جارجارە دەبنەوە بە منداڵ یان لانیکەم لە دەقێکدا سێبەری ئەو منداڵەی ناخیان بەدیدەکرێ. هەندێجار ئەوەی قۆناخێکی سەخت و دژواری منداڵیی تێپەڕاندبێت هەتا کۆتایی ژیانی بەرهەمی دەهێنێتەوە، و هەندێجار پێچەوانەکەشی راستە. 
غەسان کەنەفانی دەڵێت: «باوەڕ مەکە ئادەمیزاد گەشە دەکات، نەخێر، ئەو لەناکاو لەدایک دەبێت، وشەیەک لە چرکەیەکدا لەسەر ریتمی ترپەیەک بۆ ناو سینگی دزە دەکات، دیمەنی کەسێک لە بنمیچی منداڵییەوە بۆ سەر سەختیی رێگەی ژیان بەردەبێتەوە». 
ئەو منداڵییە هەموو کات چەتوون نییە، زۆرجار گەڕانەوەیە بۆ پاکی و لاپەڕە سپییەکان، گەڕانەوەیە بۆ پێش خەم و رق وکینە و سەختییەکانی ژیان، ئیتر ئەوەی لە شەوی سەری ساڵدا هیوای گەرەبوونم بۆ نەخواست منداڵەکەی ناخم بوو. جا من بەزەییم بە منداڵی ئێستادا دێتەوە، چونکە ئەو منداڵییە لە کوچە و کۆڵانەکاندا ئەزموون دەکرێ، ئێستا هەموو لەسەر ئامێرە زیرەکەکان تەنها دیمەنەکانی کوشتن و راوڕووت وخوێنڕشتن دەبینن، تۆبڵێی ئەمانە کە گەورەبوون چۆن باسی منداڵی بکەن؟ تۆبڵێی منداڵێک لە ناخیاندا هەبێت تاوتاوە 
سڵاوێکی لێبکەن؟

وتارەکانی نوسەر