هەر راستی دەیباتەوە

02:09 - 2023-01-08
ستران عەبدوڵڵا
287 خوێندراوەتەوە

گوتنەوەی پەند و گێڕانەوەی پەند كارێكی باشە. چونكە پەند بۆ پەند وەرگرتنە تا نەبین بە پەند. جا سلێمانییەكە خۆشتری دەڵێ (پەن).. ئیقاعەكە هەر ئەوەندە دەردەچێ لە نووسین، بەس مەعلومە چۆن دەوترێ.
پەند بە كوردی و عەرەبی لە ئیختیاری بەندەكانی خودایە. جا كورد بن یان عەجەم. عەرەب بن یان ئەمازیغ. خەڵكی ئێران بن، یان توران. پەند دەرسی ئیقلیمگیرە بۆ ئەوەی تێبفكرێت و تێبفكرین.
دەڵێن زەمانی سەرهەڵدانی ئاینەكان كابرایەك هەبوو ناوی (حەنون) بوو. ئەمە مەسیحییەكی بەدەعیە بوو. حەزی لە هەیلەمان و تاجی سەرشان بوو. رێك پێچەوانەی پەیامی مەسیح و پەیامی گشت ئاینەكان كە پەیامی یەكسانییە. جا حەنون هیچی بە هیچ نەكرد. بیستبووی ئاینێكی تازە پەیدا بووە ناوی ئیسلامە و خەڵكی دەبێ تەڤلی ببێت تا ببێتە موسڵمان و شەئن و ناو پەیدا بكا و شایەتمان بێنێ. حەنون بوو بە موسڵمان. وایزانی تاج و نەجمەی گەورەتری دەدەنێ. لە میانی مامەڵەدا بۆی دەركەوت ئیسلامی حەزرەتی محەمەد، دروودی خوای لەسەر بێ، وەك یەك سەیری بەندەكانی خوا دەكات. عەرەبی و ئەعجەمی، رەش و سپی، بیلال و عومەر، لای فەرقی نییە، مەگەر بە تەقەوای خوا نەبێ. دەی ئاخر حەنون ئیشی بەو دونیا نەبوو، ئیشی بەم دونیا بوو. بۆیە كە زانی ئاینی تازە دادی نادا، بڕیاری دا بۆ دووەم جار سەنگەر بگوازێتەوە و جارێكی دی بووە شوێنكەوتووی حەزرەتی عیسا. لەم كەینوبەینەدا بوو شاعیرێكی عەرەب گوتبووی: (مازاد حنون في الاسلام خردلة ولا النصارى لهم شغل بحنون).
یانی كاكی سەنگەر گواستۆوە زۆر ئەرزشی نییە، نە بوونی بە موسڵمان دەسكەوت و هێز و قوەتە، نەچوونیشی بۆ سەنگەری تر زیان و زەرەرە. گشتی تۆز و بایە، یانی (خەردەلە)یە. 
لێرە بە پەندی شاعیرێكی نەناسراوێكی كەلتوری عەرەبی دەستمان پێكرد، خراپ نییە بە پەندێكی جوانی كوردەواری كۆتایی پێبێنین كە هی شاعیرێكی ناسراوی كوردە، حەمدی و بۆ ئەم زەمانە شپرزەیە دەست دەدات:
(ئەم برینانە زەمانە هەر دەبێ ساڕێژی كا             
حەمدی، ئەمما بۆ ئەمەش پێویستە سەعی و حەوسەلە). 
پەیامەكە روونە، پەندیش بە كوردی و عەرەبی جوانە. حەیف دوای ئەم كەلتوور و خەزینە دەوڵەمەندە، هەبن خۆیان بكەن بە (پەن).
ئەم شپرزەییەش تێدەپەڕێ و (راستی رێرەوی) خۆی وەردەگرێتەوە.

وتارەکانی نوسەر