سێگۆشەی تاریک

09:52 - 2023-01-09
ئەرسەلان مەحمود
308 خوێندراوەتەوە

ئامانجی مۆسکۆ لە لەیەکتر نزیککردنەوەی ئەنقەرە و دیمەشق شاراوە نییە، بەدەستهێنانی تورکیا بۆ بێلانەنکردنی لە قەیرانی ئۆکرانیا لە بەرژەوەندی وڵاتەکەیدا دەبینێت، پێیوایە فراوانکردنی درزی نێوان تورکیا و خۆرئاوا و ئەمریکا بەتایبەتی، تورکیا لە بەشداریی چالاکییەکانی ناتۆ دوور دەخاتەوە. 
لۆژیک لەم هەنگاو و خواستەی کرملین، بێگومان تێگەیشتن و کەڵک وەرگرتنیەتی لەدۆخی ئێستای ئەردۆغان و پارتەکەی لەناوخۆی تورکیادا.
هەر ئەوەش نا، ترسی ئەردۆغان و پارتەکەی (پارتی دادو گەشەپێدان) چەندە جدییە لەهەڵبژاردنی ئەمجـارەدا، مەترسییەکـەی روسیـاش هێندە راستەقینەیە و نایەوێت شکستی دەسەڵاتدارانی ئێستـای تورکیا ببینێت، چونکە دەزانێ ئۆپۆزسیۆن زۆر نزیکە لە خۆرئاوا و واشنتۆنەوە، لەبەر ئـەوە ئـامـادەی گرتنەبەری هـەر جـۆرە رێ و شوێنێکە کە هێشتنەوەی ئەردۆغان لەسەرۆکایەتی مسۆگەر بکات.
روسیا دەمێک ساڵە گرەو لەسەر زیندووکردنەوەی کارتی هەماهەنگی و هاوکاری نێوان دیمەشق و ئەنقەرە دەکات و دەیەوێت لەو رێگەیەوە کـورد لە باکووری خۆرهەڵاتی سوریا واتا رۆژئاوای کوردستان گـەمارۆ بدات، ئـەمە نەک لەبەرئەوەی دژە کوردە، بەڵکو لەبەر ئەوەی لە دیدی روسیادا کوردبوون بە سەرەکیترین هۆکاری ئامادەیی و مانەوەی ئەمریکا دەزانێت و وەک سێگۆشەی یەکگرتنەوەی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی خۆی و سوریا و تورکیا دەبینێت.
ئێستا راستە گۆشەی روسیا گۆشەی شوێن پێلێژکردنی پێگەی ئەمریکایە و گۆشەی سوریا گۆشەی خەوبینینە بە خەونە کۆنەکانییەوە و گـۆشەکـەی تورکیاش بەدەست ئەردۆغان و پارتەکەیەوە بۆتە گۆشەی دەستکەوت بـۆ سەرکەوتن لە هەڵبژاردنی حوزەیرانی داهـاتوودا، تـا وەک لـەنـاوبـردنی هەڕەشەی تیرۆر لەسەر وڵاتەکەی و کردنەوەی دەرچەی چارەسەر بـۆ پـرسی پـەنابـەران و بـوژاندنەوەی بازرگانی و ترانزێتی دوو لایەنە لەگەڵ سوریا بە گەلانی وڵاتەکەی بفرۆشێتەوە.
بەڵام گۆشەکان هێشتا ئەو گۆشە هاوتاو هاوسەنگانە نین، پێچەوانەی مۆسکۆ، دیمەشق چاوێکی تری لە ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانییەتی لـەگـەڵ ئەنقەرەدا، ئەسەد بۆ میدیای روسیا وتی: هیوادارم ئۆپۆزسیۆنی تورکیا بتوانێ بگاتە لووتکەی سەرۆکایەتی تـورکیـا و رێکـەوتن لـەگـەڵ ئۆپۆزسیۆنی تورکیا باشتر دەبینم لە رێکەوتن لەگەڵ دەسەڵاتی ئێستای تورکیا.
ئەمە دوای ئەوە هات ئۆپۆزسیۆن هەموو کارتەکانی خۆی لەم بوارەدا ئاشکرا کرد و ئامادەیی خۆیان بۆ قەرەبووکردنەوەی سوریا راگەیاند بوو، دیمەشق لە ئەردۆغان بەدگومانە و هێشتا نایەوێ لەم باسەدا پەلە بکا و داواکاری خۆی هەیە و مەرجەکانی خۆی دەڵێت، یەکەم، دەیوەوێت پێناسەیەکی هاوبەشی تیرۆریزم بکرێ و کورد بخاتە دەرەوەی بازنە، دووەم دەیەوێت تورکیا هەموو شێوازەکانی پشتیوانی و ئاسانکارییەکانی بۆ جیهادییەکان لە ئیدلب رابگرێت، سێیەم دەیەوێت سوپای تورکیا پاشەکشە لەو ناوچانە بکات لە چوار پارچەی ئۆپەراسیۆنیدا داگیری کردون.
کورت و پوخت، ناخەمڵێندرێ ئەم رێڕەوە دواجار بەکوێ دەگات، پێش هەڵبژاردنەکان یان دوای هەڵبژاردنەکان دەگەنە وێستگەیەکی هاوبەش، ئەوەی دیارە روسیا لەسەر هێڵە، ئەردۆغان پەلەیەتی، ئەسەد دوای دەخات.

وتارەکانی نوسەر