لە پەنجەرەی پەروەردەوە

نمرەی سەد لە سەد

10:30 - 2023-01-10
مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان
412 خوێندراوەتەوە

ئایا رۆژێک وەک مامۆستا لە خۆت پرسیوە چۆن هەڵسەنگاندنێکی بابەتی و هاوسەنگ دەکەیت بۆ هەموو قوتابیان بەگشتی لە پۆلێکدا؟ ئایا پرسیوتە بۆ هەڵسەنگاندن دەکەیت؟ ئایا بە تێڕوانینی تۆ کامیان باشترە، هەڵسەنگاندن یان فێربوون؟ ئایا تاقیکردنەوە دەبێتە خستنەبری هەڵسەنگاندن؟ ئایا نمرەی خوێندکار لەسەر کارت تاکە پێوەرە بۆ ئاستی فێربوونی خوێندکار لە بابەتێک؟ زۆر پرسیاری تریش حەقە لە سەروبەندی تاقیکردنەوە و هەڵسەنگاندنەکاندا بیری لێ بکرێتەوە، گرنگە پێش بڕیاردان لەهەر ئەنجامێک بە شێوەیەکی واقیعی و بابەتی و زانستی لێی بکۆڵرێتەوە و بەدواداچوونیشی بۆ بکرێت، ئەوەی ئێستا دەبینرێت لە رووپەڕی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کاردانەوەی خێزانەکان لەسەر پەڕەی کارت و ئەنجامی قوتابیان جێگەی تێڕامانێکی قووڵە، ناکرێت هەروا وەک شتێکی ناگرنگ و تێپەڕ بۆی بڕوانرێت، شەڕ و داکۆکی لەسەر نمرەی سەد لە سەد، بێ بنەمایەکی دروستی هەڵسەنگاندن و نمرە بەخشینەوە بێ دەستنیشانکردنی ئاستەکانی فێربوون و بێ هیچ پێوەرێکی زانستی بۆ ئەو هەڵسەنگاندنە بەتایبەت لە بازنەی یەکەمی خوێندندا و لەوەش گرفتتر بەکارهێنانی تاقیکردنەوەی نووسینەکی و خستنە بەردەست خوێندکار کاغەزی پرسیار و وەڵامدانەوەی نووسینەکی و ئەوەش بە تەنها سەرچاوەی دانانی نمرە دابنرێت، گرفتێکە دەبێت بەدواداچوونی بۆ بکرێت، چونکە نابەرابەریەک لە ئاستی فێربوون و نمرەی بەدەستهاتوو بەدی دەکرێت، لەلایەکەوە بەشێوەیەکی بەرفراوان سکاڵای دابەزینی ئاستی فێربوون دەکرێت بەتایبەت لە پۆلەکانی یەکەم و دووەم و سێیەمدا و دەوترێت خوێندکاران بەباشی فێرنەبوون، لەلایەکی تریشەوە شەڕی نمرەی سەد لەسەد و نمایشکردنی نمرە و کارت و داکۆکیکردن لەسەر یەکەم و دووەم و سێیەم لە پلەبەندی دەرچووندا کە هیچ بنەمایەکی زانستی نییە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی تەنیووە، وەزارەتی پەروەردە نابێت بە سانایی سەیری ئەم دیاردەیە بکات، کارگێری قوتابخانەکان پێویستە بەدواداچوونی ئاستی بەدەستهاتووی زانستی بکەن و کاری لەسەر بکەن، چۆن رێژەی کەمی دەرچوون کێشەیە بەهەمانشێوە رێژەی زۆری دەرچوونیش دەبێت بەدواداچوونی بۆ بکرێت، شۆڕبوونەوەی ئەم دیاردەیە بۆ ناو خێزان و بە هەڵە تێگەیشتن لە هەڵسەنگاندن و نمرە و دەرچوون خەریکە لە سنوری سرووشتی تێدەپەڕێت و دەچێتە بارێکی نادروستەوە بە جۆرێک هەندێکجار کێشەی کارگێڕی قوتابخانەو خێزانەکانی لێدەکەوێتەوە، بنەڕەتی ئەم گرفتانە یەک لایەنە نییە، بۆ نموونە تێکەڵبوونی کێشە پەروەردەییەکان بە کێشەی کەلتوری و بیرکردنەوەی کۆمەڵگە و کاریگەری بیرکردنەوە هەڵەکان لە ئەنجام و ئاستی زانستی تەنانەت لە بیرکردنەوەی زۆرێک لەمامۆستایان و پەروەردەکارانیش چەسپیوە کە تائێستا نمرەی بەرز بە تەنها پێوەری پێوانەی خوێندکاران و دەستنیشانکردنی ئاستیان دەزانن، تێگەیشتن لە فێربوون بە تەنها لەبەرکردنی دەقەکان و جوینەوەی وشە و رستەکانی ناو کتێب کاریگەری زۆر نەرێنی بەجێهێشتووە لە چاوەڕوانکردنی نمرەی سەد لەسەد، ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە جیاکارییەکی زۆر دەخاتە نێوان خوێندکاران و تەنانەت گەیشتۆتە ئاستێک داوای جیاکردنەوەی خوێندکاری نمرە کەم و نمرە بەرز بکرێت لە پۆلەکاندا ئەمەش ئەوپەڕی تێنەگەیشتنە لە بنەماکانی فێربوون و جیاوازی تاکایەتی و جیاکارییەکی ئاشکراشە لە نێوان خوێندکاراندا.

وتارەکانی نوسەر