وردتر

میدیای نوێ و بەرپرسیارێتی

10:41 - 2023-01-10
لەشکر حەمە ساڵح
437 خوێندراوەتەوە

دوو رۆژی تر، دروست لە 12ی كانوونی دووەم یادی رۆژنامەی كوردستانی نوێ؛ ئەو رۆژنامەیەی كە سەرەڕای گەشەكردنەكانی میدیا و هاتنەكایەی میدیای دیجیتاڵی و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و كەوتنی دەیان رۆژنامە و گۆڤاری تر، هەر بەپێوە وەستاوە.
چیرۆكی كوردستانی نوێ، بەتایبەتی لە هەمبەر تەوژمی میدیای نوێدا، چیرۆكێكی سەرنجڕاكێشە. ئەو رۆژنامە رۆژانەیەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان توانیویەتی تەسلیمی واقیعە خراپ و ئاڵۆزەكەی بارودۆخی ئەمڕۆی میدیای كوردستان و ناوچەكە نەبێت، هەروەك توانیویەتی هێڵی سیاسی و رۆژنامەوانی و میدیایی خۆی بپارێزێت؛ بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە، ئەو خۆپاراستنە لە گلۆربوونەوەی میدیایی و دابەزینی ئاستی ناوەڕۆك و تەكنیك، مانەوەیە لەسەر رێچكەی میدیای هاوسەنگ و بەرپرسیار یان دواكەوتنە لە كاروانەكە؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە ئاڵۆزە، پێویستە لە دوو روانگەی سەرەكییەوە بڕوانین. روانگەی یەكەم پێڕاگیشتنە بە گەشەكردنەكانی میدیای نوێ، ئایا ئەو میدیا نوێیە بەشێوەیەكی گشتی توانیویەتی میدیایەكی بەرپرسیار بێت لە ئاست بابەت و دۆسێ هەستیارەكاندا یان میدیایەكی هەڵەشەی پڕ لە كەموكوڕی و هەڵەی پیشەییە؟ 
روانگەی دووەمیش قسەكردنە لەسەر چارەنووسی میدیای كاغەزی بەتایبەتی و میدیای تەقلیدی بەشێوەیەكی گشتی. ئایا ئەم سەردەمە، سەردەمی تیكتۆك و ئینستاگرامە یان رۆژنامە و گۆڤارە دێرین و كلاسیكەكان؟ سەردەمی ئەستێرە ساختەكانی جیهانی سیاسەت و پۆپۆلیزمی سیاسەت و میدیایە یان شیكەرەوە ئاستبەرز و لێكدانەوە قووڵ و بابەتییەكان؟
لە روانگەی یەكەمدا، دەتوانین بڵێین تا ئاستێكی زۆر میدیای نوێ، میدیایەكی نا بەرپرسە و سەر بەهەموو كون و قوژبنێكدا دەكات و داخڵی كاروباری شەخسی و تایبەتی كەسەكان دەبێت، بەشی زۆری ناوەڕۆكەكەی هەواڵی ساختە و شێوێنراوە. ئەمە نەك لە كوردستان، بەڵكو لە هەموو ناوچەكە و جیهانیشدا هەر بەو جۆرەیە، زۆرجار دەوترێت، ئەوەی لە میدیای نوێدا بەرچاو دەكەوێت، میدیایەكی ئاستنزمی ناپیشەییە، پێشتر گۆڤار و رۆژنامە زەرد و ئاستنزمەكان خەریكی بوون، بەڵام خەریكە بەسەر میدیای جددی و بابەتیدا زاڵ دەبێت. تەماشای ژمارەی بینەر و خوێنەر و وەرگری ئەو میدیا ئاستنزمانە بكە و بەراوردی بكە بە بەشداریی لە میدیا جددی و بابەتییەكان كە بەداخەوە زۆرینەیان لە پاشەكشەدان و لە بەردەم هەڕەشەی داخستندان.
لە روانگەی دووەمدا، ئایا بەڕاستی میدیای كاغەزی بەتایبەتی و میدیای تەقلیدی بەشێوەیەكی گشتی لە بەردەم چارەنووسێكی خراپدان؟ راستە میدیای چاپكراو لە پاشەكشەیەكی جیهانیدایە؛ بەڵام ئاخۆ دەكەوێت؟ وەڵامدانەوەی پرسیاری كەوتن قورسە، لەوانەیە لە وڵاتێك بۆ وڵاتێكی تر چیرۆك و بەسەرهاتەكان جیاواز بن، هەروەك لە رۆژنامەیەکەوە بۆ یەكێكی تریش هەر جیاوازبێت. كاتێك كوردستانی نوێ دەیەوێت لە هەمبەر ئەو هەڕەشە وجودییەدا بەپێوە بمێنێتەوە، جێگەی سەرنجە، ئایا دەتوانێت و سەركەوتوو دەبێت؟ ئەوەی دەبینرێت سەركەوتنی كوردستانی نوێیە بەسەر لەمپەرەكاندا، بگرە گەشەكردن و هەنگاونانە بۆ فراوانبوون و خۆگونجاندن لەگەڵ سەردەمی دیجیتاڵیدا، بەڵام بەجەختكردنەوە لەسەر ئاستی بەرزی میدیای پیشەیی و بەرپرسیار.
لە جیهاندا دەیان و سەدان و بگرە هەزاران چاپكراوی كاغەزی پاشەكشەیان كرد و داخران، هەندێكیان بوونە دیجیتاڵی، هەندێكی تر تێكەڵاوی دامەزراوەی تر بوون، ئێستاش كاتی ئەوەیە كوردستانی نوێ هەردوو روانگەكە تێكەڵاو بكات، پارێزگاری لەسەر هێڵی هاوسەنگ و بابەتی خۆی بكات، بەڵام لە كاروانی گەشەكردنی میدیایی دوانەكەوێت.

وتارەکانی نوسەر