کوردستانی نوێ لە 32 ساڵەیدا

10:46 - 2023-01-11
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
299 خوێندراوەتەوە

هەر میدیایەك بیەوێت بە زوویی بگات بە خوێنەر و وەرگر، ئەوا باشترین رێگا بۆ ئەو مەبەستە، بەردەوام بۆڵەبۆڵكردن و پەلەكردن نییە لە دروستكردنی هەواڵ بە پلەی یەكەم، بەڵكو باشترین رێگا بۆ گەورەبوونی میدیا و ناساندنی و خۆشویستنی و مانەوەی لە پێگەیەكی گەورەدا، راستگۆیی و ئەتەكێت و دروستكردنی متمانەیە لای وەرگر. بەم لۆژیكە بێت، ئەو میدیایەی كە هەمیشە وەرگر بەبەشێك لە خۆی دەبینێت و بەردەوام لە رێگەی كارەكانییەوە ئاگای لە وەرگرەكانێتی، هەمیشەش وەرگر ئەو میدیایە بە میدیایەكی رووسوور و زیندوو دەهێڵێتەوە.
لە میدیای پرۆفیشناڵ و نمونەییدا، دەبێت دوو بابەتی تەریب بە یەكتر هەبن، وەك چۆن كاری پرۆفیشناڵانە و باش ماندووبوونی دەوێت و میدیاكان زۆرترین هەوڵی خۆیان دەدەن تاكو كارێكی جوان پیشان بدەن. بەهەمانشێوە پێویستە بەهەمان توانایی و وریایی و وردیشەوە دژی هەر هەواڵ و زانیارییەكیی فەیك و دروستكراویش بوەستن و رێگری بكەن لەو هەواڵ و زانیارییانەی كە ناوبانگی میدیا لەكەدار دەكات و پێگەی دادەبەزێنێت.
وەك رۆژنامەنووس، لە ماوەكانی رابردوودا كە بەركەوتنم لەگەڵ میدیای كوردی هەبووە، زۆرترینجاریش كێشەی راست و دروستی هەواڵ و زانیاریی هاتووەتە رێگەمان، بەڵام یەكێك لە ئەو میدیا سەنگین و بە نرخانەی بە باشی رووبەڕووی هەواڵی ناڕاست بۆتەوە، رۆژنامەی «كوردستانی نوێ» بووە، ئەمەش وایكردووە ئەم دەزگایە تەنها وەك میدیایەكی حزبی و بەشدار لە ئەو رەنگڕێژییە حزبییە دەرنەكەوێت كە میدیاكانی دیكەی كوردستانی پێدەناسرێتەوە، ئەم میدیایە نەك تەنها بەرپرسیارێتی پرۆفیشناڵبوونی لەئەستۆدا بووە، بەڵكو بەردەوام شانشانێنی لەگەڵ ئەو شەپۆلە بەهێزەی سەردەمی ئەلیكترۆنیاتیش كردووە كە لە رێگەی زوو گەشتنی بە وەرگر، دەیەوێت تەواوی میدیاكان لاواز بكات بەخودی میدیای كاغەزیشەوە.

هێزی مانەوەی ئەم رۆژنامەیە لە 32 ساڵەی تەمەنیدا، تەنها لەوەدا نییە كە حزبێكی گەورە و ئابوورییەكی زۆر لە پشتی لاپەڕەكانییەوە بێت، بەڵكو هێزی مانەوەكەی ئەو دنیابینییە گەورەیە بووە كە ویستوویەتی «كوردستانی نوێ» بۆ كوردستانێكی نوێ بێت

بەهۆی پرسی حزبیبوون، گەشەی سۆشیال میدیا، دووركەوتنەوەی وەرگر لە هەواڵ، زۆربوونی جۆرەكانی میدیا لە كوردستان، وەرگری كورد دووركەوتۆتەوە لە میدیا و زۆرجار وەرگری كورد هەموو میدیاكانی بە یەك چاو بینیووە، بەڵام  رۆژنامەی «كوردستانی نوێ» لە رێگەی شوناسە مێژووییەكەیەوە نەیهێشتووە ببێتە بەشێك لە ئەو فەوزا و جەنجاڵییەی لە كوردستاندا هەستی پێدەكرێت، بۆیە كوردستانی نوێ هێشتا خاوەن هەمان ناو و ناونیشانی بەرپرسیارانەی خۆیەتی بەرامبەر خوێنەرەكانی. زیادەڕەویش نییە بڵێم ئەخلاقی كاری رۆژنامەوانی لەم رۆژنامەیەدا گەلێك بەرپرسیارانە و نموونەیی و باڵایە لە سەردەمێكدا كە میدیای كوردی لە قەیرانی ناسنامە و میسداقیەت و وەرگردایە.
لەم زەمەنەی هەمەجۆربوونی میدیادا، ئاسان نەبووە میدیایەكی كاغەزی بتوانێت بەربەرەكانێی تەواوی جۆرەكانی دیكەی میدیا بكات، بەڵام ئەوەی پایەی مانەوە و راستگۆیی «كوردستانی نوێ»ی بە بەهێزیی و تۆكمەیی هێشتووەتەوە و وایكردووە بەردەوامیی بە كوردستانی نوێ بدات، ئەو ستایل و فۆرمی كاركردنە بووە كە ئەم رۆژنامەیە هەیەتی و دەستبەرداری بنەماكانی كاركردنی خۆی نەبووە و ساڵ لە دوای ساڵیش زیاتر فلتەری شێوازی ئیشكردنی خۆی دەكات و زیاتر هەست بەو بەرپرسیارێتییە دەكات كە لەنێوان ئەو و وەرگرەكانیدا هەیە.
هێزی مانەوەی ئەم رۆژنامەیە لە 32 ساڵەی تەمەنیدا، تەنها لەوەدا نییە كە حزبێكی گەورە و ئابوورییەكی زۆر لە پشتی لاپەڕەكانییەوە بێت، بەڵكو هێزی مانەوەكەی ئەو دنیابینییە گەورەیە بووە كە ویستوویەتی «كوردستانی نوێ» بۆ كوردستانێكی نوێ بێت، شێوازی كاركردن و مێژووە گەورەكەی كوردستانی نوێ و پشتنەبەستن بە هەواڵی ناڕاست، هێزی ململانێ و مانەوەی كوردستانی نوێ_یە.

وتارەکانی نوسەر