لەسەروبەندی ساڵیادی دامەزراندنی رۆژنامەی کوردستانی نوێدا، وێڕای پیرۆزباییم، بە پێویستم زانی رۆڵ و گرنگی ئەو رۆژنامەیە وەبیر خوێنەران و هەموولایەک بهێنمەوە، هەڵبەتە وەک خوێنەرێک یاخود وەک ئەوەی کە چاودێریی رۆژنامە و سایت و میدیاکانمان کردووە، لە ناویاندا رۆژنامەی کوردستانی نوێ بەنموونە، هەم خوێنەر بووین و هەندێکجاریش بەشداربووین تێیدا بە نووسین.
یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان سەرەڕای خەباتی شاخ و شار و شۆڕش و رێکخستن، هاوکات گرنگیی بە لایەنی بیر و هۆشیاری و راگەیاندن داوە و بابەتی هۆشیاری بەشێکی گرنگی سیاسەتەکەی بووە، هەرئەمەش هۆکار بوو کە لە دوای راپەڕینی 1991 بە ماوەیەکی کەم، لەسەر پێشنیاز و راسپاردەی سەرۆک مام جەلال کۆبوونەوە و ئامادەسازی کرا بۆ دامەزراندنی ستافێکی شارەزا و خاوەن ئەزموون و کارا بە دیاریکراوی لە رۆژی 12-01-1992 ژمارە سفری رۆژنامەی کوردستانی نوێ کەوتە بەردیدی خوێنەران. ئیتر ئەم رۆژنامەیە بوو بە یەکەمین رۆژنامەی رۆژانەی کوردی کە لەدوای راپەڕینەوە مۆڵەتی رەسمی لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە وەرگرتبێت و تا نووسینی ئەم بابەتەش بەردەوامە لە دەرکردنی ژمارەکان.
ئەوەی جێی ئاماژە پێکردنە ئەم رۆژنامەیە سەرەڕای ئەوەی کە سەربە راگەیاندنی حزبێکە یاخود لەژێر چەتری دەزگایەکی حزبیدایە، هاوکات بەشێوەیەکی ئازاد و راستگۆیانە و بوێرانە لە چوارچێوەی رێسا و یاسا کار دەکات، چونکە هەر خودی مام جەلال پێشنیازی ئەوەی کردبوو کە لە راگەیاندنەکانی یەکێتیدا، ئازا و ئازادبن لە رەخنەگرتن.
کوردستانی نوێ لە هەموو لایەنەکانی ژیانی مرۆیی کۆڵیوەتەوە و برەوی داوە بە هەموو بوارەکانی رۆشنبیری و پەروەردەیی و کەلتوری و ئەدەبی و هونەری و مێژوویی و سیاسی و ئابووری و تەندروستی و سروشت و ژینگەیی و خەڵکانی شۆڕشگێڕ و ئەرشیفکردنی شەهیدان و بۆنە نەتەوایەتییەکان و ئینتیمای نیشتیمانی و دەیان بواری تر.
دەستێکی باڵای هەبووە لە گەیاندنی پەیامی خەڵک بە حکومەت بە مەبەستی دەستەبەرکردنی خزمەتگوزاری، ئەوەی جێگەی شانازییە بۆ ستاف و نووسەرانی ئەوەیە کە تەنها رۆژنامەیە توانیویەتی رووبەڕووی هەموو ئاستەنگ و قەیرانەکان ببێتەوە و بەردەوام بێت لە گەیاندنی هەواڵ و زانیاری و خزمەت، هەربۆیە قوتابخانەیەک بووە بۆ ناساندن و پێگەیاندنی دەیان نووسەری دیار و بەناوبانگ، کە رەنگە ئێستا بەشێکیان لە ژیاندا نەمابن.
کوردستانی نوێ بۆ من تایبەتە و دەروازەیەک و قوتابخانەیەک بوو بۆ دەوڵەمەندکردنی بیر و هزرم لە بواری نووسین و کاری رۆژنامەگەریدا.
لە 32 یەمین ساڵیادی دامەزراندنیدا، وێڕای پیرۆزبایی گەرم لە خۆم و سەرنووسەر و جێگرانی سەرنووسەر و دەستەی نووسەران و تەواوی ستافە ماندوو نەناسەکەی و هەموو خوێنەران و نووسەران، بەو هیوایەی ساڵی ئایندە ساڵی بەرەوپێشچوون و بەردەوامبوون بێت لە کاری ناوازە و جوانتر .
کوردستانی نوێ، یەکەمین مینبەر بوو بۆ چەسپاندنی دەسکەوتەکانی راپەڕین