موجامەلە دادی دۆخەكە نادات

10:32 - 2023-01-17
جەمال ئارێز
191 خوێندراوەتەوە

دۆخی حوكمڕانیی هەرێم لەوەدا نەماوە بە موجامەلە و یاداشت پەردەپۆش بكرێت، هاووڵاتیان لەو دۆخە بێزاربوون و دەیانەوێت لانیكەمی ئەو هۆكارانە بزانن كە كایەی حوكمڕانی هەرێمەكە بەدەستییەوە دەناڵێنێت.
خەڵكی كوردستان بایی هێندە هۆشیاریی نەتەوەیی و نیشتمانی و مرۆییان هەیە كە داواكارییەك بەرزنەكەنەوە كە بزانن لە دەرەوەی ئیرادە و توانای دەسەڵاتی خۆماڵییەوەیە، بەڵام خۆ ناكرێت لە دۆخێكی وەك ئێستادا كە لە سایەی سەرۆكی كابینەی نۆیەم و ستافە نزیكەكەیدا، نە داهاتی حكومەت كەمە و نە جەنگ لە ئارادایە و سەرباری ئەوەش نرخی نەوت بەراورد بە 2014-2020 لانیكەم دوو بۆ سێ هێندەی ئەو ساڵانەیە و رۆژانەش بەگوێرەی راگەیەندراوو داتاكانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان سەدان هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەكرێت، بەڵام خەڵك هەر كێشەی مووچە و نەوت و غاز و خزمەتگوزاریی هەبێت و بشمانەوێت دەنگیان لێوە نەیەت.
پێدەچێت هۆكارەكانی دانبەخۆدا گرتن و بێدەنگبوونی ی.ن.ك لە قۆناغێكدا پەیوەست بووبێت بە دەرفەتدان بە سەرۆكی ئەم كابینەیە تا لەڕێی یاداشت و موناقەشەوە وەك دوو هاوبەشی حوكمڕانی چارەسەری بەشێك لەو گرفتانە بكرێت، بەتایبەتی جیاكارییكردن لە سنووری (سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان، راپەڕین و كۆیە)، بەڵام دەركەوت ئەو دانبەخۆداگرتنە و ئەو گفتوگۆ هێمنانەیە سوودی نییە لەگەڵ سەرۆكی ئەم كابینەیەدا كە بەداخەوە لە مێژووی حوكمڕانیی هەرێمدا هیچ كام لە كابینەكان هێندەی كابینەی نۆیەم بێباك و نادادپەروەر نەبووە لە هەموو بوارەكانی (پێشێلكردنی یاسا، بەرتەسككردنەوەی ئازادییەكان، جیاوازیكردن لەنێوان پارێزگا و شار و شارۆچكەكان لە رووی خزمەتگوزاری و پڕۆژەكانەوە).
یەكێتی كە هەڵقوڵاوی ناو كۆمەڵانی خەڵكە، چیتر نایەوێت باجی كاری نادادپەروەریی سەرۆكی حكومەتێك بدات كە ئیدارەدانی دەوڵەت و حوكمڕانی لەسەر نەهجی دەزگایەكی ئەمنی و هەواڵگریی بەڕێوەدەبات. سەرۆكی ئەو كابینەیە رێكەوتنەكانی پێكهێنانی كابینەكە و سەرنج و تێبینیی لایەنە بەشدارەكانی حكومەت دەخاتە دۆسێی فەرامۆشكردنەوە و دەیەوێت یەكێتی و لایەنە بەشدارەكانیش دەنگیان لێوە نەیەت و ئەوە بۆ خەڵك و میدیاكان روون نەكەنەوە كە كێشەكان لە كوێوە سەرچاوەیان گرتووە!.
ئەو دەیەوێت وەزیر و بریكار و راوێژكار و سەرۆكی دەستە و دەزگاكانی سەر بە حزبە بەشدارەكان لە كابینەكەی بكاتە دیكۆر بۆ قەرەباڵغكردنی كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران و ئەوانەی كە دەسەڵاتیان هەبێت ئەوانە بن كە راژەكەیان لە ئەنجومەنی ئاسایشەوە گواستراوەتەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران و بەناونیشانی راوێژكار یان یاریدەدەری سەرۆك وەزیرانەوە بە مەزاجی ئەو دەسەڵاتی ئەو وەزیرانە بەڕێوەدەبەن كە لە دەرەوەی حزبەكەی و هێڵی سیاسیی خۆی وەزارەتیان لەم كابینەیەدا وەرگرتووە.
دیارە یەكێتی نە دوكانداری سیاسییە، نە حزبێك كە لە ژێر هیچ دۆخێكدا ناچاری ملكەچبوون بێت، بۆیە یەكێتی چ وەك حزب و چ وەك تیمە وزارییەكەی لەسەر ئەو دۆخە ناهەموارەی سەرۆك وەزیران خوڵقاندوێتی، بێدەنگ نابێت، چونكە خۆی بەرامبەر دەنگدەرەكانی و كۆی خەڵكی كوردستان بە بەرپرسیار دەزانێت و چیتر موجامەلە و یاداشتی پەنهانی و كۆبوونەوەی بێدەنگ دادی دۆخەكە نادات، بەڵكو گەیشتۆتە یەقین كە دەبێت هاووڵاتیان بە هەموو چین و توێژەكانەوە زانیارییان لەسەر كێشە و گرێكوێرەكان هەبێت و سەرۆكی حكومەت و تیمەكەشی بهێننە پای ئەوەی شەفافانە داهاتی نەوتی و نا نەوتی سەرتاسەری هەرێم و هۆكارەكانی جیاكاریی لە ئیدارە و خزمەتگوزارییەكان لەنێوان ناوچە جیاجیاكانی هەرێمدا بۆ هەموان روون بكەنەوە.

وتارەکانی نوسەر