لە پەنجەرەی پەروەردەوە

دوای رێنماییەکان چی بکرێت؟

10:33 - 2023-01-17
مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان
985 خوێندراوەتەوە

پەروەردە پڕۆسەیەکی بەردەوامە، بەڵام لە هەمان کاتدا پێویستی بە بڕێکی باش لە سەقامگیری هەیە لە بڕیار و رینماییەکاندا، چونکە هەر بڕیار و رێنماییەک کە لە پەروەردەدا دەردەچێت پێویستی بە کات و دەرفەتی گونجاو هەیە بۆ جێبەجێکردن و پاشان لەبەرئەوەی پەروەردە لەسەر بنەڕەتێکە  کە ئامانجی بەرەو پێشچوون و گۆڕانکارییە، ئەنجام و دەرهاویشتەکانی تەنها بەجێبەجێکردنی رێنمایی و بڕیار و فەرمانە کارگێڕییەکان بەدی نایەن، بەڵکو بەدواداچوون و توێژینەوەو لێکۆڵینەوەی دوای بڕیار و رێنماییەکانی پێویستە، ئاخۆ تائێستا بەشێوەی زانستی و بابەتی و بەپێی ستانداری توێژینەوەو بەدواداچوون، تائێستا ئەوە کراوە؟ ئەمە پرسیارێکی کاکڵەییە، چونکە بەدواچوون واتای ئەوە نییە لەلایەن پەروەردەیەکەوە یاخود سەرپەرشتیارێکەوە ئەوە پشتڕاست بکرێتەوە کە ئایا کراوە یان نا، پەیڕەوکردن واتای سەرکەوتن یان شکستی هیچ پڕۆگرام و رێنمایی و فەرمانێک نییە، بەڵکو خاڵی سەرەتاو ساناترین بەشی جێبەجێکردنی ئەرکەکەیە، ئەرکی گرنگ توێژینەوەیە لە ئاکام و ئەنجامی جێبەجێکردنەکە، ئایا تاچەند بەشیوەیەکی پۆزەتیڤ توانیویەتی گۆڕانکاری لە شێواز و ئەداو جێبەجێکردندا بهێنێتە کایەوە لە چاو پێشتری خۆی؟ یان لێکەوتەو کاریگەرییە لاوەکیەکانی بەشێوەی نەرێنی چی بووە لەسەر کۆی پڕۆسەکە؟ لە کوێ هەڵەو کەموکوڕی هەیە و لە کوێ خاڵی پۆزەتیڤ و کاریگەر هەیە؟ ئەمەش بەهیچ جۆرێ بە سەرنجدانێکی سەرپێی و وەرگرتنی چەند نمووبەیەکی کەم و مەبەستدار بەدی نایەت. 
ئاشکرایە ئەمساڵی خوێندن گۆڕانکاری بەسەر شێوازی پرسیارداناندا هات، لەکاتێکدا پێشتر خوێندکاران راهاتبوون لەسەر شێوە پرسیاری بابەتی، بەتایبەت هەڵبژاردن، بەڵام بەشیوەیەکی خێرا و بێ هیچ توێژینەوەیەک ئاڕاستەی پرسیاردانان گۆڕدرا بە 80٪ی پرسیاری وتاری، واتا وەڵام بەشێوەی نووسین و وەڵامی درێژ، لێرە قسە لەسەر ئەرێنی و نەرێنی جۆرەکانی پرسیاردانان ناکەین، لە ستوونێکی پیشتردا لەوە دواوین، بەڵام ئەوەی ئەمانەوێت بیخەینەڕوو، ئایا هیچ لە بەرنامەو پلانی وەزارەتی پەروەردە بەتایبەت بەریوەبەرێتی ئەزموونەکاندا هەیە بەدواداچوونێکی جدی بۆ ئەنجام و لێکەوتەکانی تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەمی خوێندن بکات، کە بەشێوازە نوێکە پرسیار خراوەتە بەردەم خوێندکاران؟ ئاستی بەدەستهاتووی خوێندکاران بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی رابردوو چی جیاوازی کردووە؟ ئاستەنگەکان لەکوێدابوون و سەرکەوتنەکان لەکوێدابوون؟ بۆچی بڕیارێک دەدرێت و بۆچی بڕیارێکی تر پووچەڵ دەکرێتەوە؟ لەسەر چ توێژینەوەو داخوازییەک بڕیار دەدرێت؟ کەسییە یان زانستی و بابەتی ؟ زۆر لایەنی تر گرنگە لەبەرچاو بگیرێت، نەک خوێندکار سەرلێشێواوی جۆر بەجۆری و گۆڕانکارییە بەردەوامەکانی رێنمایی و بریارەکان بکرێت. 
ئێستا بە هۆی سیستمی( ئی پەروەردە)وە، بەردەستبوونی ئاست و ئەنجامی بەدەستهاتوو کارێکی گران و ئەستەم نییە، بەڵام ئەوەی ئەستەمە، ناکرێت تەنها ژمارە بەدەستهاتووەکان وەک ئەنجامی سەرکەوتن یان شکست وەربگیرێت بۆ سەرکەوتنی هەر پڕۆسەیەک، بەڵکو پیویستە لەشێوازی دانانی پرسیارەکان و شێوازی تاقیکردنەوەکان و رێژەی بابەتی داخڵ بوو بۆ تاقیکردنەوەکانیش و وەڵامەکانیش 
وردبوونەوە بکرێت.

وتارەکانی نوسەر