وردتر

بەسرە، دەرفەتی وەرزش و ئابووری

10:42 - 2023-01-17
لەشکر حەمە ساڵح
217 خوێندراوەتەوە

بۆ یەکەمجارە لە دوای ساڵانێکی زۆر، جامی وڵاتانی کەنداو (خلیجي 25) لە شاری بەسرەی ئەوپەڕی باشووری عیراق بەڕێوەدەچێت و ئێستا لە کۆتایی نزیکبۆتەوە. 
دەشێت سازکردنی بۆنەیەکی لەو جۆرە لە عیراقدا دەرفەتێکی گرنگ بێت لە رووی سیاسی و ئابووری و وەرزشییەوە، هەروەک دەشێت خوێندنەوە و لێکدانەوەی جیاوازیشی بۆ بکرێت، بەتایبەتی لە رووی ئابووریی و وەرزشی و قۆستنەوەشی بۆ مەبەستی سیاسی.
ئەم دێڕانەی ئەڵقەی ئەمجارەی (وردتر) لەناو یاریگای بەسرەوە و لە چاوەڕوانی دەستپێکردنی یاریی نێوان عیراق و قەتەردا دەنووسین. 
هەستێکی تایبەتی و بارێکی دەروونی جیاوازە کە لەناو ئەو جۆش و خرۆش و قەرەباڵغییەدا خەیاڵت لەلای نووسینی وتارێک بێت، وانییە؟ بەتایبەتی وتارەکەش هەر لەسەر یارییەکە و یارییەکانی تری جامەکە بێت بەشێوەیەکی گشتی!
ئەم چەند رۆژە، شاری بەسرە و دانیشتوانەکەی لە بارودۆخێکی تایبەتی و سەرنجڕاکێشدا دەژین، هەم خەم و پەژارە دەردەبڕن بۆ باری خراپی خزمەتگوزاریی و شەرمەزاربوونیان لەبەردەم میوانەکاندا، هەمیش دڵخۆشن کە وادیارە مێژوو ئەوانی لەبیر نەکردووە، ئەوان هیوادارن جامی کەنداو بە خێر و خۆشی بەسەر خۆیان و شارەکەیاندا بشکێتەوە. 
هەندێکیان وەک خەون و هەندێکی تریان وەک دەرفەت دەیبینن، دەرفەتێک بۆ بوژانەوەی شارەکەیان، هەروەک هەندێکیشیان پێیانوایە مەسەلەکە قەرەباڵغییەکی بێ مانایە، نە سوودی دەبێت نە قازانج، چەند رۆژێکە و تێدەپەڕێت، خۆ ئەمە پاڵەوانێتییەکی گەورە نییە، هەر هەشت وڵاتەکەی بەشدای جامی کەنداون، کە زۆرینەیان کەمترین جەماوەر و هاندەریان ئامادەبوون و هاتنە بەسرە.
زۆرینەی ئامادەبوان عیراقین، هەندێک میوانی وڵاتانی کەنداو، بەتایبەتی کوێتی و قەتەری و ئیماراتییەکان ئامادەن.
سەرنجمان دا ژمارەیەکی زۆری خەڵک لە ناوچە جیاجیاکانی عیراقەوە هاتوونەتە بەسرە، ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتیانی کوردستان لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک و کەرکوکەوە گەیشتوون، هەندێکیان بەجلی ئاڵوواڵای کوردییەوە کە بۆتە جێگەی سەرنجی خەڵکی شارەکە و ئامادبووانی جەماوەر و هاندەری یارییەکان. 
ئەوانەی هاتوون نیگەران نین لە گرانکردنی نرخی مانەوە لە هۆتێل و میوانخانەکان و پێداویستی و خەرجی زیاتر، هەروەک نیگەرانیش نین لەوەی چارەنووسێکی تر چاوەڕوانی بەسرە بکات، تەنانەت بەشێکی زۆریان هەست بە قووڵایی ناسنامە و ئینتیمای خۆیان دەکەن، بەتایبەتی لەو رووەوەی کە دەزانن قەدەرێک ئەوانی لە نیشتمان و چوارچێوەیەکدا کۆکردۆتەوە کە ناتوانن وابەئاسانی بیگۆڕن.
ئەم پاڵەوانێتییە، دەرفەتێکی گرنگە بۆ عیراق و بەسرە کە پێگەی وەرزشی و ئابووری هەروا ژێرخانی وەرزشی بەهێز و پتەو بکەن و هەندێک دەرگای کڵۆمدراو بکەنەوە.

وتارەکانی نوسەر