کۆمەڵگە حکومڕانیی تەندروستی دەوێت

09:31 - 2023-01-18
عەتا تەها
395 خوێندراوەتەوە

مەبەستمان لە کۆمەڵگەی تەندروست دەرەنجامی ئەو هاوکێشەیەیە کە حکومڕانیی لەسەر بنەمای زانستی و دادپەروەریی و خزمەتگوزاری بەڕێوەدەچێت، ئیتر ئەوکات فیدباگی ئەو شێوازە لە حکومڕانی، رەنگدانەوەی دەبێت لەسەر تاک و کۆمەڵگە، یاخود بەشێوەیەکی تر پەیوەندییەکی راستەوخۆ هەیە لە نێوان شێوازی حکومڕانیی و کۆمەڵگەدا.
بۆ زیاتر ئاشنابوون، لە سێکتەری پەروەردەوە دەست پێدەکەین، چونکە پەروەردە کۆڵەکە و یەکەی بنەڕەتی کۆمەڵگە و شارستانییە، واتا بە نموونە کاتێک کە حکومەت رۆڵێکی باش بگێڕێت لە بەرەوپێشچوونی کەرتی پەروەردە کە لە باخچەی ساوایانەوە دەستپێدەکات، تا دەگاتە دوا قۆناغەکانی خوێندنی  ئامادەیی کە تەمەنی تاک تێیدا 18ساڵ تێدەپەڕێنێت، لەسەر ئەو بنەمایە تاکی ئەرێنی بەرهەمدێنێ.
گرنگیدان بە بواری رۆشنبیری و زانستی، کۆمەڵگەی هۆشیار بەرهەمدێنێ، لەگەڵ ئەوەشدا پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە گشتی و سەرەتاییەکان لەسەر بنەمای پێداویستی تاک بێت کە ئەمەشیان هۆکاری دەروون دروستیی تاکە. 
بێگومان دەیان نموونەی زیندووی تر هەن کە باسی لێوەبکرێت، رەنگە ئەوەندە بەس بێت کە پەیامێک بگەیەنێت بە لایەنی پەیوەندیدار و حکومەت، پەیامەکەش خۆی لەوەدا دەبینێتەوە چی بچێنرێت هەمان شت دەدروێتەوە، بۆیە دەبێت بۆ بەرهەمهێنانی تاکی نیشتمانپەروەر کە بەجۆرێک ئینتیمای بۆ خاک و نیشتمان هەبێت، ئەوا ئەو کارە لە ئەستۆی حکومەتدایە نەک خودی تاک.
حکومڕانی تەندروست کۆمەڵگەی تەندروست بەرهەمدێنێ و بە پێچەوانەشەوە حکومڕانی ناتەندروست ئینتیمای تاک بەرامبەر خاک و نیشتمان لاواز دەکات، تاوانەکەشی لە ئەستۆی حکومەتە، چونکە کاتێک تاک هەست بەوە بکات کە بەشێک نییە لە نیشتمان و دڵسۆزیی بۆ خاک هیچ خزمەتێکی  ناکات، لەبەرامبەردا چینێکی کەم دەستی بەسەر ژێرخان و سەرخانی ئابووریی وڵاتدا گرتبێت، ئەوکات بێگومان هەستی نەتەوایەتی لای کاڵدەبێتەوە. 
هەر بۆیە پێویستە حکومەت رۆڵی باش و ئەرێنی بگێڕێ لە پەیڕەوکردنی شێوازی حکومڕانیی لەسەر بنەمای زانستی و پێداویستی سەردەم و خواستەکانی خەڵک و خزمەتگوزاریی سەرەتایی و گشتی، خۆ ئەگەر وانەبێت دواجار دەسەڵات خۆی باجەکەی دەدات.

پێویستە لەگەڵ وانە زانستییەکاندا هەستی نیشتمانی و ئینتیما بۆ خاک لای خوێندکاران بە تین بکرێت

وتارەکانی نوسەر