یەکبێژ

ئەوەی قوباد تاڵەبانی بەدەستیهێنا، دادگای فیدراڵی دەیبڕێت

10:52 - 2023-01-26
هیوا محەمەد
233 خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی بە چەندین دانیشتن و گەشت و هاتوچۆ، کۆبوونەوە و گفتوگۆ، قوباد تاڵەبانی  جێگری سەرۆکی حکومەت توانی پڕۆسەی ناردنی 200 ملیار دینار وەک قەرز بۆ هەرێم بەردەوامی پێبدات، ئەمەش جێگەی دەستخۆشی و دڵخۆشیی خەڵکی هەرێم بوو، ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی عیراق، لەسەر سکاڵای ئەوانەی کە چاویان بە هەرێم هەڵنایەت و قینی شۆفێنیستانەی کۆنیان هەر ماوە، دێن و بە سکاڵا دادگا هاندەدەن بڕیاری بڕینی ئەو 200 ملیار دینارە دەربکات.
تاکوێ یاساییە یان نا، ئەمەیان جێدەهێڵین بۆ پسپۆڕانی ئەو بوارە، بەڵام چەند پرسیارێک دەکەین:
-ئایا لەکاتی هەڵسەنگاندن و دەرکردنی ئەم بڕیارەدا، لایەنی سکاڵا لێکراو کە هەرێمە ئامادەبووە یان داکۆکیکارێک هەبوو لێی؟ بێ ئەوە چۆن دەتوانن هەرێم تاوانبار بکەن؟
-ئایا بە راستی بۆیان دەرکەوتووە کە ئەوەی هەرێم دەستیدەکەوێت زیاترە لەوەی کە لە بودجەی عیراقدا بۆی دیاریکراوە؟ ئەگەر وایە بۆچی لە رێگەی دانیشتنی دادگای ئاشکراوە سکاڵاچییەکان بۆ گەلانی عیراقی روون ناکەنەوە تا ئێمەش بزانین تاوانبار کێیە؟
-ئەگەر ئێمەی خەڵکی هەرێم بەشێکین لە عیراقی فیدراڵ، پێویستە مووچە و بودجەمان نەخزێنرێتە ناو کێشە سیاسییەکان و دواتر پێمان بگۆڕنەوە بەرامبەر خاڵێکی تر، پێویستە ئێمەش وەک هەر هاووڵاتییەکی دیکەی عیراق مووچەمان پارێزراو بێت و پەیوەندیی بە گۆڕینی حکومەتەوە نەبێت.
-ئێمە و بەغدا لە یەک کەشتیداین، بەغدا لەبەردەم زۆر کێشەی گەورەدایە، خۆپیشاندانە ملیۆنییەکان هێشتا مەترسییان هەیە، دروستکردنی کێشە لە نێوانی هەرێم و بەغدا لە سوودی ئەوانەیە کە هەوڵی بۆ دەدەن. کێشەی دابەزینی نرخی دینار هەڕەشەیە و شەقام دەجووڵێنێت.
-پێویستە دۆستە بە وەفاکانی کورد، لە کەسایەتییە سیاسی و ئاینییەکانی عیراق، ئەو حزبانەی ساڵانێک پێش رووخانی رژێمی بەعس و دوای ئەوەش دۆستایەتییەکی دێرینیان لەگەڵ کوردا هەبووە، ئەوانەش کە ئێستا لە هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەتی عیراقدان، هەنگاوی جدی بنێن بۆ راگرتنی ئەو بڕیارە و ئەو بڕە پارەیە بەردەوامی هەبێت تا بڕیاری کۆتایی لەسەر بودجە دەدرێت.
-ئێمەش لە هەرێم داوای شەفافییەت دەکەین و دەمانەوێت یەک دیناری داهات و هەناردەی حکومەت لە هەموو بوارەکاندا شاردراوە نەبێت، بەهەمان شێوە بۆ عیراقیشمان دەوێت، ئاشکراکردنی گەندەڵی و قاچاخچێتی بە سەروەت و سامانی وڵات دروشمی ئێمەشە، دەکرێت پێکەوە کار لەسەر ئەمە بکەین بە یاسا.
-بڕینی ئەو بڕە پارەیە، سزادانی خەڵکی کوردستانە، نەک ئەوانەی لێی بەرپرسیارن.  تەنها پرسیارێکیش لە خۆمان وەک هەرێم ئەوەیە کە بۆچی نەتوانین شەفافانە لەگەڵ بەغدادا کاربکەین و دەرگای قاچاخ  واڵا بێت تا هەرچی لە بەغداوە بێت لێرەوە دەربچێت؟ بۆچی حکومەتی هەرێم لە پای گەندەڵی و ناشەفافییەتی پڕۆسەی نەوت فرۆشتن و داهاتەکانی تر، خەڵک دەکاتە قوربانی؟ ئێستا خەڵک کەوتۆتە نێوان هەردوو بەرداشی هەولێر و بەغداوە و نایەوێت بەمجۆرە بمێنێتەوە و قوربانی بدات.

وتارەکانی نوسەر