جارێکیتر دادگای فیدراڵی عیراق

10:17 - 2023-01-29
وتار
271 خوێندراوەتەوە

پارێزەر / لوقمان مستەفا

جارێکیتر دادگای فیدراڵی عیراق کە گەورەترین دەسەڵاتی یاساییە لە عیراقدا، کێشەیەکی ئاڵۆزی ئابووری بۆ هەرێمی کوردستان هێناوەیە کایەوە،  کە  بڕیاری داوه‌ به‌ نادروستی ناردنی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی كه‌ له ‌چوارچێوه‌ی ده‌ستوور و یاساكان و هه‌روه‌ها رێکه‌وتنه‌كانی ‌نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و حكومه‌تی فیدراڵی، پێویست بوو بۆ هه‌رێمی کوردستان بنێردرێت.

بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عیراق
رۆژی چوارشەممە 25-01-2023، دادگای باڵای فیدراڵیی عیراق لە بارەی سكاڵایەک لەسەر بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لەسەر ناردنی پارە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، کە لەلایەن پەرلەمانتار مستەفا سەنەد، پەرلەمانتاری سەربەخۆ و ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق و محەمەد مەیاحی، پارێزگاری واستەوە تۆمار کرابوو.
 ئەو دوو سکاڵاکارە، داوا دەکەن بڕیارەکانی ژمارە هەشتی ساڵی 2022 و ژمارە (401، 257، 226، 194ـی ساڵی 2021)ـی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق هەڵبوەشێندرێنەوە کە پاڵپشت بوون بۆ ناردنی 200 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان.
هەڵبەتە هەر کەسێک کەمێک شارەزایی و بەدواداچوونی سیاسی و یاسایی هەبێت، دەزانێت کە ئەم بریارە سیاسیە هێندەی ئەوەی یاسایی بێت، دەستی گوشاری لایەنی سیاسی عیراقی و  تەنانەت دەرەکیشی پێوە دیارە.

هەڵوەستەیەک
لێرەدا بە پێویستی دەزانم کە هەڵوەستەیەک بکەین و  بگەڕێنەوە بۆ بڕیاری پێشووتری ئەم دادگایە دژ بە هەرێم و هەڵوێستی لاوازی حکومەتی هەرێم:-
پێشتر بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عیراق، سەبارەت بە نایاسایی بوونی، یاسای نەوتی هەرێمی کوردستان و فرۆشتنی نەوت بە سەربەخۆیی لە بازاڕەکانی جیهاندا، هەروەها بڕیاری پێداچوونەوە بە گرێبەستە نەوتیەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکاندا. ئەوە بوو گرفتێکی سیاسی نوێی بۆ دۆخە سیاسییە ئاڵۆزەکەی عیراق و هەرێم زیادکرد.
لە دوای ئەم بڕیارەوە  دادگای فیدراڵی عیراق دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانی لەپێش چاوی هاووڵاتییانی عیراق، وەک تۆمەتبارێک و لەیاسا دەرچوویەک وێناکرد .! لاوازی و بێ هەڵوێستی هەرێم لەبەردەم ئەم دادگایە پێشینەیەکی قەزایی لای ئەم دادگایە  دروستکرد.

هەرێمی کوردستان
دەبوایە هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک رێوشوێنی یاسایی و دەستووری بگرتایەتەبەر، دەیتوانی بیکردایە بەڵام  بێ دەنگی هەڵبژاردو نەیکرد، هەروەها هەندێ گوشاری سیاسی و ئیداری هەر لە راکێشانەوەی نوێنەرە کوردەکانی ئەو دادگایە و هەڕەشەی کشانەوە لە پڕۆسەی سیاسی کەنەیکرد واتە رازیە بە بڕیارەکانی ئەم دادگایە.
ئەگەر  بڕیارەکانی ئەم دادگاییەت پێ یاساییە و پێت پەسەندە، نابێ شەرمنانە مامەڵە بکەیت، مادام حکومەتی هەرێم بەپێی دەستوور دانی پێدانراوە، کەواتە مافی ئەوەی هەیە لە چوارچێوەی دەستوور و یاسادا داوای مافە رەواکانی هەرێمی کوردستان بکات. دەتوانێت کە دەیان کێشەو دۆسیەی هەڵپەسێندراو   هەیە، مافی  ئەوەی هەیە کە سکاڵای یاسایی بەرز بکاتەوە و لەڕێی ئەم دادگایەوە مافەکانی خەڵکی هەرێم بە دەستبێنن. ئەگەر  دەرکەوت دادگا بەنیەتێکی خراپ و  لایەنگیری پێوە دیاربوو، مافەکانی نەسەلماندی، ئەوکاتە دەتوانیت بۆ هەموو جیهانی بسەلمێنی و رای گشتی لێ ئاگادار بکەیتەوە کە ئەم دادگایە هیچ ئەرزشێکی نییە و  بۆتە هۆکارێک بۆ لێکترازاندن و  هەڵوەشاندنەوەی عیراقی فیدراڵی.

هەڵەیەکی گەورە
بەڵام هەڵەیەکی گەورەیە و نا لۆژیکی و نادروستە دوای 17 ساڵ لە پێکهێنانی، بگوترێت دادگای باڵای ئیتیحادی نا دەستورییە، لەبەرئەوەی یەکێک لە دەسەڵاتەکانی دادگاکە بریتییە لە پەسەندکردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنە گشتییەکانی عیراق و بوون  بە ئەندام لە ئەنجومەنی نوێنەران ، بڕوانە دەستووری عیراق مادە (93) (حەوتەم). هەروەها ، مادە (2) لە یاسای ژمارە (25)ی ساڵی 2021 
ئەگەر دادگاکە بە نادەستووری ناوزەد بکرێت و راست بێت، کەواتە کۆی پڕۆسەی سیاسی و یاسایی لە عیراق دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە و سەرجەم هەڵبژاردن و دواجار ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و حکومەتە یەک لەدوا یەکەکانی عیراق بە سەرۆکی کۆماریشەوە، رەوایەتیان (شرعیە)یان نەبووە و نیانە.
بۆیە دەبێت بە ئاگابین و نەکەوینە هەڵەی نالۆژیکی و خۆ بە دووربگرین لە هەندێ لێدوانی کرچ و کاڵی سیاسی.

دەبێت چی بکرێت؟
بەڵام لە هەموو حاڵەتێکدا  پێویستە حکومەتی هەرێم   بەتایبەتی هەر دوو حزبی سەرەکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و  پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ  روبەڕوبوونەوەی هەر قەیرانێک لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەند چ یاسایی بێت یان سیاسی بێت، دەبێت کێشە ناوخۆییەکان و  لاوەکیەکانیان وەلاوەنێن و  بەرژەوەندی گشتی بخەنە پێش بەرژەوەنی حیزبی،ئەگەر بە ئاگانەیەنەوەو  بەجدی نەکەونە خۆیان و یەکگرتوو نەبن، بە تایبەت لە پرسە چارەنووسسازەکاندا، پێناچێت بەم وەزعەی ئێستایانەوە وابە ئاسانی بتوانن رووبەڕووی ئەم قەیرانە یاساییە ببنەوە، چاوەڕوانی خراپتریش بن لەم دادگایە و  هەڵسوکەوتی چاوەڕوانکراوی حکومەتی  فیدراڵی عیراق، بێگومان  باجەکەشی هاووڵاتیانی هەرێم دەیدات.

دادگای فیدراڵی عیراق

وتارەکانی نوسەر