پەشمەک

هونەر و ئەدەب

10:41 - 2023-01-29
ڤینۆس فایەق
371 خوێندراوەتەوە

84

کچێکی هاوڕێم هەبوو بە منداڵی ئارەزووی هونەری «بالێ» بوو، کە ئەمەی لای دایک و باوکی درکاندبوو، پێیان گوتبوو: «دەتەوێت ناموسمان بەریت وسەرمان شۆڕ بکەیت؟» تەنانەت براکەی خولیای مۆسیقاژەنینی بوو، باوکی لە خوێندن دەریکرد و دوکانی کوتاڵی بۆ دانا، پێی گوتبوو: «بەم پیشەیە لە گیتارژەنین باشتر بژێوی ژیانت دابین دەکەیت». 
جاران و ئێستاش بەشێوازێکی دیکە ئاوا لە ئەدەب و هونەر روانراوە. سەردەمی بەعس لە رێگەی قەدەغەکردنی نووسین بە زمانی کوردی و بەرهەمە هونەرییە رەسەنەکانەوە هەوڵی گەورە درا بۆ لە ریشە هەڵکەندنی میللەتی کورد بە تواندنەوەی لەناو ئەدەب و هونەری عەرەبیدا، لە رۆژێکی وەکو رۆژی سلێمانیدا هێندەی دروشم و سروودەکانی بۆ سەدام و دارودەستەکەی پێشکەش دەکران هێندە هونەرێکی رەسەنی کوردی پێشکەش نەدەکرا. کورد لە رووی ئەدەبی و هونەریشەوە ئابڵوقەدرابوو و لە جیهانی دەرەوە دابڕێنرابوو هەتا دوای راپەڕین. 
رۆژنامەنووسێک لە عەباس مەحمود عەقاد دەپرسێ: هونەرە جوانەکان لە پێویستییە سەرەکییەکانی ژیانە، یان لەو تەواوکەرانەیە کە دوای نان دێت؟
لە وەڵامدا دەڵێت: «ئێمە دەتوانین بەبێ «بینین» حەفتا ساڵ ژیان بەسەر بەربەرین بێ ئەوەی بمرین، بەڵام حەفتا رۆژ ناتوانین بەبێ نان بژین، کەچی کەسیش نەیگوتووە نان لە بینایی گرنگترە. بە پێوەری بازاڕیش: نان لە کتێب هەرزانترە، و پەیکەرێکیش لە پۆشاکێک گرانبەهاترە. لەبەر ئەوە بەهای شتەکان پەیوەست نییە بەوەی تاچەند پێویستمان پێیەتی، بەڵکو بەوەی دوای ئەوەی دەستمان دەکەوێت چیمان بەسەر دێت. دەسکەوتنی نان بە زیندەوەرەکانی تر یەکسانمان دەکات، بەڵام دەسکەوتنی جوانی بەتەنها نامانکاتە زیندەوەر، بەڵکو دەمانکاتە ئادەمیزادێکی بێوێنە لەناو گەلێکی بێوێنەدا، چاکی دەکات و شێوازی تەعبیرکردن لە هەستەکانی جوانتر دەکات. پێداویستییەکان دەمانباتە نزمترین ئاستەکانی ژیان، بەڵام ئەوەی لە چینەکانی ئادەمیزاد بەرزمان دەکاتەوە، هونەرە جوانەکانە». 
ئێستا هەڕەشەکە هەر ئەوەنییە ئەقڵییەتێکی عەشایەری و دینی دژ بە هونەر و ئەدەب و شێواندنیان بێت، بەڵکو لایەنە پەیوەندیدارەکانیش لەوە تێنەگەیشتوون ئەدەب و هونەرە جوانەکان چ پێویستییەکی گرنگن بۆ پێکهێنانی ناسنامەی نەتەوەییمان لەناو میللەتانی جیهاندا. پێدەچێ سامی وشە و کتێب لە سامی دەمانچەیەک زیاتر بێت. زۆرجار ئەدیب و هونەرمەندەکان پرسیاری ئەوەیان لێدەکرێ: سوودی چییە کە ئەدیب یان هونەرمەندیت؟ لەکاتێکدا ئەوەی ئەو پرسیارە دەکات لەوە تێناگات ئەدیب و هونەرمەند سەرقاڵی دروستکردن و جێگریکردنی ناسنامەیەکن کە پێویستیی بە ڤیزا نییە بۆ ئەوەی بگاتە جیهانی دەرەوە. ئەوە ئەدەب و هونەرە کە هەموو مەعریفە ئینسانی و فەلەسەفە و مێژوو و کەلتورمان لەخۆدەگرێ و تۆماری دەکات و پیشانی گەلانی جیهانی دەدات، بەمەرجێ رەسەن بێت نەک تێکەڵە و لاسایی. 
گومان دەکەم دەسەڵاتی بەڕێوەبەر ودەزگا پەیوەندیدارەکانی لەم راستییانە تێگەیشتبن، ئەگەر وانییە بۆچی بۆنە و فێستیڤاڵەکان لە شارێکەوە بۆ شارێکی تر جیاوازن و هیچ شتێکی نەتەوەیی و یەکگرتوومان نییە؟ بۆچی زمانێکی ئەدەبی و هونەری و رۆژنامەوانیی یەکگرتوومان نییە؟ بۆچی زۆربەی هونەرمەند و ئەدیبەکان هەست بە پەراوێزنان دەکەن و بە کولەمەرگی دەژین وبە هەژاری سەردەنێنەوە؟
ئێستا مەسەلەکە لە حەیا وحورمەت دەرچووە، گەیشتۆتە ئەوەی دەسەڵاتێک باکی نییە ئەگەر هونەر و ئەدەبەکەی ببێتە نوسخەیەک لە ئەدەب و هونەری وڵاتێکی دراوسێ، لە کاتێکدا دەڵێن سەردەمی شاخ خەباتمان بۆ ئازادی و سەربەستیی گەلەکەمان کرد.

وتارەکانی نوسەر