بە یەک پڕۆسە کێشەکانی عیراق چارەسەر دەبێت

10:08 - 2023-01-31
هیوا محەمەد
271 خوێندراوەتەوە

ئەگەر کەسێک بیەوێت خواردنێک دابەش بکات، دەبێت بزانێت چەند کەس پێویستیان بەو خواردنەیە، ئەوکات دەزانێت چۆنی دابەش بکات، واتا بۆ ئەمە ژمارە گرنگە.
لەکاتی شەڕدا سەربازەکان بە ژمارە دابەشدەکرێن بەسەر چەند شوێنێکی ستراتیژیدا، زانیاری لەسەر چەند سەرباز و چەند شوێن پێویستن پێش دابەشکردنەکە.
ئێمە لە عیراق بەهۆکاری ئەوەی سەرژمێریی دروستی دانیشتوانمان نییە، ئەوا بە گۆترە پڕۆسەکان بەڕێوە دەچن.
یەکێک لەو داتایانەی کە پشتی پێدەبەستن، لە رێگەی وەزارەتی بازرگانییەوە ئەو کارتی دابەشکردنی خۆراکەیە و پێیان وایە ئەوە راستیی دانیشتوانی عیراق دەردەخات، بەڵام ئەمەش ناکرێت بە راست بزانرێت، چونکە دانیشتوان دەبێت بەوانە بووترێت کە بۆ هەمیشەیی لە وڵاتەکەدا دەژین یان بە کاری دیپلۆماسی و خوێندن لە دەرەوەن بۆ کاتیی.
سەدان هەزار کەسی خەڵکی ئەم وڵاتە لە دەرەوەی وڵاتن بۆ هەمیشەیی، لەگەڵ ئەوەشدا کارتی وەرگرتنی خۆراکیان هەیە و کەسێکی تر بۆیان وەردەگرێت.
هیچ بیانوویەک نییە بۆ دەستنەکردن بە پڕۆسەی سەرژمێریی، تەنها رێگر بۆ دیزە بەدەرخوون کردنی داهاتە لەژێر ژمارە وەهمییەکاندا.
دەکرێت لەرێگەی ئەم پڕۆسەیەوە کە بکرێت ژمارەی دانیشتوانی هەر شار و گوندێک بزانرێت و بەپێی ئەمە بەشە بودجەکان و مافی خۆکاندیدکردن و دەنگدان دیاریبکرێت.
تەنانەت لە دابەشکردنی سووتەمەنییەکانیشدا رۆڵی گرنگی دەبێت و کارئاسانیی دەکات بۆ دابەشکردنی.
ئەگەر ژمارەی دروست زانرا، ئیتر دەکرێت بێ کێشە و شەڕ لەسەرکردن، بەشی هەرێمیش بە ژمارە جیابکرێتەوە، چ وەک ژمارەی نوێنەرەکانیان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، چ وەک خەرجییە گشتییەکان و بەشەخۆراک و هەر بابەتێکی دیکەی پەیوەست بە دارایی.
لەدوای بەڕێوەچوونی پڕۆسەی سەرژمێریی، ئیتر رۆژانە ژمارەی مردووەکان و لەدایکبوونەکان تۆمار دەکرێن، بەمەش دەکەوینە سەر سکەی دروستی ژمارەی دانیشتوان، ساڵانەش بەپێی ئەو ژمارەیە هەموار دەکرێتەوە.
ئەوانەی دەیانەوێت دزی لە داهاتی گشتیدا بکەن، لەگەڵ سەرژمێریدا نین، بۆ نموونە ئەگەر نەزانرێت لە جێگەیەک چەند سەرباز هەیە و لە بری 50 بەشە خۆراک، بەرپرسەکەیان داوای 70 بکات و بڵێت ئەوەندە دەبین، کەوابوو لەو رێژەیە 20 ی زیاترە و دەکرێت بە مەرامێکی تر بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەکاریبهێنێت.
لەسەرجەمیشدا هەروایە، بۆ نموونە لە شارێک بەشە خۆراکی یەک ملیۆن کەس دەنێردرێت بۆ بەڕێوەبەری پەیوەندیدار، لەدوای دابەشکردنی دەبینن بەشی 50 هەزار کەس ماوەتەوە، ئەمەش بوار دەڕەخسێنێت بۆ گەندەڵی و شاردنەوەی.
هەرچی داهاتی وڵاتیشە لەم رێگەیەوە بە هەدەر دەڕوات، چونکە ئەگەر ئەم زیادانە بە فیڕۆ نەڕوات، دەکرێت بۆ پڕۆژەی دیکەی خزمەتگوازاریی بەکار بهێندرێت.
بوونی ژمارەی دروستی دانیشتوان بەپێی دابەشبوونیان بەسەر شوێنەکاندا، روویەکی شارستانیی کۆمەڵگە و وڵاتەکەیە، رەنگە ئێمە لە چاو وڵاتانی جیهان زۆر لەدوابین لە نەبوونی ژمارەی دروستی دانیشتوان.
کێشەکانیش کە لەکاتی هەڵبژاردندا سەرهەڵدەدەن، دیسان بەهۆی نەبوونی ژمارەی دروستی دەنگدەرانەوەیە کە ئەمەش پەیوەستە بە نەبوونی ژمارەی دروستی دانیشتوان و ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە. کەواتە پڕۆسەی سەرژمێریی کێشە سەرەکییە سیاسییەکان و ئابوورییەکان چارەسەر دەکات.

وتارەکانی نوسەر