وردتر

بەبۆنەی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵییەوە

10:10 - 2023-01-31
لەشکر حەمە ساڵح
223 خوێندراوەتەوە

بەپێی دەستووری عیراق، دادگای باڵای فیدراڵی پێگەیەكی گرنگی هەیە و بڕیارەكانی یەكلاكەرەوەن و جێگەی تانەلێدان و رەتكردنەوە نین بۆ هەموو دۆسێ و بابەتە دەستوورییەكانی جێگەی مشتومڕ و ناكۆكی. 
پرسیارەكەش ئەوەیە، ئایا بڕیارەكانی ئەم دواییەی دادگاكە؛ بڕیاری یاسایی و دەستوورین یان لە دوورایی سیاسیی سكاڵا و تانەكاندا دەرەنجامی سیاسیی لێكەوتۆتەوە؟ چارەسەرەكە چییە؟ چۆن دەتوانین مامەڵەیەكی دروست لەگەڵ خودی دادگاكە و بڕیارەكانیدا بكەین.
لە كاتی قسەكردن لەسەر دادگای فیدراڵی، هاوشێوەی زۆر دەزگا و دامەزراوەی تری یاسایی، باشتر وایە و بگرە پێویستیشە ئاگاداری پانتاییە یاساییەكە بین؛ رەچاوی شكۆ و رێزی بۆ بكرێت، بەتایبەتی لە مەسەلەی دادگای فیدراڵیدا كە زۆرینەی خەڵك و لایەنە سیاسییە كاریگەرەكانی عیراق بەچاوێكی ترەوە تەماشای دەكەن و مامەڵەیەكی تایبەتی لەگەڵدا دەكەن، ئەگەر بڕیارەكانی دادگاكە لە دژیشیان بێت، هێشتا بایی ئەوە پەراوێزێك لە لێدوانەكانیاندا دەهێڵنەوە كە تەجاوز نەبێت بۆ سەر دەزگاكە و دەسەڵات و بڕیارەكانی.
لە بەرامبەر ئەو رێز و شكۆیەدا، باشترە خودی دەزگاكەش لە بابەتە پسپۆڕییەكانی خۆیدا بمێنێتەوە كە بابەتی دەستووری و یەكلاكردنەوەی مشتومڕ و ناكۆكییە جددی و سەرەكییەكانە كە پەیوەندیی بە چارەنووس و بەرژەوەندیی كۆی گشتی خەڵك و دانیشتوانەوە هەیە، بەڵام ئەو كاتەی دادگای فیدراڵی دەڕوانێتە سكاڵا و تانەی وا كە دوورایی سیاسییان هەیە و قبووڵیان دەكات، ئەوا بێگومان دەرگای رەخنە و رەتكردنەوە لەسەر خۆی دەكاتەوە و دوور نییە خۆی و بڕیارەكانی ببنە بابەتی سیاسی.
وەرگرتنی سكاڵا و تانە لەسەر بابەتە سیاسییەكان بەتایبەتی ئەوەی پەیوەستە بە هەرێمی كوردستانەوە؛ بڕیاری پێشتر لە بارەی دۆسێی نەوتی هەرێم و ئێستاش بۆ دۆسێی ناردنی پارە و مووچە بۆ هەرێم و لە داهاتووشدا دۆسێ و بابەتی تر ... دەبنە پێخۆری سیاسی و دەرگای رەخنە و رەتكردنەوە بەكراوەیی دەهێڵنەوە، بەڵام ئەوەی لەم نێوەندەدا كەمتر ئاماژەی پێدەكرێت ئەوەیە كە ئایا؛ دۆخی هەرێم، دۆسێی نەوتی هەرێم و مەسەلەی مووچە و بودجە و بابەتی تری پەیوەست بە هەرێم، كە پێشتر پێیان دەوترا كێشە هەڵواسراو و كەڵەكەبووەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، خۆیان لە خۆیاندا جێگەی مشتومڕ نین؟ بابەتی هەڵواسراو و جێگەی بۆچوونی جیاواز نین؟ ئەی دادگای فیدراڵی نەبێت كوێی تر شایانی ئەوەیە مامەڵەی لەگەڵدا بكات و بڕیاری یەكلاكەرەوەی لەسەر بدات؟
بەرگری لە دادگاكە ناكەین، چونكە لە بنەڕەتدا پێویستی بە بەرگرییەكی لەو جۆرە نییە، بەڵام جێگەی خۆیەتی بڵێین؛ ئەو دەنگانەی لە كوردستانەوە رەخنە لە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی دەگرن و رەتیدەكەنەوە، تەنانەت كە هەندێكیان تۆمەتی جۆراوجۆر دەخەنەپاڵ دادگاكە، بەرلەوەی قسە لەسەر دادگاكە و بڕیارەكانی بكەن، باشترە ئەوان قسە لەسەر ئەو دۆسێیانە بكەن كە قەرارە دادگاكە بڕیاری لەسەر دەربكات. كاتێك تۆ زوڵم لە خەڵكەكەی خۆت لە كوردستان دەكەیت، وەك بارمتەی حوكمڕانی مامەڵە لەگەڵ دۆسێی نەوتدا دەكەیت و دەرگا لەسەر بۆچوونی تر و چارەسەری گونجاو دادەخەیت، ئەو كەسانەی زەرەرمەندن، ئەگەر زۆرینەی خەڵكیش نەبێت، روو لە كوێ بكەن جگە لە دادگای فیدراڵی؟ ئەگەر تۆ كێشە دروست نەكەیت دادگای فیدراڵی چی چارەسەر دەكات؟

وتارەکانی نوسەر