دیکتاتۆری چۆن دروست دەبێ؟

دیکتاتۆر چ ژینگەیەکی پێویستە بۆ حکومڕانی؟

06:32 - 2022-04-10
بڵێسە جەبار فەرمان
653 خوێندراوەتەوە

دیکتاتۆری جۆرێکە لە جۆرەکانی فەرمانڕەوایی کە تێیدا تاکێک یاخود کۆمەڵێک بەشێوەیەکی تاکڕەوانە بەسەر ھەموو جومگەکاندا حکوم دەکەن بەبێ رێگادان بە ئازادییەکان، ئازادی سیاسی و ئازادی رێکخراوەیی و ئازادی مومارەسەکردنی مافەکان. 
دیکتاتۆرەکان زۆربەی کات لە ھەلومەرجێکی دژوار و ناھەمواردا دێن و دەسەڵات دەگرنە دەست، بۆ مانەوەیان لەسەر کورسی دەسەڵات بەدەر لەوەی کە پاڵپشتی دەرەکی و ناخۆیی بەھێزیان پێویستە، دەبێت ھەموو مەترسییەک بۆ سەر بەرژەوەندییەکانیان بنبڕبکەن. 
لە زەمەنی ئێستادا دیکتاتۆرەکان ناوی جیاواز لە خۆیان دەنێن و تەنانەت بە ھەڵبژادن دانیشتنیان لەسەر کورسی دەسەڵات دووبارە و سێبارە و زۆربارە دەکەنەوە. 
ھەندێک لە دیکتاتۆرەکان ناوی سەرۆک وەزیران یان سەرۆک کۆمار و مەلیک و خادم و حاکمیان لە خۆیان ناوە. 
پێویستە بۆ دەستنیشانکردنی دیکتاتۆر چاو بە شێوازی حکومڕانی و بارودۆخی وڵاتەکەیدا بخشێنرێت.
ئێستا دا  پەنجا وڵاتی گۆی زەوی لە لایەن دیکتاتۆرەکانەوە حکومڕانی دەکرێن (بێگومان ئەم ژمارەیە ھەرێمەکان لەخۆ ناگرێت). 
پێشووتر دیکتاتۆرەکان ھەوڵێکی زۆریان دەدا بۆ قەدەغەدەکردن و رێگریکردن لە بەدەستھێنانی ھەواڵ و زانیاری، وڵاتەکانیان بە ھەموو شێوەیەک بە رووی جیھاندا دادەخست و میللەتەکانیان لە تاریکیدا دەھێشتەوە. بێگومان بەو شێوەیە  کۆنترۆڵکردنی میللەت ئاسانترە. ھەروەھا سوودیان دەبینی لە پرەنسیپی تەدەخول نەکردن لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتان کە مەبدەئێکی نێودەوڵەتیی نەتەوە یەکگرتووەکانە، بەڵام ئێستا دیکتاتۆرەکان بێباکن لە میدیای دژ و رێگرنین لە بڵاوبوونەوەی ھەوڵ و زانیاری، بۆ بەرپەچدانەوەی ئەو دەنگە ناڕازی و ھەواڵانە رێگای تر دەگرنەبەر.
بۆ نموونە ھەر دەنگێکی ناڕازی، تۆمەتی تێکدەر و دەستی دەرەکی  بۆ تێکدانی ئارامی و ئاسایشی ناوخۆی وڵاتی دەخرێتە پاڵ و دەبێت بە قورسترین شێوە بەرپەچ بدرێتەوە. زۆرکات ئەو چالاکوان و دەنگە ناڕازییانە ھەر لە لایەن خودی میللەتەوە کە باوەڕ بە پڕوپاگەندەی دەسەڵات دەکەن بەرپەچ دەدرێنەوە.
حکومەتە دیکتاتۆرەکان، دان بەبوونی کەموکووڕی لە حکومڕانیدا دەنێن، بەڵام راستەوخۆ خۆیان بە بەرپرس نازانن و دەیبەستنەوە بە کەس و وڵاتانی تر و ھەلومەرجی سیاسی و ئابووری وڵات. 
داننان بە کەموکووڕیدا بەواتای ئەوە نا کە کار بکرێت بۆ چاکردنی ھەلومەرجەکە، بەڵکو بیانووی جیاواز دەدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی باوەڕ بە ھاووڵاتیان بھێنن کە کات گونجاو نییە بۆ ئاڵوگۆڕ و قەیران و دوژمن و مەترسی دەرەکی بۆ سەر ئاسایشی وڵات دروست دەکات، بۆ رازی کردنی میللەت بە بارودۆخێکی ناھەموار. لە ترسی زیاتر ناھەموار بوونی دۆخەکە میللەت بێدەنگی ھەڵدەبژێرێت.

تایبەتمەندیی تاکی دیکتاتۆر 
-حکومڕانیی تاکڕەوی
فەرمانڕەوایی بە بێ گوێدان بە خواست و ویستی کۆمەڵگە بڕیاردەدات و خۆی وەک باوک بۆ کۆمەڵگە دەناسێنێت و لەو بڕوایەدایە کە ئەو باشتر بەرژەوەندی و باشی میللەت دەزانێ و ھەموان دەبێت گوێرایەڵی بن و لە ئەمری ئەو لانەدەن. 
بیرمەندی سوری عەبدولڕەحمان کەواکبی ئەم تاکڕەوییە بە گەورەترین بەڵا (پەتا) وەسف دەکات.

 -بەکارھێنانی  ئایین
دیکتاتۆرەکان دەیانەوێ خۆیان وەک خواناس و ئیماندارێک پیشان بدەن و  ئیستغلالی ئایین دەکەن. زۆرکات خۆیان وەکو ھەڵبژاردەی خودا و پەیڕەوکردنی یاسا و خواستی خوا لەسەر زەوی دەناسێنن.
دیکتاتۆرەکان ھەوڵدەدەن بڕیارەکانیان بشوبھێنن بە بڕیاری زاناکانی ئایین و مێژووی ئایینی.
بۆ نموونە: 
سەدام ناوی جەنگی ئێران و عیراقی نا قادسییە، ئەمەش بە ناوی جەنگی قادسیەی سەعد بن ئەبی وەقاس بوو.
ئەنور سادات ئایەتی  «وإن جنحوا للسلم فاجنح لها»ی بەکارھێنا.
یاسر عرفات دانوسانی لەگەڵ ئسرائیل ناونا «سلام صلاح الدين».

 

-بە جاھل ھێشتنەوەی کۆمەڵگە
کۆمەڵگەی تێگەیشتوو و پێشکەوتوو بە حکومڕانیی دیکتاتۆر رازی نابێت و ھەوڵی لەناوبەردنی دەدات. ئەو کۆمەڵگایانە کە دواکەوتوون و ئاسانتر دەتوانرێت کۆنترۆل بکرێن.
ھەربۆیە دەست گرتن بەسەر خوێندن و زانست و قۆرخ کردنیان  یەکێکە لە ھەوڵەکانی دیکتاتۆری بۆ مسۆگەرکردنی مانەوەی لە دەسەڵات.
دیکتاتۆری دەست گرتن نییە بەسەر ناوچەیەک و کۆمەڵێکدا، بەڵکو دروستکردنی نیزامێکە بۆ کۆنترۆڵ کردنی تاکەکان.
بۆ پاراستن و مانەوەی  دیکتاتۆری، پێویست بە شۆردنەوەی دەماغەکانە لە رێگای دەستگرتن بەسەر خوێندن و قوتابخانە و زانکۆکاندا بۆ داگیرکردنی مێشکی نەوجەوان و لاوان و نەوەی ئاییندە.

 -دروست کردنی دوژمن و کەلتوری ترساندن
ترس دەبێتە پاڵپشتێکی سەرەکی بۆ مانەوەی دیکتاتۆر لە دەسەڵات. 
کاتێک مرۆڤ ترسی ھەیە ئاسانتر دەتوانرێت ئازادییەکانی لێ زەوت بکرێت و تەنانەت دەتوانرێت بە ئاسانی پێداویستی  ژیانیان لێ زەوت بکرێت.
بەھەموو جۆرە مەحرومکردنێک رازی دەبێت لە ترسی ئەو وەھمەی بۆی دروستکراوە کە بە بۆچوونی ئەو فەنا بوون و لەناوچوونە. بۆیە بەو دۆخە نەخوازراوەی خۆی رەزامەندە بۆ ئەوەی خراپتری بەسەر نەیەت.
-مانەوەی کۆمەڵگە لە ھەژاریدا و سەرقاڵکردنیان بە بەدەستھێنانی نان و لە کۆششی بەردەوامدا بۆ بەدەست ھێنانی بژێوی. کۆمەڵگەیەک کە لە کوڵەمەرگیدا بژی بێگومان توانای بیرکردنەوەی نییە لە روخاندنی رژێم.

-لابردنی تۆمەت لەسەر خۆ و خستنە پاڵی تۆمەت بۆ کەمینەکان
دیکتاتۆرەکان ھەمیشە لە ھەوڵی دروستکردنی دووبەرەکی و تۆمەت دروستکردنن بۆ ئەوانەی کە لە زۆرینە جیاوازن. دەکرێت ئەوانە بن کە ئایین یا مەزھەبێکی جیاوازیان ھەیە یاخود سەر بە قەوم و میللەتێکی ترن.

-دان نەنان بە ھەڵەدا
دیکتاتۆرەکان لەو بڕوایەدان دان نان بە ھەڵە  واتا لاوازی. ئەوان کە خۆیان بە باوک و پێشڕەو و سەرکردە دەزانن ھەرگیز ناتوانن خۆیان بە ھەڵە ببینن.
زۆرکات لەسەر سیاسەتە ھەڵەکانیان بەردەوام دەبن و میللەت و وڵاتەکەیان دوچاری نەھامەتی و فەنا بوون دەکەنەوە.

-میدیا ئامرازێکی سەرەکی مانەوەی دیکتاتۆرە لە دەسەڵات
لە رێگای میدیاوە دەتوانێت ترس و تۆقاندن بگەێنێتە ھەموو تاکێکی کۆمەڵگە. لە رێگای میدیاوە دەتوانێت مێشکی ھاووڵاتیان بە پڕوپاگاندەی ناڕاست بشۆرێتەوە.
لە رێگای میدیاوە دەتوانێت کەسایەتییەکی ئەفسوناوی بۆ خۆی دروست بکات، بەوەی کە پارێزەرە و باوکە و فریادڕەسە.
لە رێگای میدیاوە کاردەکات بۆ دروستکردنی تێگەیشتنێک کە «راستی دوژمنی سەرەکییە» و دەبێت بەرپەچ بدرێتەوە.
لە دونیای ئەمڕۆدا زۆربەی کۆمەڵگەکان دووچاری ھەموو جۆرە سیستمێکی ستەمکاری و دیکتاتۆری بوونەتەوە. بەناوی جیاواز و بە سوودوەرگرتن لە ناونیشانی رەنگاوڕەنگ. 
وەک وتم زۆر جار ھەڵبژاردنیش دەکەن و بانگەشەی دیموکراسییش دەکەن بۆ چاوبەستنی رای گشتی. یان دەستکاری دەستوور دەکەن بۆ مانەوەیان و درێژکردنەوەی مانەوەی دەسەڵاتیان.
دۆخێک دروست دەکەن کە گوایە خۆیان نایانەوێ بمێننەوە بەڵام ئەوە گەل و میللەتە داوای لێدەکەن بمێنێتەوە و زەرورەتی ژیان و بارودۆخیان وا ئیجاب دەکات بەردەوام بن.
گەر بە وردی تەماشایەکی عیراق و ناوچەکە و ھەرێم بکەین، زۆرێک لەو سیفات و بەرخوردانە بەدیدەکەین، کە ئەمەش نیشانەی سیاسەتێکی شکستخوارد و دووبارە بوونەوەی مێژووە لە بەرگێکی تردا.

وتارەکانی نوسەر