میدیاكاری پەرلەمانتار

10:46 - 2022-04-11
ئالان رەئوف
419 خوێندراوەتەوە

چەند خولێكی  هەڵبژاردنی پەرلەمانە ژمارەیەكی زۆر لە میدیاكاران دوای خۆكاندید كردنیان لەسەر لیستە جیاوازەكان دەبنە پەرلەمانتار.
دیارە شتێكی سروشتی ‌و ئاساییە لەهەر چین‌ وتوێژێكدا كەسانێك هەبن ئارەزوو بكەن یاخود بیانەوێت خۆیان كاندید بكەن ‌و ببنە پەرلەمانتار لەناویشیاندا میدیاكاران مافێكی سروشتی خۆیانە.
بەڵام ئەوی پێویستە میدیاكارانی پەرلەمانتار بیزانن ئەوەیە ئەو كاتەی دەبیتە پەرلەمانتار چیتر تۆ میدیاكار نیت واتە ئەرك ‌و مەهامی تۆ وەك میدیاكارێك كە پەنجە دەخاتە سەر برین ‌و كێشەكان كۆتایی دێت دەبێت تۆی پەرلەمانتار رێگە بگریت لە دروستبوونی كێشەكان ‌و قووڵی برینەكان بە مانایەكی تر تۆ لە ئەركی خستنەرووی كێشە ‌و گرفت ‌و نادادییەكان بۆ رای گشتی  دەگۆڕێت بۆ رێگەگرتن لە بوونی كێشە‌و گرفت ‌و نادادیی ‌و كارە ناجۆرەكان لە بنەڕەتەوە.
بەڵام تا ئەمڕۆش هەندێك پەرلەمانتار كە پێشتر میدیاكاربوون بەهەمان نەفەسی میدیاكار‌و ئەركی میدیایی كاردەكەن، واتە لەجیاتی رێگە بگرن لەو هەموو نادادی ‌و گەندەڵی و كارە ناجۆرانەی رۆژانە لەناو ئەم هەرێمەدا روودەدەن‌ و دەیبیستین، كەچی دەبێتە پەیامنێر ‌و میدیاكار، هەواڵی ئەو كارە ناجۆرانە بڵاودەكاتەوە بۆ خەڵكی.
پەرلەمانتاری ئازیز تۆ بەرلەوەی ئەو هەواڵە بۆ رای گشتی بڵاوبكەیتەوە وەك ئەوەی هەنگوینت لە كلۆرە داردا دۆزیبێتەوە دەبێت رێگەی لێبگریت ‌و نەهێڵیت ئەم دیاردە ناشیرینانە رووبدەن، چونكە تۆ متمانەی خەڵك وەرگرتووە بۆ رێگریکردن لە كارە دزێوەكان ‌و پێشكەشكردنی پڕۆژە جوانەكان نەك بۆ بوونە پاڵەوانی شاشەی تیڤیەكان ‌و سۆشیال میدیاكان.
لە دواهەمین فاوڵی ئەو پەرلەمانتارە كۆنە میدیاكارانەدا هاتووە توانج دەگرێتە سەرۆكی پەرلەمان ‌و بەحساب دەیهێنێتە قسە لەبەرئەوەی ئۆتۆمبێلی لانگرۆزەری 2022 كراوە بۆ سەرۆكی دیوانی پەرلەمان ‌و ئەم لێی سەندووە‌ و2019  یەكی داوەتێ، پەرلەمانتاری ئازیز تۆ سەرەتا دەبێت رێگە بگریت لەوەی كە لەم دۆخە ناهەموا‌ر و بێ بودجە‌ و بێ مووچەییەدا، ئۆتۆمبێلی گرانبەها بكڕێت نەك بۆ سەرۆكی دیوان بەڵكو بۆ هەر سەرۆكێكی تریش بێت، ئیشی تۆ ئەوەیە نەهێڵیت ئەم زیاد مەسرەفی و نادادییەی كە رۆژانە هەیە‌ و دەیبیستین رووبدات نەك بهێڵیت رووبدات ‌و پاشان بۆ رای گشتی بڵاوكەیتەوە ‌و خۆت بكەیتە پاڵەوانی میدیاكان.  

وتارەکانی نوسەر