دڵسۆزانی یەکێتی بانگهێشت بکەن

12:04 - 2022-04-11
هیوا محەمەد
308 خوێندراوەتەوە

لە ماوەیەکی کورتی رابردوودا زۆرمان لەسەر چۆنێتی دیداری یەکێتی وت و گرنگییەکەیمان خستەڕوو، ئێستا لە دوای ئەوەی چەند کۆبوونەوەیەک یان کۆنفرانسێکی لە شوێنە جیاجیاکان، چەند تێبینییەکمان لا دروست بووە کە دەکرێت کاری لەسەر بکرێت چونکە هێشتا کات ماوە.
یەکێتی حزبی شەهیدان و خەڵکە، وەک سەرۆک مام جەلال وتویەتی، بگەڕێنەوە بۆ خانووە قوڕەکان، ئەمەش مانای قوڵی خۆی هەیە. کۆنفرانسەکانی دیداری یەکێتی زۆرینەی بەشداربووەکانی ئەوانەن کە ئێستا لە کۆمیتە و مەڵبەندەکان بەرپرسیارێتییان هەیە و چەند ساڵی رابردوو ئەم حزبە لەسەر دەستی ئەوان بەڕێوەچووە بە هەموو نەهامەتییەکانییەوە.
دیداری یەکێتی لە دوای ئەوە دێت کە کۆنگرە نەیتوانیوە تا ئێستا ئامانجەکانی بهێنێتەدی و هەنگاو بۆ باشتر بنێت، هەروەک ئەوەی کە هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی لە یەکەم پەیامی دیداری یەکێتیدا باسیکردووە.
پێویستە ئەمە بگۆڕدرێت و ئەوانە بانگ بکەن کە کەسایەتی دێرینی ناو یەکێتی بوون و ساڵانێکی زۆر لە ریزی پێشەوەی قوربانیدان بوون و ئەمڕۆ بە هەر هۆکارێک بێت دڵیان شکاوە و کونجی قەناعەتیان گرتووە، دەبێت ئەو کرێکار و جووتیارانە بانگهیشت بکرێن کە لە تەنگانەکاندا لە ریزی پێشەوەدا وەستاون بۆ داکۆکیکردن لەم حزبە، ئەو کاسبکارانە بانگهێشت بکەن کە لە هەموو کونجێکی بازاڕی شارەکاندا شەڕ بۆ پتەبوونی یەکێتی دەکەن. دایک و باوکی شەهیدان بانگ بکەن، بەڵکو پێشنیاری یەکلاکەرەوەیان پێبێت.
مەرج نییە تەنها خوێندەواری خاوەن پلەی باڵا بتوانێت بەشداریی بکات لە دانانی نەخشەڕێگەی سیاسەتی یەکێتیدا، یەکێتی لەسەردەستی جەماوەرێکی بەرفراوان دروست بووە و ماوەتەوە و ئەوانیش هەر ماون. 
ئەو کەسانە بن کە بەرگی بەریان چەور و چڵکن و ئارەقاویی کارکردنیانە، دەبێت ئەو تاسە بەدەستانە بن کە گیراوەکانی چیمەنتۆ و گەچ دەدەنە دەست وەستاکانیان، یان ئەوانە بن کە بەیانیان لە پێش هەموان هەڵدەستن و مەیدانی کار دەگرن و بە دوای هەر ئۆتۆمبیلێکدا رادەکەن بەو هیوایەی کارێکیان دەست بکەوێت، دەبێت ئەو وەستا و شاگردانە بانگ بکەن کە پێش لە خەوهەستانی هەر تاکێکی گەڕەک خەریکی ئامادەکردنی نانی گەرمن، ئەوانە بانگ بکەن کە شەقامەکان خاوێن دەکەنەوە، کرێکارانی شارەوانی، کارمەندانی خزمەتگوزایی کارەبا، ئاگر کوژێنەوە، نەخۆشخانەکان، ئێشکگرەکان، پۆلیسەکان، پاسەوانان، پۆلیسی هاتوچۆ، ئاساییشەکان، راگەیاندنکاران، هونەرمەندانی بە ناوبانگ، نووسەر و شاعیران، دیداری یەکێتی دەبێت بۆ ئەوان بێت تابزانن سەرکردەکانیان بە هیوای چین و چییان بۆ دەکەن، با رەخنە بگرن و پێشنیارییان هەبێت و داوای باشتر بکەن، نەک هەر چەپڵە لێبدەن و بە هەموو شت بڵێن عەیبی نییە.
دیداری یەکێتی بۆ بەهێزکردنی رێکخستنەکانی یەکێتی و هەستانەوەی تەواوەتییە نەک ئاشتکردنەوەی کادرێک و دوان و بەڕیز وەستانی کادرەکانی خۆی لە ریزی پێشەوەی هۆڵی دیدارەکان.
دەبێت دیدارەکە لە دەیان شوێنی تر رێکبخرێتەوە، ئەمجارەیان بەتەنها ئەندامان و لایەنگرانی یەکێتی بانگهێشت بکەن، لەهەر جێگەیەک گوێ لە سەد کەس بگرن بەسە بۆ ئەوەی بتوانین سیاسەتی نوێ دابڕێژینەوە.
ئەوانە بانگهێشت مەکەن و مایکیان مەدەنە دەست کە هەر کات هەستیان بە مەترسی کرد دەڵێن : بیکەن بە خاتری خوا با تەقەی تیا نەبێت. ئەوانە بانگهێشت بکەن کە پێداگریی دەکەن لەسەر هەق بۆ یەکێتی و ملکەچ ناکەن و دەیانەوێت هێزی پێ بدەنەوە.

وتارەکانی نوسەر