ئابووری و دیداری یەکێتی

12:39 - 2022-04-11
پ.ی.د. ئەیوب سماقەیی
366 خوێندراوەتەوە

2-2

-14 دادوەریی ئابووریی بازاڕ: پێویستە پارێزراو بێت لە رێگەی دابینكردنی عەدالەتی پێدانی هەلی چوونیەك (تكافؤ الفرص) بۆ هەمووان.
-15 ئابووریی هاوتەریب (الاقتصاد الموازي) 
ئابووریی بازاڕ هەموو چالاكییە ئابوورییەكان لە چوارچێوەی دامەزراوەی یاسایی و بە پێی یاسا و تەشریعات لە خۆ دەگرێت و رێكیاندەخات و ئاراستەیان دەكات بەپێی پلانێكی ئابووری كە پێیدەلێن (پلانی ئاراستەكردن (Indicative Planning)). لە دەرەوەی ئەم سیستمە چالاكی ئابووری دیكە نابێت‌ هەبێت‌.
-16 سەروەرێتی (الحوكمة) (Governance)
چەمكێكی سۆسیۆ ئابوورییە و لە رێگەی پرەنسیپەكان كە بریتییە لە روونبینی یان دیودیاری (الشفافیة) و نەهێشتنی نهێنیەكان لە یەكە ئابوورییەكان و دامەزراوەكانی كۆمەڵگەدا (تاك، كۆمپانیا، حكومەت) واتە خستنەڕووی توانا ئابوورییەكان بە داتا و زانیاری و ئامار.
17- ئابووریی ژینگە Environmetal Economics 
واتا ئابووریەكی نوێبۆوە نەك ئابووریەكی لە ناوبەر كە بەروبومەكانی لە خولێكی ژیانی بازنەییدابن نەك رۆیشتن بەیەك ئاڕاستە و ئاوڕنەدانەوە، واتە وازهێنان لە و شێوازی هێڵییە و گەڕانەوە بۆ شێوازی بازنەیی هاوشێوەی سیستەمی ژینگەیی، لە ناوچوونی دەرامەتێك ببێتە خۆراك بۆ دەرامەتێكی دیكە یان پێكهاتەیەكی دیكەی ژینگە، بەو مانایەی هەڵوەشاندنەوەی دوو ئۆتۆمبێل لە پێناوی دروستكردنی ئۆتۆمبێلێكی نوێ‌ لە پارچەی دوو ئۆتۆمبێلە هەڵوەشاوەكە، واتە لە بری پیشەسازی دەرهێنان، پیشەسازی دووبارە بەكارهێنانەوە شوێنی دەرهێنان بگرێتەوە، دەرامەتی بەفیڕۆچوو گۆڕانكاری گەورەی پێویست نییە لە بەگەڕخستنی دەرامەت، بەڵكو پێویستی بەگۆڕانكارییە لە پەیكەری كەرتەكە خۆیدا، واتا لە نموونەی ئابوورییەكی هێڵی  بگۆڕێت بۆ ئابووریەكی بازنەیی، واتە ئەو نموونەیەی دەرامەت لە كانەكان و دارستانەكانەوە دەگواستەوە بۆ كارگەكان بگۆڕدرێت بۆ دووبارە بەگەڕخستنەوە، واتە نموونەی بازنەیی گونجاو لەگەڵ ژینگە، واتا پیشەسازیی دووبارە بەكارهێنانەوە، شوێنی پیشەسازیی دەرهێنان بگرێتەوە و ببێتە تەواوكەری پیشەسازی دەرهێنان و بەردەوامی بدات، بەرهەمهێنانێك بگونجێت و دۆستی ژینگە بێت. ئەمەش مانای وانییە بە یەكجاری واز لە دەرهێنان و بەكارهێنانی خاوەكان بهێنیین، بەڵكو كەمكردنەوە و دەستپێوەگرتنە لە تەك دووبارە بەكارهێنانەوەدا.
18- دەرامەت و دووبارە بەكارهێنانەوەی: 
پاراستن و دەستپێوەگرتن و بەفیرۆنەدانی دەرامەتی سروشتی، كە موڵكی خەڵكە بە لەبەرچاوگرتنی مافی نەوەی داهاتوو.
گوێ پێنەدانی پلان بۆداڕێژراو و دەرامەتی بە فیڕۆچوو:
هەرچەندە شتەكان زوو تەلەف بن و رزگاربوون لێیان نزیك بێت، گەشەی ئابووری زیادەكات. زۆرێك لە كاڵاكان ساڵانە دیزاینیان دەگۆڕێت وەك ئۆتۆمبێل و جلوبەرگ و ئامێرە زیرەكەكان، ئەمە بۆ باشكردنی جۆری كاڵاكان نییە، بەڵكو بۆ زیاتر و زیاتر فرۆشتنە، لە نیوەی كۆتایی سەدەی بیستەمدا، ئابووری بەفیڕۆدان دروستبوو، بووە هۆی دروستبوونی خەرمانی گەورە گەورە لە پاشماوە و خۆڵ و خاشاك و دروستبوونی بۆنی ناخۆش و دووكەڵی ژەهراوی وەك تانجەرۆ لە سلێمانی و كانی قرژاڵە لە هەولێر، وەك لەم خشتەیە دیارە:
خشتەی ژمارە (1) خۆڵ و خاشاك لە شاری هەولێر و سلێمانی و دهۆك
لەبەر ئەوەی كیسی كاغەزمان گۆڕی بۆ نایلۆن و شووشەی كۆكەمان گۆڕی بۆ قوتووی ئەلەمنیوم، دەستەسڕی قوماشمان گۆڕی بۆ كلینكس، قاپی فافۆن و مسمان گۆڕی بۆ قاپی سەفەری و چامیلكەی ئاومان گۆڕی بۆ پەرداخی سەفەری، پیاڵەی شووشەمان گۆڕی بۆ پەرداخ و پیاڵەی سەفەری، وازمان لە ئاوی شێرۆكە (حەنەفی - بەلوعە) هێنا و ئاوی كانزاییمان بەكارهێنا، ئەمە جگە لە دایبی و زۆرێك لە پێداویستییەكانی دیكە کە دوای بەكارهێنان راستەوخۆ فڕێیان دەدەین بەبێ ئەوەی جارێكی دیكە بەكاری بهێنینەوە، بۆ رزگاربوونیش لەم پاشماوانە ئەم چەند رێگایە هەیە:
1- ژێرخۆڵكردن.
2- سووتاندن.
3- گۆڕینی پاشماوە زیندەگییەكان بۆ پەین.
4- دووبارە بەكارهێنانەوە یان دووبارە دروستكردنەوە (Recycling)
دووبارە بەكارهێنانەوە لە ئابووریی ژینگەدا بایەخێكی زۆری پێدەدرێت، بریتییە لە كرداری گێڕانەوە و چارەسەری پاشماوەكان بۆ بەگەڕخستن و بەرهەمهێنانی كاڵای نوێ‌، لە رێگەی چەند قۆناغێك كە بریتیین لە كۆكردنەوەی پاشماوەكان ،دووبارە دروستكردنەوەی بۆ مادەی نوێ‌، دواتر فرۆشتن و كڕینی.
گرینگترین ئەو مادانەی دووبارە بەكاردەهێنرێنەوە:
1- ئاسن Iron.
2- قووتوی ئەلەمنێۆم.
3- دار wood.
4- پلاستیك Plastic.
5- كاغەز Paper.
6- شووشە Glass.

پێویستە بودجەی گشتی لە كاتی خۆیدا پێشكەش بەپەرلەمان بكرێت بە لەبەر چاوگرتنی بنەماكانی بودجەی گشتی وەك بنەماکانی یەكخستنی بودجە، گشتگیری، هاوسەنگی، هەروەک پێویستە ژمێرەی كۆتایی
لە كاتی خۆیدا بچێتە پەرلەمان و
بڕیاری لەسەر بدرێت

جۆرەكانی دووبارە بەكارهێنانەوە (Types of recycling).
1- دووبارە بەكارهێنانەوەی ناوخۆیی: بریتییە لە دووبارە بەكارهێنانەوەی ئەو پاشماوانەی لە كرداری دروستكردندا پەیدادەبن لە هەمان پیشەسازی، بە زۆری لە پیشەسازی ئاسن روودەدات یان دروستكردنی بۆری مس.
2- دووبارە بەكارهێنانەوەی دەرەكی: بریتییە لە چاكردنەوەی مادەی لە بیركراو و كۆن وەك كۆكردنەوەی گۆڤار و رۆژنامە و دووبارە دروستكردنەوەی كاغەزی نوێ‌ و گۆڤار و رۆژنامەی نوێ‌.
سوودەكانی دووبارە بەكارهێنانەوە (Recycling benefits):
1- كەمكردنەوەی پاشماوەكان كە دەنێردرێن بۆ زبڵخانە و گوفەكەكان و سووتاندنیان.
2- پارێزگاریكردن لە دەرامەتی سروشتی وەك ئاو و ئاسن و دار.
3- بەدەستهێنانی وزە لە پاشماوەكان.
4- كەمكردنەوەی پیسبوونی ژینگە لە رێگەی سنووردانان بۆ ماددەی خاوی نوێ‌.
5- رەخساندنی هەلی كاری نوێ‌ لە بواری دووبارە بەكارهێنانەوە.
لەگەڵ ئەم سوودانەدا، ئەو مادەیەی دووبارە بەكاردەهێنرێتەوە جۆری وەك ئەو كاڵایە نییە لە ماددەی خامی نوێ‌ دروستدەكرێت، لەبەر ئەوەی دووبارە بەكارهێنانەوە واتا دروستكردنی كاڵایەكی نوێ‌ لە پاشماوەی كاڵای كۆن لەبەرئەوە جۆری خراپترە، بەڵام ئەمەش مانای وانییە كە دووبارە بەكارهێنانەوە سوودی نییە.
19- بودجەی گشتی Public Budget 
1- پێویستە بودجەی گشتی لە كاتی خۆیدا پێشكەش بەپەرلەمان بكرێت بە لەبەر چاوگرتنی بنەماكانی بودجەی گشتی وەك (بنەمای یەكخستنی بودجە، بنەمای گشتگیری بودجە، بنەمای ساڵانەی بودجەی گشتی، بنەمای هاوسەنگی بودجەی گشتی، بنەمای روونی بودجەی گشتی، بنەمای وردی (دقە) لە خەمڵاندندا، بنەمای نەرمی (هەستیاری) بودجەی گشتی، بنەمای ئاشكرایی بودجەی گشتی).
2- پێویستە ژمێرەی كۆتایی لە كاتی خۆیدا بێتە پەرلەمان و بڕیاری لەسەر بدرێت:
ژمێریاریی كۆتایی بریتییە لە راگەیاندنی داهات و خەرجی گشتی كرداریی دەوڵەت لە ماوەی رابردوودا خەرجی كردووە و دەستیكەوتووە. بۆ ساڵی دارایی كۆتایی هاتوو دادەنرێت، واتە ژمێرەی كۆتایی دادەنرێت پاش كۆتایی هاتنی ساڵی دارایی بودجەی گشتی، ژمێرەی كۆتایی راگەیاندنی داهات و خەرجی كرداری دەوڵەتە لە ماوەی ساڵی رابردوودا.
20- چارەسەری پاشەكەوتی فەرمانبەران
یەكەم: پێویستە ئەم پاشەكەوتە بە زوترین كات لاببرێت و نەمینێت لە رێگەی گەڕانەوە بۆ بەغدا یان بە پشتبەستن بە داهاتی هەرێم.
دووەم: لەسەر ئاستی دەسەڵاتی جێبەجێكردندا: پێویستە ئەم هەنگاوانە بنرێت بۆ چارەسەر و كەمكردنەوەی گرفتی زۆری و بۆریی فەرمانبەرانی كەرتی گشتی و پاكردنەوەی لیستی ناوی فەرمانبەران وەك:
1- بڕینی مووچەی نایاسایی بە هەموو شێوە و جۆرەكانییەوە، وەك وەرگرتنی مووچە و خانەنشینی لە یەك كاتدا.
2- بڕینی ناونیشانی نایاسایی و ناواقیعی وەك شارەزا و راوێژكار و یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی و هتد.
3- بڕین و لادانی خزمەتی نایاسایی و وەهمی و لابەلا و ناواقیعی.
4- مۆڵەتدان بۆ كاركردن لە دەرەوەی حكومەت، بە شێوەی یەك لەسەر چواری مووچە و یەك لە سەر دووی مووچە و بەبێ‌ مووچە.
5- هێنانەپێشەوە و كەمكردنەوەی تەمەنی خانەنشینی ئارەزوومەندانە.
6- وەستاندنی دامەزراندن بە هەموو شێوەیەك و بۆ هەموو كارێك.
7- بڕینی دوو مووچەیی لە ژێر هەر ناونیشانێكدا بێت، وەك دەبڵ مووچەی مامۆستایانی پۆستدار لە زانكۆ.
8- بڕینی دەرماڵەی ناشایستە و نایاسایی و ناواقیعی و نەگونجاو لەگەڵ كاری كرداریی فەرمانبەردا.
9- بڕینی مووچەی خانەنشینی نایاسایی و ناواقیعی وەك ئەوانەی كە 75% خزمەتیان لە دەرەوەی هەرێم كردووە، یان بەبێ‌ دەوامكردن و بینینی ئەرك و فەرمان خانەنشینكراون.
10- كەمكردنەوەی مووچە و دەرماڵەی هەرسێ‌ سەرۆكایەتییەكە و وەزیر و ئەندامەكانی پەرلەمان و راوێژكار و شارەزا و بەڕێوەبەری گشتی و یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی بەڕێژەی لە 50%. 
11- پاشەكەوتكردنی یەك لە سەر پێنجی مووچەی فەرمانبەران بە شێوەیەكی ئارەزوومەندانە، لە بری دانی سوو یان قازانج.
12- دانان و كردنەوەی ژمارەی حسابی لە بەنك بۆ هەموو فەرمانبەرێك و دیاریكردنی رەسیدی هەر فەرمانبەرێك، دیاریكردنی ئەو سووەی كە دەیدات بەفەرمانبەر لە بری دواخستنی بەزۆری بەكارهێنانی ئەمڕۆیان، یان دیاریكردنی رێژەی قازانج بۆ هەر فەرمانبەرێك لە شێوەی جامبازی (المضاربة)، بەم هەنگاوانەی خوارەوە: 
1- لە قۆناغی یەكەمدا فەرمانبەر مافی ئەوەی هەبێت مامەڵەكانی لەگەڵ دەوڵەتدا بەم رەسیدە بكات، بەبێ‌ مافی راكێشان و كردنە سیولە.
2- لە قۆناغی دووەمدا مافی مامەڵەپێكردنێكی دیاریكراوی پێبدرێت لەگەڵ هاوپیشەكانی لە فەرمانبەران واتە تەنها بتوانی رەسیدەكەی بەبڕێكی دیاریكراو مانگانە بگوازێتەوە لە ناوی خۆیەوە بۆ ناوێكی تر. 
3- لە قۆناغی سێیەمدا مافی جوڵاندنی تەواوی ژمارە حسابییەكەی هەبێت بەبێ خوردكردنەوەی بۆ رەسید یان پارە.
4- لە قۆناغی چوارەمدا مافی راكێشانی بڕێك پارەی هەبێت لە ژمارە حسابییەكەی مانگانە تاكو چاكبوون و ئاساییبوونەوەی دۆخی سیاسی و ئابووریی هەرێم و دواتر تەواوی مافی مامەڵەكردنی پێبدرێت بە رەسیدەكەی لە راكێشان و گواستنەوە و مامەڵەپێكردنیدا. 
5- هیچ قۆناغێك لە دوو بۆ چوار مانگ زیاتر نەبێت. 
سێیەم: لە سەر ئاستی یاساداناندا (پەرلەمان): پێویستە پەرلەمان دانیشتنێكی تایبەت بكات بۆ ناچاركردنی حكومەت بە گێڕانەوەی ئەو پارەیەی كە لە فەرمانبەران دەبڕدرێت و بكرێتە قەرز لەسەر كابینە یەك لە دوای یەكدا هاتووەكان بەیاسایەكی پەرلەمانی.
چوارەم: لەسەر ئاستی رێكخراوەكان و خەڵكدا: پێویستە فشاری زیاتر دروستبكەن بۆ زووتر نەهێشتنی پاشەكەوتی زۆرەملێ و گێڕانەوەی پارەی پاشەكەوتكراو، لە رێگە دیموكراسی و یاساییەكانەوە.
21- سیستەمی بەنكی گشتگیر Core Management System
لە پێناوی (مواكبە)كردنی پێشكەوتنی ئەلكترۆنی لە كاری بەنكی لە ئاستی عیراق و وڵاتانی دونیا، پێویستە ژێرخانێكی ناوخۆیی ئەلكترۆنی پارێزراو هەموو بانكەكانی كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت ببەسترێتەوە بە ئیدارەی بەنكی لە حکومەتی هەرێم، لە پێناوی دامەزراندنی سیستەمێكی بەنكی گشتگیر بەئامێر و تەكنۆلۆژیا و پڕۆگرامی پێشكەوتوووی بەنكی، بۆ ئەوەی لە هەموو كارە بەنكییەكاندا پشتی پێببەسترێت و هەموو خزمەتگوزاریەكانی بەنكی پێشكەش بەهاووڵاتیان بكات.
22- باج و میرانە
1- هەموو باجێكی نوێ‌ یان زیادكردنی باج یان كەمكردنی، یان لێخۆش بوون لە باج دەبێت لە رێگەی یاسای بودجەی گشتییەوە بكرێت.
2- هەموو میرانەیەكی نوێ‌ یان زیادكردنی میرانە یان كەمكردنی، یان لێخۆش بوون لە میرانە، دەبێت لە رێگەی یاسای بودجەی گشتییەوە بكرێت. 
3- هەموو نرخێكی نوێ‌ بۆ كاڵا و خزمەتگوزارییە گشتیەكان، یان زیادكردنی نرخی كاڵا و خزمەتگوزارییە گشتییەكان یان كەمكردنی نرخی كاڵا و خزمەتگوزارییە گشتییەكان، یان لێخۆش بوون لە بەهای كاڵا و خزمەتگوزارییە گشتیەكان وەك (ئاو، كارەب، تەندروستی، شارەوانی و هتد)، دەبێت لە رێگەی یاسای بودجەی گشتییەوە بكرێت.
23- سامانی سروشتی
1- دروستكردنی ژێرخانی پیشەسازیی نەوتی و دامەزراندنی پیشەسازی پتڕۆكیمیایی لە ناوخۆی هەرێمدا، پڕكردنەوەی پێداویستییەكانی هەرێم لە بەرهەمە نەوتییەكان وەك (گاز و بەنزین بەهەموو جۆرەكانی و رۆن و سیوەیل و هایدرۆلیك و هتد).
2- دانان و تەرخانكردنی بەشێكی گونجاو بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی لە نەوتی سپی و بەرهەمە نەوتییەكانی دیكە بەنرخێكی گونجاوی پاڵپشتكراو.

وتارەکانی نوسەر