با یەکێتی لە دوای دیدارەوە بڕیار لە دامەزراندنی ئەم دامەزراو و ئۆرگانانە بدات

12:58 - 2022-04-11
جەمال ئارێز
308 خوێندراوەتەوە

بڕیاردان لە دیداری یەکێتی، پێویستییەکی قۆناغی هەنووکەیی بوو، چونکە وەک لە وتارەکەی هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی بۆ راگەیاندنی دەستپێکی ئامادەکاریی بۆ دیدارەکەی مانگی ئایاردا هاتبوو، ئامانج لەو دیدارە تەواوکردنی ئەو بڕیار و هەنگاوانەی کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەبوو لە چوارەمین کۆنگرەدا جێبەجێی بکردنایەم بەڵام هاتنە پێشەوەی پەتای کۆرۆنا لە لایەک و هەڵبژاردنی پێشوەختەی عیراق لە لایەکی دیکەوە دەرفەتێکی ئەوتۆیان لە بەردەم یەکێتیدا نەهێشتەوە کە هەموو ئەو بڕیارانە بە گوێرەی خشتەی بڕیارلێدراو جێبەجێ بکات، ئەوە سەرەڕای دووبارە سەرهەڵدانەوەی کێشەی ئابووریی لە کوردستان و لێکەوتەکانی دوای هەڵبژاردن کە بەشێکی زۆری تواناکانی لە هەموو ئاستەکاندا پەکخستووە.

زەرورەتی قۆناغەکە
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دوای  هەر چوار کۆنگرەکەی چەند دەزگا و ئۆرگان و مەکتەبێکی دروستکردووە کە هەندێکیان مەکتەب و ئۆرگانی تەنفیزین لە ناو حزبدا و ئەو مەکتەب و بۆرد و مەکتەبانە بوونەتە فاکتەری زیندوێتی حزبەکە، هاوکات رەنگە چەند مەکتەب و بۆرد و ئۆرگانیکیش هەبن کە بە گوێرەی ژیانی هاوچەرخی حزبایەتی پاساوی مانەوەیان نەمابێت، بەڵام لە رابردوودا بۆ رازیکردن یان راگرتنی هاوسەنگیی ناوچەیی یان تەکەتول ماونەتەوە کە رەنگە بەشێک لەوانە گوشاری دارایی زۆر بخەنە سەر یەکێتی و جەدوای مانەوەشیان نەمابێت.
سەرەڕای نەمانی جەدوای مانەوەشیان، کۆمەڵێک کادر و ئەندامی چالاک و رووناکبیر و هەڵسوڕاو لەو شوێنانەدا تواناکانیان لە خزمەتی ژیانی حزبیدا فەرامۆش کراوە، کە دەکرێت لە شوێنێکی دیکە و بە (ئیستیحداس) کردنی ئۆرگانێک یان بۆردێک بتوانرێت سوودی زیاتر کە تواناکانیان وەربگیرێت و خۆشیان لەو فەرامۆشکراوییە رزگاریان ببێت.

دەزگای راپرسی
یەکێک لەو ئۆرگان یان بۆردانەی ئێستا پێویستە بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دروستکردنی دامەزراوەیەکی راپرسییە لە کەسانێکی پسپۆڕ و بەکارهێنانی لەشکرێکی زۆر لە هەڤاڵان لە ناو کۆمیتە و ئۆرگانەکاندا بۆ کۆکردنەوەی داتا و زانیاری و راپرسی لەسەر بابەتە گرنگەکان، ئەوەش بە دروستکردنی فۆڕمی راپرسی و وەرگرتنەوەی فۆڕمەکان و بیرو بۆچوونی هەڤاڵان و دۆستانی یەکێتی و بەرزکردنەوەیان بۆ سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی، کە بەوەش پەیوەندیی بنکەی جەماوەریی حزب و سەرکردایەتی لە بەردەوامیدا دەبێت.

دەزگای ئامادەکردن
یەکێکی دیکە لەو دەزگایانەی کە پێویستە کار بۆ دروستکردنی بکرێت، دەزگایەکە بۆ ئامادەکردنی کادرانی پێشکەوتوو و خوێندەوار و خاوەن بڕوانامە باڵاکان بۆ رشتە جیاجیاکانی بەڕێوەبردن وەک (بەڕێوەبەری فەرمانگە، بەڕێوەبەری گشتی بەگوێرەی پسپۆڕی، وەزیر، بریکاری وەزارەت، پەرلەمانتار، باڵیۆز، بەرپرسی نوێنەرایەتی)، واتە ئامادەکردنیان لە هەڵبژاردنێکەوە بۆ هەڵبژاردنێکی دیکە و تاقیکردنەوەیان لەڕووی لێوەشاوەیی و نەزاهەت و زاناییەوە لە پسپۆڕییەکەی خۆیاندا تا کە نێردرانە دامەزراوە دەوڵەتییەکانەوە نەبنە مایەی ئیحراجی بۆ یەکێتی. 
سوود گۆڕینەوەی ئەم دوو دەزگایە
ئەم دوو دەزگایەش واتە راپرسی و ئامادەکاری دەشێت سوودی زۆر لە یەکتریی ببینن، بۆ نموونە کاتێک گلەیی زۆر لە رێی راپرسییەوە لەسەر کادرێکی حکومیی لە پشکی یەکێتی لەناو هەڤاڵانی یەکێتی و لەناو خەڵکدا بەگشتی دروست دەبێت و دەبێتە مایەی ئەوەی سەرکردایەتی یەکێتی داتای رای یەکێتییەکانی لەبەردەستدا بێت بۆ لادانی ئەو کادرە، پێوسیتە راپرسییەک لە دەزگای یەکەمەوە بکرێت، پاشان پڕکردنەوەی شوێنەکەی دەبێتە ئەرکی دەزگای ئامادەکردن و ئەوکات دەکرێت دوو یان سێ کادری دەزگای ئامادەکردن بپاڵێورێن بۆ شوێنگرتنەوەی ئەوەش لە راپرسیی ناوخۆیی ئەندامانی حزبەوە ناوەکان ئاشکرابکرێن و هەر یەکێکیان بەگوێرەی راپرسییەکە شایستەتر بوو و لەڕووی شیاوییەوە، لەلایەن سەرکردایەتیی حزبەوە بڕیاری لێ بدرێت.

وتارەکانی نوسەر