دوای تەواوبوونی مۆڵەتەكەی سەدر

10:47 - 2022-04-12
ئیدریس جەبار
349 خوێندراوەتەوە

واپێدەچێت هاوپەیمانی «رزگاریی نیشتیمانی» كە لە 23 ئاداردا پێكهێنرا و رەوتی سەدر و پارتی دیموكراتی كوردستان و فراكسیۆنی سیادەی سوننە لەخۆدەگرێت، دانی بە شكستی خۆیدا نابێت لە پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌.    

هاوپەیمانییەكە نەیتوانی رێژەی یاسایی ئامادەبوان لە هەردوو دانیشتنی 23 و 30 ئادار تەواوبكات، دوابەدوای ئەوەش موقتەدا سەدر رابەری رەوتی سەدر لە رێی تویتەرەوە پەیامێكی بڵاوكردەوە و بەپێی پەیامەكەش»بەهۆی رەوشی خراپی ئەمنی و ئابوری و حزمەتگوزاریی گشتییەوە، مۆڵەتی 40 رۆژ دەداتە ئەو ئۆپۆزسیۆنەی بایكۆتی دانیشتنەكانی پەرلەمانی كرد، مۆڵەتەكەش لە 3ی ئادارەوە دەستێپدەكات، ئۆپۆزسیۆن دەتوانێت لەو ماوەیەدا فراكسیۆنی زۆرینە پێكبهێنێت و حكومەتی نوێ‌ بەبێ‌ رەوتی سەدر دروستبكات». 

داواشی لە ئەندامانی رەوتەكەی كردبوو، بە چاك یان بە خراپ دەستوەردان لەو پرسەدا نەكەن، ئەمەش لەكاتێكدایە پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی رووبەڕووی ئاستەنگ بۆتەوە و لە جاران زیاتر دوورەدەست بووە. 

هەرچەندە سەدر مۆڵەتی 40 رۆژی داوەتە چوارچێوەی هاوئاهەنگی كە بە «كەمینەی سێیەك» لە پەرلەماندا ناوی دەبات، تائێستاش ئەگەری پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی لەڕێی هاوپەیمانی سەدر و كورد و سوننە ماوە.    

سەدر هەر لەگەڵ راگەیاندنی ئاكامی هەڵبژاردنەكەی 10ی تشرینی یەكەمی 2021، تائێستاش پشتیوانی لە پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی دەكات و پاشەكشەی نەكردووە لە دەستەبەركردنی پۆستە سەرەكییەكانی ئەو حكومەتەی کە بە نیشتمانی ناوی دەبات.  

رابەری رەوتی سەدر لە دوایین پەیامیدا، شانازی كرد بەوەی یەكەم عیراقییە «هاوپەیمانی زۆرینەی نیشتمانی» پێكهێناوە و كەسێتییەكی پەسەندكراو دادەنێت لەنێو ئەو لیستەی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران ئامادەی كردووە. 

لە پاش هەڵپەساردنی هەردوو دانیشتنی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانیش، بەهۆی تەوانەبوونی رێژەی یاسایی ئامادەبوان، دەركەوت كە سەدر تا چ ئاستێك لە لێكدانەوە و هەڵسەنگاندنی بۆ رەوشەكە هەڵەبووە، بەو پێیەی لەئێستادا سیناریۆی حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی بەشێوەیەكی پراكتیكی لە داڕوخانی تەواوەتی نزیكبۆتەوە، چونكە ئامادەنەبوونی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە دانیشتنەكانی داهاتووشدا، رێگرە لەبەردەم هاتنەدی خەونەكەی. 

تاكە بوار بۆ پێكهێنانی ئەو حكومەتەی سەدرییەكان داوای دەكەن، روودانی وەرچەرخانێكی گەورەیە لە هەڵوێستی ئەو لایەنانەی بایكۆتی دانیشتەكانی پێشوویان كردبوو، ئەمەش گریمانەیەكی دوورە و ناكرێت هیوای لەسەر هەڵبچنرێت.

وتارەکانی نوسەر