لە پەنجەرەی پەروەردەوە

گرنگی بەها کۆمەڵایەتییەکان لەوانەوتنەوەدا

11:16 - 2022-04-12
مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان
4407 خوێندراوەتەوە

بەها کۆمەڵایەتییەکان ئەو بەرایی و بڕواپێبوون و بنەما رەفتارییانەن کە تاک بڕوای پێیان هەیەو بونیادی رەفتاریی لەسەر دادەمەزرێنێت و بەپێی دەرئەنجامەکانیان ژیانی پێ ئاڕاستەدەکات، هەمان ئەو بەها کۆمەڵایەتیانە دەبنە شوناس و ناسنامەی کەسیی و یەکێک لەیەکێکی تری پێ جودادەکرێتەوە بە پێی ئەو رەفتارانەی لێوەی دەردەچن و لە پەروەردەکردنیدا رۆڵ و کاریگەرییان هەبووە، بەها کۆمەڵایەتییەکان بە دیارترین ئەو هۆکارانە دادەنرێت کە هۆکارن بۆ راستکردنەوە و کۆنتڕۆڵکردنی رەفتاری تاک و ئاڕاستەکردنی ئەو چالاکیانەی بەدیهێنەری ئامانجە پەروەردەییەکانن لەسەر بنەڕەتێکی زانستی و واقیعی گونجاو لەگەڵ ژیانی تاک و دەورووبەرەکەیدا، بۆیە وانەوتنەوەی بەها کۆمەڵایەتییەکان مەرجێکی بنەڕەتین بۆ تەواوکاریی بونیادی کەسێتی منداڵ و ورووژاندنی سەرجەم ئەو هەستانەی بیرو ئەندێشەی دەجوڵێنن بۆ کاری مرۆڤانە و سوودبەخش بەخۆی و بۆ کۆمەڵگەکەشی کە تێیدا ئەژی،  ئێستا پرۆگرامی (بەها کۆمەڵایەتییەکان) لەسیستمی پەروەردە و فێرکردندا جێگەی کراوەتەوە و پێشتریش تاڕادەیەک بەناوی پەروەردەی مەدەنییەوە هەبووە، کارێکی تەواو ئەرێنییە و جێگەی دەستخۆشی وەزارەتی پەروەردە و لایەنانی پەیوەندیدارە لە ئامادەکردن و هێنانەکایەوەی ئەو پرۆگرامە بەدیزاینێکی جوان و ناوەڕۆکێکی سوودبەخشەوە، چونکە هەلومەرجەکانی نێو کۆمەڵگە و گۆڕانی جۆری پەیوەندییەکان و گرنگیپێدانەکانی تاک و رۆچوون لە جیهانی تەکنەلۆژیا و دیجیتاڵیدا بەشیکی زۆری ئەو بەهاو نەریت و ئاڕاستانەی تاکی لەسەر راگیرابوو خستۆتە بەردەم مەترسی لەناوچوون و پووکانەوە، بێگومان ئەمەش دەرئەنجامی زۆر نالەبار و دژوار بەدوای خۆیدا دەهێنێت بەتایبەت لەو کۆمەڵگەیانەی ئاستی بیرکردنەوەی لۆژیکی و مەعریفەی زۆر و شارەزایی خودییان کەمە بۆ پێشهات و رووداوە جۆربەجۆرەکانی ژیان، ئەم بابەتە دەکرێت دەرگایەکی کراوە بێت بۆ ئەوەی لێیەوە خوێندکار ئاڕاستەیەکی زانستی و دروست بکرێت بۆ راهاتن و بەردەوامبوون لەسەر ئەو بەها کاریگەرانەی ژیان پێویستێتی و بۆ مانەوە گرنگ و پڕبایەخن، ئەمەش بە پێی پۆل و قۆناغی تەمەن و جۆری لێتێگەیشتنی منداڵ جیاوازن، هەر ئەم بەهایانەن دواجار رۆحی ئینتیمای دروست و ئازادی بیرکردنەوە و بڕوابەخۆبوون و هەستی بەرپرسیارێتی و یارمەتی و هاوکاری ئەوانی تری لێ دەکەوێتەوە، بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانییە بەهەڵە روانینە بۆ ئەم پرۆگرامە لەلایەن بەشێکی زۆری خانەوادەی خوێندکاران و هەندێک لە مامۆستایان و بگرە پەروەردەکارانیش، وەک بابەتێکی تیۆری تەنها لێی بڕوانرێت و ئامانج تێیدا نمرە و بەدەستهێنانی نمرە بێت و داواکاری ئەوەبکرێت تاقیکردنەوەی تێدا بکرێت، ئەمە خۆی لەخۆیدا پرۆگرامەکە لەو ئامانجە دووردەخاتەوە لە پێناویدا هاتووەتەبوون، بەوەی مەبەست کردار و رۆڵبینینی خودی تاکە وەک منداڵ و وەک خوێندکار بۆ بەدەستهێنانی ئەو چەمک و رەفتار و بەهاکرداریانەی پێویستن و ئامانجە تیایاندا بڕوێنرێن و بچەسپێنرێن، لە پەیڕەوکردنی بەهاکاندا نمرە گرنگ نییە بەهێندەی ئەوەی بزانرێت چۆن و چەند پەیامی ئەرێنی گەیشتووە لە بەدیهێنانی هەر بەهایەکدا لە وانەوتنەوەکاندا دەخوێنرێن، گەرچی تاقیکردنەوە لەوانەی بەهاکاندا ناکرێت، بەهیوای ئەوە ئەمە نەبێتە هۆی ئەوەی لەبایەخی ئەم بابەتە گرنگە کەمبکرێتەوە و پشتگوێ بخرێت.

وتارەکانی نوسەر