عیراق دوای سەدام چی لێهاتووە؟

11:30 - 2022-04-12
رێبین عومه‌ر‌
383 خوێندراوەتەوە

ئێمە بۆ خۆشی چەپڵەمان لێدەدا؛ كەچی بۆ سبەی ئەو قسانەی كە بۆ گاڵتە چەپڵە رێزان كرابوون؛ دەخزێنرانە ناو پەێڕەو و «دەبوونە وانە بۆ پەروەردەی منداڵەكانی وڵات». لە رۆحییەتی مرۆڤی خۆرهەڵاتیدا؛ باوەکە بوكەڵەیەكی دیكتاتۆر و فاشیزم هەیە و بەردەوامی بە مانەوەی خۆی دەدات. (ژینگە، دەسەڵات، هێز و پارە، ئەو بوكەڵەیە گەورە دەكات و بە ویست، دەیكاتە (هیتلەر، مۆسۆلینی، ستالین، سەدامی عۆجەیی)، كە هەنووکە سەروبەندی یادی 19 ساڵەی كەوتنی  خۆی و وێنە هەڵواسراو پەیكەر و ئاڵا و  دام و دەزگاكانێتی.
 عیراقی دوای سەدام.. بەهۆی هەڵكەوتەكەیەوە بە هۆی كەلتورە راهاتووەكەی لەسەر گەندەڵی و قۆرغ كاری و كوشتن و یەك رەتكردنەوە و دیكتاتۆریەت.
 نەیتوانی لە رەهەندەكانی دیموكراسی و چەسپاندنی عەدالەت و سەربەستی گەلانی ناو جوگرافیای عیراق تێبگات.
 سەدام فاشیستێك بوو بە پۆشاكی عەسكەری و بە ئاگر و ئاسن 35 ساڵ حوكمی كرد و دەستی لە تاوان و جینۆسایدا هەیە بەرامبەر بە گەلی كورد و عەرەب.
گەرای سەدامی، سەری دەركرد..
 دوای خۆی گەرای سەدامی بە پۆشاكی مەزهەبی و نەریتی، بوونە نەهاتی بۆ ئەم وڵاتە لە دوای سەدام لە 2003 هەموو هەوڵێك هەبوو لە رێگەی ئازادیخوازانەوە كە عیراق بەرەو هیچ جەمسەرێكی هەرێمی و جیهانی نەچێت، بەڵكو چاو لەسەر ئەوەبوو، كورد و عەرەب كە هاوبەشی راستەقینەن بە گوێرەی دەستور، بونیادی وڵاتێكی گەش و نوێ و دامەزراوە بنێن بە ئیلهامی دیموكراسی، بەڵام ئەوە رووی نەدا، لە دوو ماوەی سەرۆكایەتیدا، مام جەلال هەوڵی جدی هەبوو بۆ ئەوەی ئەم وڵاتە لە پێش خۆی خراپتر نەبێت، بە ئەندازەیەكی بەرچاو ئەو باڵانسە راگیرا، بەڵام دوای سەرۆك مام جەلال، عیراق لەسەر و بەندی شەڕی داعش بە تەواوەتی كەوتە دەست هێزە مەزهەبییەكان و دەست ئەو هێزانەی بە تەواوەتی شوێنراو دیاردەی جەنگی مەزهەبی بە دنەدانی وڵاتانی دەوروبەر، بەرەو ئاقارێکی مەترسیدارتر برا، لە پشك پشكێنەی ناوخۆیی كە ناونرابوو دیموكراسی تەوافوقی، بە تەواوەتی بەرەو پشك پشكێنەی هەرێمی چووە، ئێستا ئەم وڵاتەی دوای سەدام، دەیان سەدامی عروبەی بۆ لە دایك بووە و هەركەس و گروپ و تاقمەی خۆبەخۆ لە كۆشكێكی رابردووی سەدامەوە، مومارەسەی دەسەڵات و هەژموونی خۆی دەكات.

وتارەکانی نوسەر