دۆڕاو و براوە لە شەڕی روسیا- ئۆکرانیادا

12:03 - 2022-04-12
برایم محێدین عارف
707 خوێندراوەتەوە

 لە زۆربەی ئەو شەڕانەی لە جیهاندا لە نێوان دوو وڵات یان دوو بەرە، یان تەنانەت دووکەسیشدا روو دەدەن، لایەنی مافدار و بێ مافی تیا دەردەکەوێت، زۆرتر لایەکیان لەسەر هەقن و ناکرێت هەردوولا وەک یەک خاوەن ماف بن، هەرچەندە هەر لایە رەوایی دەداتە ماف پێدان بە خۆی، بەڵام لە راستیدا زۆرتر داوای لایەکیان رەوایە، ناکرێت هەردوولا لە بازنەی رەوایی مافدا بخولێنەوە، هەمیشەش لە کۆتایی شەڕدا دۆڕاو و براوە هەیە، بە پێودانگی ئەنجامەکانی هەموو شەڕەکان، زۆرترلایەکیان کە خەسارۆمەندی شەڕەکەن، وەک دۆڕاوی جەنگ دەژمێردرێت.

هەموو لایەنەکان  زەرەرمەند دەبن
کە لایەک کەوتە خانەی دۆڕانەوە بە زیانی زۆرەوە، لایەکەی تر راستەوخۆ دەچێتە خانەی براوەوە بە کەمترین زیانەوە، بەڵام هیچ براوەیەکی جەنگ نییە هیچ زیانێکی پێ نەگات، با بڕی زیانەکان کەمیش بن، یا هیچ شەڕێک نییە براوە و دۆڕاوی تیا نەبێت.
 لە شەڕی روسیا- ئۆکرانیادا، جەنگ بەرگێکی تری لەخۆگرتووە، هیچ لایەک وەک سەرکەوتووی هەمیشەیی بێ زیان و  ئەویی تر وەک دۆڕاو بوونی نییە، بەڵکو هەردوولا لە بازنەی دۆڕاو و براوەدا دەخولێنەوە بە کێشانی راستە هێڵی کورت و درێژی زیان و سوود وەرگرتن، لەم جەنگەدا سەردەم وجۆری بەکارهێنانی چەک و یارمەتیدانی وڵاتان لە شەڕدا رۆڵی کاریگەری لە دیاریکردنی دۆڕاو و براوەی ئەمڕۆی ئەم  شەڕەدا هەیە، وڵاتانی دەرەوەی شەڕەکە بە بەشداری ناڕاستەوخۆ دەتوانن ئاراستەی دۆڕاو و براوەی شەڕەکە بگۆڕن، کەواتە دۆڕاو و براوە ئاوێتەو تێکەڵ بوون لەم شەڕەدا هەریەکەیان بە پێی پێوانەی رەنگدانەوەی خۆی بە سیمای هەردوو وڵاتەوە لە شەڕەکەدا دیارە، روسیا وەک توانای لەوێران کردنی شارەکانی ئۆکرانیا،داگیرکردنی چەند شارێک، سەرکەتوبووە، بەڵام لە رووی پەیوەندی نێو دەوڵەتییەوە دەبێ بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتاندا بچێتەوە، چونکە زیانی بەرکەوتووە، ئەگەر لە راگوزەرێکی خێرادا سەرکەوتنەکانی روسیا ئاماژە پێ بدەین، توانی لە ئێستادا فشار بکات، ئۆکرانیا نەچێتە ناو هاوپەیمانی ناتۆوە، کە کرۆکی مەبەستی داگیرکردنەکەی بو دەمێکە جەخت لەو مەبەستەی دەکاتەوە، بەشێک لە خاکی ئۆکرانیای داگیر و وێران کرد، بە وێرانکردنی چەند فڕۆکەخانەیەکیشەوە، ژمارەیەکی زۆر چەکی قورسی ئۆکرانیای تێک شکاند، تا رادەیەک توانی مەترسی هێرشی وڵاتانی ناتۆ لەناو خاکی ئۆکرانیاوە بۆ روسیا دوورخاتەوە، هەنگاوی سەرەتایی پەیامی یەکەمی بۆ گێڕانەوەی جیهانی دوو جەمسەری بە گوێی جیهاندا دا، بەڵام لە بەرامبەردا ئابووری روسیا دابەزی، ژمارەیەکی بێ شومار ئۆتۆمبێل و کەرەسەی جه نگی تێک شکا، کوژراوێکی زۆری دا، دەنگی ئۆپۆزسیۆن دژی پۆتن زیاتر بەرز بۆوە، گەمارۆی سیاسیی خرایە سەر زۆر کەسایەتی روسیا، گەمارۆی ئابووریی و نەچوونی هەندێ مادە بۆ ناو روسیای گرتەوە، لە رووی نێودەوڵەتیەوە روسیا وەک وڵاتێکی داگیرکەر و سەرۆکەکەی وەک کەسێکی بێزراو و دیکتاتۆر ناو زەدکرا، روسیا هەڵپەسێردرا لە ئەندامێتی کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی جیهانی، لە زۆر پەیوەندی تری جیهانیدا زیانی پێگەیشت، رەنگە لە ئاییندەدا نەتوانێت نەوت و گاز بە وێنەی پێشو رەوانەی ئەوروپا بکات.

 


ئۆکرانیا زیانی زۆری بەرکەوت
ئۆکرانیا بە هەمان جۆر زیانی زۆری پێگەیشت لە وێران کردن و چۆڵ بوونی شارەکانی، کوشتنی هاووڵاتیانی سڤیل و سەرباز، ئاوارەبوونی زیاتر لە دە ملیۆن خەڵکەکەی، داتەپینی ئابووری وڵات، وێرانکردنی هەندێ لە فڕۆکەخانەکانی، لە دەستدانی بەشێکی خاکەکەی، تێکشکاندنی زۆربەی یەدەکە سەربازییەکانی لە چەک و سەیارە و تۆپ و کەرەسەی شەڕ، بێ ئومێد بوونی بۆ بوونە ئەندامی ناتۆ لە ئێستادا، بەڵام لەبەرامبەردا، سەرۆکی ئۆکرانیا و فەرماندەکانی سەریان بۆ پۆتن نەوی نەکرد، وەک قارەمانی بەرگری لە وڵاتەکەیان و جیهاندا ناسێندران، سۆز و یارمەتی زۆربەی وڵاتانی دنیاو ئەوروپایان بۆ خۆیان راکێشا، لە رووی سەربازییەوە هاوکارییەکی زۆریان وەدەست هێنا، دۆستەکانیان زیاتربوون لە جاران، دوای کۆتایی هاتنی شەڕیش وڵاتەکە دەبێتە مۆڵگەی یارمەتیدان لە لایەن  وڵاتانی نەیاری ئەم شەڕەی روسیاوە، وەک ئەوروپا و ئەمریکا وئوسترالیا و کەنەدا، یارمەتی زۆری دەدەن، لە جاران جوانتر وڵاتەکە ئاوەدان دەکەنەوە، بە پێی خشتەیەکی درێژخایەنی کات.
 کەواتە هاوکێشەی رستە مێژوویەکە خۆی نواند کە هەمیشە شەڕ نەویستان دەڵێن:  نەفرەت لە شەڕ، جگە لە ماڵ وێرانی هیچی لێ وەدەست نایەت، دۆڕاو براوەی سەد لە سەد لەم شەڕدا نییەو هەردوولا خاڵی دۆڕاو و براوەشیان هەیە، رەنگە وڵاتێکیان زیاتر یا کەمتر زیانی بەرکەوتبێت لە رووی مادەوە، یان سەرکەوتنی زیاتری وەدس هێنابێت، بەڵام لە رووەکانی ترەوە هاوکێشەکە هاوسەنگ دەبێتەوە، هەردوو وڵات دۆڕاو و براوەی شەڕن، هەریەکە بە پێی پێودانگی قەبارەی خۆی.

وتارەکانی نوسەر