وردتر

هەرێم و بەغدا؛ رێكەوتنی هاوسەنگ و بابەتی

12:31 - 2022-04-12
لەشکر حەمە ساڵح
376 خوێندراوەتەوە

وادیارە هەرێمی كوردستان دەست بەگفتوگۆ دەكات لەگەڵ حكومەتی عیراق بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری پێشتری دادگای فیدراڵی لە بارەی دۆسێی نەوت و گازی هەرێم، بۆ ئەو مەبەستەش وەفدێكی حكومەتی هەرێم چۆتە بەغدا و لەگەڵ وەزارەتی نەوت گفتوگۆی كردووە.
پێش سەردانەكەی وەفدی هەرێم، وەزارەتی نەوتی عیراق كۆمەڵێك وۆرك شۆپ و كۆبوونەوەی جیاجیای بۆ پسپۆڕانی بواری نەوت و یاسا و كەسانی پەیوەندیدار رێكخستوە بۆ كۆكردنەوەی تێڕوانینە جیاوازەكان و گەڵاڵەكردن و پوختكردنەوەی بۆچوونەكان.
لە راستیدا، یەكێك لە تەوەرە زۆر گرنگ و بایەخدارەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، دۆسێی نەوت و گازە. بەو هۆیەشەوە زۆرترین بۆچوونی جیاواز و هەندێكجار پێچەوانەی یەكتریشی لەخۆگرتووە، ئەمەش وایكردووە لە ساڵی 2007 ەوە بۆ ئێستا هەر لە چوارچێوەیەكی داخراودا بخولێتەوە.
ئێستا قۆناغێكی تری ئەو دۆسێیە دەستیپێكردووە، بەتایبەتی دوای دەرچوونی بڕیاری دادگای فیدراڵی كە چاوەڕوان دەكرێت هەردوولا دەست بەگفتوگۆ بكەن بۆ رێكەوتن لە بارەی جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگا. بێگومان هەموو ئەوانەش لە چوارچێوەی دەستووری ساڵی 2005ی عیراق كە ماف و ئیمتیازاتی باشی لەوبارەیەوە داوەتە هەرێم، دەبێت رێكەوتنەكەش هەر لەسەر ئەو بنەمایە بێت.
لە راستیدا، یەكێك لە گرفتەكانی بەردەم جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی لە بارەی دۆسێی نەوتی هەرێم ئەوەیە كە وڵاتەكە بەقۆناغی راگوزەردا تێدەپەڕێت. حكومەتی بەغدا كاربەڕێكەرە و دەسەڵاتەكانی رێكەوتن و بڕیاردانی سنووردار و بەرتەسكە، بارودۆخە سیاسییەكەش لە بارێكی گونجاودا نییە و مەسەلەی پێكهێنانی حكومەتی نوێ هەموو بابەتەكانی تری بەجۆرێك لە جۆرەكان پەكخستووە بەمەسەلەی نەوت و گازی هەرێمیشەوە.
لە بەرامبەردا، حكومەتی هەرێم تا ئێستا بەشێوەیەكی روون مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆسێیەدا ناكات (واتە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی). لە رووی میدیاییەوە جەختدەكاتەوە لەسەر رەتكردنەوەی بڕیارەكە بەوپێیەی گوایە بڕیارێكی سیاسییە، بەڵام لە رووی ئیداری و یاساییەوە هەنگاو دەنێت بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتە كاربەڕێكەرەكەی مستەفا كازمی.
ئەمە جگە لەوەی كە هەرێم ژمارەیەك گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیاكاندا كردووە بۆ بەرهەمهێنان و هەناردەكردن و فرۆشتنی نەوتەكە كە پێویستی بە وردبوونەوە و پێداچوونەوەی زیاتر هەیە نەك بڕیاری خێرا و سەرپێی، كە رەنگە دواجار ببێتە مایەی ئاڵۆزتركردنی دۆسێكە نەك چارەسەركردنی كە ئامانجی سەرەكی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵییە.
بەڵام ئەوەی هەموان لەسەری كۆكن ئەوەیە كە پێویستە ئەو بابەتە یەكلایی بكرێتەوە و ئیتر دوانەخرێت، چونكە دەركەوت، هەتا دوابكەوێت لێكەوتەی خراپتری دەبێت، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەستە بەلایەنی ئابووری و چاكسازییە پێویستەكان لە كایەی ئابووریی هەرێمی كوردستاندا، كە واپێویست دەكات هەتا زووە كاری لەسەر بكرێت و هەوڵی چارەسەركردنی گرفتەكان بدرێت.
بێگومان یەكێكیش لە هاندەرە سەرەكییەكانی پێویستی یەكلاكردنەوەی ئەم دۆسێیەش دوایین راپۆرتی كۆمپانیای دیلۆیتی تایبەتی بە وردبینی فرۆشتنی نەوت و گازی هەرێمە لە ساڵی 2021دا كە خەڵكی كوردستان بەگشتی و كەسانی شارەزا و پەیوەندیداری تووشی نائومێدی كردووە، بەوەی هەرچەندە نرخی نەوت ماوەی چەند هەفتەیەكە لەسەروو 100 دۆلارە بەڵام هێشتا بارودۆخە ئابوورییەكەی هەرێم، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەستە بەمووچەوە، نەك پێشكەوتنی بەخۆیەوە نەبینیوە بەڵكو پاشەكشەی بەرچاوی كردووە.

وتارەکانی نوسەر