بە ئەنقەست شێواندنی مێژوو داستانی کۆڕێ بە نموونە

12:33 - 2022-04-12
جەمال ئارێز
697 خوێندراوەتەوە

ئاوەژووکردنەوەی مێژوو بۆخۆی جۆرێکە لە خیانەت جا مێژووی دوور بێت یان نزیک، هەرچەندە ئاوەژووکردنەوە و چەواشەکردنی مێژووی دوور بۆ میللەتێکی وەک ئێمە ئەگەری هەیە هەندێک جار پاساوێکی هەبێت لەبەرئەوەی مێژوویەکی نووسراوەی دیکۆمێنتکراومان نەبووە و زۆربەی لەلایەن مێژوونووسانی ژێر سایەی داگیرکەرانی کوردستانەوە تۆمارکراوە، یاخود لە زاری خۆرهەڵاتناسە بیانییەکانەوە نووسراوەتەوە کە بەم ناوچەیەدا گوزەریان کردووە یان  لە روانگەی بەرژەوەندیی و خواستی زلهێزەکانەوە نووسرابێتەوە و دواتر وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی کوردی رەنگە ئەوانەشیان لێ خستبێتەڕوو کە زیانی بۆ پەزەکانی خۆیان نییە، نەک هەموو وردەکارییەکانی، هەرچی خوێندەوارە کوردەکانیشە جگە لە گێڕانەوەی دەماودەم یان ئەو سەرچاوە بیانیانە، دیکۆمێنت و داتای مێژوویی ئەوتۆیان لەبەردەستدا نەبووە، بۆیە دەشێت پاساوی شێواندنی مێژووی دوور تاڕادەیەک چاوپۆشیی لێ بکرێت.
 گرفتەکە لێرەدا ئەوانەن کە مێژووی نزیک چەواشە دەکەن، لەکاتێکدا هەم مێژووەکە دوور نییە و بە نووسراو هەیە و هەم بەشێک لە کارەکتەر و بەشدارەکانی رووداوەکان خۆیان لە ژیاندا ماون و بە تۆماری دەنگی و رەنگی بەشێکی زۆر لە رووداوەکان دیکۆمێنت کراون، نەک ئێستا کە بۆ وەڵامدانەوە بەکاربهێنرێت، بەڵکو لە ساڵیاد و بۆنەی جیاجیادا ئەو داتا و زانیارییانە خراونەتەڕوو، بۆیە ئەوانەی مێژووی نزیک و دیکۆمێنتکراو چەواشە دەکەن قابیلی ئەوە نیین کە گوێ لە هیچ سەرد و گێڕانەوەیەکیان بگیرێت.

داستانی کۆڕێ
چەواشەکردنی خەڵک لە گێڕانەوەی  رووداوەکانی راپەڕین و داستانەکانی بەرگریی لە کاتی کۆڕەو، بووە بە حیکایەتی مێش لەلایەن سەرکردە و کادرانی پارتی و راگەیاندنی ئەو حزبەوە، هەموو ساڵێک لە ساڵیادی ئەو داستانەدا جگە لەوەی چەندین پێشمەرگە و فەرماندەی بەشدار لەو داستانەدا کە رۆڵی کارایان هەبووە، رووداوەکان بە بەڵگەوە دەخەنەڕوو، یاخود فەرماندە و پێشمەرگەی هێزەکانی ناو چوارچێوەی (بەرەی کوردستانی) ئەوکاتە کە نە یەکێتی بوون و نە پارتی راستیی رووداوەکان دەگێڕنەوە چ لە یادەکاندا یاخود لە کتێبی بیرەوەرییەکانیاندا، سەرباری ئەوەش بەراوردی کۆی ژمارەی شەهیدەکانی داستانەکە و ژمارەی شەهیدەکانی یەکێتی لەو داستانەدا باشترین گەواهیدەرن لەسەر خاوەندارێتی راستەقینەی داستانەکە.
لەهەموو ئەوانەش چەواشەکارانەتر، هەندێکجار کەسانێک دێن قسە لەسەر ئەو داستانە دەکەن کە ئەسڵەن لەو کاتەدا یان لەدایک نەبوون، یاخود تەمەنی خوێندکاریشیان نەبووە نەک پێشمەرگایەتی.

هەڵمەتی رەتکردنەوەی چەواشەکاریی
ئەوەی ئێستا مایەی دڵخۆشییە، ئەوەیە کە میدیاکانی یەکێتی بەشێوەیەکی چڕ و پڕ و بە خیتابێکی یەکگرتووانە لەو چەواشەکارییە هاتوونەتە دەنگ و بەبێ وەڵامدانەوەی چەواشەکارییەکانی پارتی کە پارچە کاغەزێکی نووسراو یان گرتە ڤیدیۆییەکیان بەدەستەوە نییە تا ئەو چەواشەکارییەی پێ پشتڕاست بکەنەوە، بەڵام هەموو میدیاکانی یەکێتی بە بڵاوکردنەوەی دیکۆمێنتە نووسراوەکانی ئەو رۆژگارە و گرتە ڤیدیۆییەکان و پەرەگرافی ناو کتێبی بیرەوەریی سەرکردە و فەرماندەکانی بەشدار لەو داستانانەی رۆژانی راپەڕین و داستانەکانی بەرگریی لە ئەزمڕ و کۆڕێ و شارەزوور و بیتوێن، بە بەڵگەوە دەیسەلمێنن کە پشکی شێر لەو هەڵمەت و نەبەردییانە و قوربانییەکانی بەر پێشمەرگە و فەرماندە و سەرکردەکانی کام حزب دەکەوێت، چونکە ئێستا هەندێک بێئاگای داماو و نووسەری دەربار مێژوویەک چەواشە دەکەن کە زۆرێک لە کارەکتەرەکانی زیندوون!
دۆخی سیاسیی پارتی لەسەر ئاستی کوردستان و عیراقیش تووشی جۆرێک لە دابڕان بووە، چونکە لەناو کوردستاندا لەسەر بابەتی هەڵبژاردن هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان پێکەوەن بۆ گۆڕینی یاسای هەڵبژاردن و کردنی هەرێم بە چوار بازنەی هەڵبژاردن و خاوێنکردنەوەی تۆماری دەنگدەران و پێکهێنانی کۆمسیۆنێکی نوێ بۆ ئامادەکاریی بۆ هەڵبژاردن، بەڵام پارتی و میدیاکەی پێیانوایە هەموو لایەنەکان ونبوون و ئێستا ئەوان وەک براگەوەرە بەشوێنماندا دەگەڕێن. کە ئەمە نەک چەواشەکردنی مێژووی نزیکە، بەڵکو چەواشەکردنی دۆخی هەنووکەییە، جا قوڕ بەسەر مێژووی دووری نەنووسراو و  مێژووی نزیکی تۆمارکراو. 

وتارەکانی نوسەر