پەیوەندیی نێوان چین و روسیا بەرەو کوێ؟

10:04 - 2023-04-17
ئاری مەحمود قەرەداغی
224 خوێندراوەتەوە

لە چەند هەفتەی پێشوودا شی جین پینگ سەرۆکی کۆماری چین، سەردانی هاوتاکەی ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی روسیای کرد لە مۆسکۆ .  بۆ پلانی ئاشتی جەنگی  ئۆکرانیاش 12 خاڵی پێشکەش کرد.  لەمبارەیەوە بێرنارد بارچ زانای سینۆلۆجی لە پەیمانگای مێرکاتۆر بۆ لێکۆڵینەوە  لە بەرلین دەڵێت: ئێستا پەکین بەدوای چارەسەرێکدا دەگەڕێت کە بە تەواوی نکوڵی پوتین نەکات. لەهەمانکاتیشدا هەژموونی خۆی لە جیهاندا بەهێز بکات.

چی لە پشت سەردانە دۆستانەکەی چینەوە بوو بۆ روسیا ؟
شی جین پینگ سەرۆکی چین دەیەوێت بە سەردانەکەی بۆ روسیا چی بەدەستبهێنێت؟ بەشێوەیەکی رەسمی سەرۆکی چین لە مۆسکۆ دەیەوێت هاوبەشیی ستراتیژی لەگەڵ روسیا زیاتر چڕ بکاتەوە. ئامانج لێی «زیادکردنی هاوکاریی ئابووریی و بەهێزکردنی هەماهەنگی سیاسییە». ئەمەش ئەوەیە کە شی جین پینگ لە وتارێکدا لە رۆژنامەی رۆسیسکایا گازێتای روسیدا دەنووسێت. بەڵام کۆبوونەوەکە زۆر زیاترە لە تەنها هاوکاری باشتر. هەروەها سەردانی دەوڵەتی گرنگییەکی گەورەی رەمزی هەیە. شی جین پینگ یەکەم سەرۆک دەوڵەتی بەهێزە کە سەردانی ئەو وڵاتە بکات لە دوای هێرشی روسیاوە بۆسەر ئۆکرانیا. 

چین و جەنگی ئۆکرانیا
لە هەر حاڵەتێکدا پێویستە جەنگی ئۆکرانیاش جێگەی سەرنج بێت. مانگێک لەمەوبەر وەزارەتی دەرەوەی چین پلانێکی 12 خاڵی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە خستەڕوو. لەوەدا چین داوای ئاگربەست و دانوستان لە نێوان کیێڤ و مۆسکۆ دەکات. بەڵام ئایا چین دەتوانێت ببێتە نێوەندگیرێکی باش بۆ دانوستانی هەردوولای جەنگەکە؟.
هەندێک چاودێری سیاسیی خۆرئاوایی پێیان وایە، حکومەتی چین خۆی بە بێلایەن وەسف دەکات، بەڵام لە راستیدا بێلایەن نییە. تا ئێستا پەکین هێرشی مۆسکۆی بۆ سەر ئۆکرانیا ئیدانە نەکردووە. لە روانگەی چینییەوە، جەنگاوەری راستەقینە ئەمریکایە. لەبەرئەوە بەم هەڵوێستە چین ناتوانێت وەک نێوەندگیرییەکی بێلایەن لە جەنگی ئۆکرانیادا دەربکەوێت.

تا چەند پەیوەندیی نێوان چین و روسیا نزیکە؟ 
سەرەتای مانگی شوباتی ساڵێک لەمەوبەر، شی جین پینگ و ڤلادیمێر پوتین لە کۆبوونەوەیەکدا لە پەکین سوێندی «دۆستایەتی بێ سنوور»یان خوارد. زۆر شت هەیە کە هەردوو وڵات بەیەکەوە دەبەستێتەوە. مێژووی هاوبەش و نزیکیی جوگرافی و پەیوەندییە ئابوورییەکان هەیە. لە دوای جەنگی ئۆکرانیا، ئەمەی دووەمیان توندتر بوون. چیتر روسیا ناتوانێت کەرەستەی خاوی خۆی بە ئەوروپا بفرۆشێت. چین باز دەداتە ناو ئەو پێشێلکارییە. لە ساڵی رابردوودا قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات بە رێژەی لەسەدا 30 زیادی کردووە و گەیشتووەتە 190 ملیار دۆلار. لە کۆتاییدا: پەکین و مۆسکۆ روانگەیەکی هاوشێوەیان بۆ جیهان هەیە. هەردوو حکومەتەکە هەژموونی ئەمریکا وەک تاکە زلهێز دەخەنە ژێر پرسیارەوە و داوای سیستمێکی نوێی جیهانی و فرە جەمسەری دەکەن.


کێ زیاتر سوود لە هاوڕێیەتی وەردەگرێت؟
 سەرەڕای راگەیاندنی هاوڕێیەتی یەکتر، بەڵام دۆستایەتییەکی نایەکسانە. چین لە پێشەنگدایە، روسیا لە رۆڵی بچووکدایە. لە کاتێکدا چین کە گرنگترین هاوبەشی بازرگانی روسیایە، بەڵام پێچەوانەکەی راست نییە. ئەمریکا و ئەوروپا گرنگترین بازاڕی فرۆشتنن بۆ چین. زیادبوونی بازرگانی لەگەڵ روسەکان ئەوە ناگۆڕێت. جگە لەوەش ئابووریی چین لەچاو  ئابووریی روسیا دە هێندە زیاترە. بۆیە هەندێک چاودێری سیاسیی پێیان وایە کە روسیا لە مەترسیدایە تا زیاتر پشت بە چین ببەستێت.

پەیوەندییەکە بەرەو کوێ دەڕوات؟
 نزیکی لە روسیا وێنەی چینی لە خۆرئاوا لەکەدار کردووە. ئەمریکا و هاوپەیمانە خۆرئاواییەکانی هێندەی تر لە یەکتر نزیک بوونەتەوە. ئەمەش خواستەکانی چین بۆ نەزمێکی نوێی جیهانی تێکدەدات. سەرەڕای ئەمەش چین نایەوێت روسیا بێهیوا بکات، چونکە وڵاتەکە لە ململانێدایە لەگەڵ ئەمریکا بۆ زیاتر دەسەڵات و کاریگەری. ئەگەر چین بیەوێت لەم یارییە زۆرانبازییەدا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، پێویستی بە پشتیوانی روسیایە. بەڵام لە کۆتاییدا پەکین بە شێوەیەکی سەخت کێش و حیساب دەکات. کاتێک باس لە بەرژەوەندییەکانی خۆی دەکرێت، چین لە خۆیەوە نزیکترینە.


تا چەندە چین ئارەزووی ئاشتی لە ئۆکرانیا دەکات؟
 چین پێی خۆشە ئەگەر جەنگ کۆتایی پێ بێت، بەڵام بە هەموو نرخێک نا. پەکین بە دوای دەرچوونێکی روخساری رزگارکەردا دەگەڕێت بۆ ئەوەی روسیا لە دۆڕاوێکی تەواو دەرنەچێت. چونکە چین بەرژەوەندییەکی بەهێزی هەیە لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ روسیا و لاوازکردنی خۆرئاوا. هەربۆیە پەکین بە شێوەیەکی هێرشبەرانە پشتیوانی جەنگی دژ بە ئۆکرانیای نەکرد، بەڵکو بە بێدەنگیتر لە پاشخانەوە پشتیوانی جەنگی دژ بە ئۆکرانیای نەکرد.

 بەردەوام چین دەتوانێت سوود لە ئاشتی لە ئۆکرانیا وەربگرێت
چین حەز دەکات پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ روسیا زیاتر سەقامگیر بکات، بەڵام نایەوێت شتەکان لەگەڵ ئەوروپییەکان تێکبدات و رێگە نەدات پەیوەندییە زۆر سەختەکەی لەگەڵ ئەمریکا زیاتر پەرە بسێنێت. پەکین نایەوێت زیاتر کاریگەری لەسەر بێت لەو جەنگەدا کە دیارە روسیا تێیدا ون بووە. تەنانەت ئەگەر هیچ پاڵنەرێکی ئاشتی راستەقینە لە پلانی ئاشتییەوە دەرنەچێت، چونکە ئەوەی چین پێشنیاری دەکات بۆ ئۆکرانیا رەوا نییە.

 
چین لایەنگیری روسیا دەکات
ئەمەش هاوتایە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی چین لە رووی ئابووری و سیاسییەوە. لەم رووەوە روسیا بە تەحەدای خۆرئاوا تەواو بەسوودە بۆ چین. هەروەها چینییەکان سەریان سوڕما لەوەی کە روسیا حیسابێکی وەهای هەڵەی کردووە. ئێستا بە هیوای ئاشتییەکن کە لە سەرووی هەمووشیانەوە پوتین وەک کەسێک بە تەواوی رەت نەکرێتەوە. لای خۆیەوە روسیا لە هیوای ئەوەی کە چینیش بتوانێت لە رووی سەربازییەوە لایەنگری بکات، دەستبەردار نەبووە.

هەوڵەکانی ژاپۆن بۆ وەستاندنی جەنگی ئۆکرانیا
وڵاتانی تر چی لەو بارەیەوە دەکەن، وەک ژاپۆن کە سەرۆک وەزیرانی پێش ماوەیەک سەردانی ئۆکرانیای کرد؟ ئەمە هەنگاوێکی سەرسوڕهێنەر و زۆر کاریگەرە لە لایەنی ژاپۆنەوە بۆ دزینی نمایشەکە لە چین و ئاماژەدان بەوەی کە وڵاتانی دیکەش دەتوانن لێی نزیک ببنەوە و رەنگە بۆ خۆرئاواش تۆکیۆ بەدیلێکی باشتر بێت لە پەکین. وڵاتانی ئەفریقا و ئاسیا و ئەمریکای باشوور زیاتر درک بەوە دەکەن کە مەترسی گەورەش هەیە لە پەیوەندییەکی زۆر نزیک بە چینەوە لە رووی سیاسییەوە.

* سویسرا / زویرخ
سەرچاوەکان:
//www.tagesanzeiger.ch
 www.euronews.com/ 
/www.tagesschau.de/ausland/

ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی روسیا                 شی جین پینگ سەرۆکی چین

وتارەکانی نوسەر